#حسێن نازم بەگ# 1870-1932 و کۆنگرەی ئاشتی ساڵی 1919 لە پاریس
نووسینی و ئامادەکردنی: #عومەر مەعروف بەرزنجی#
گەورە پیاو و ڕووناکبیر و ڕۆژنامەنووسێکی کارامەی وەک خوالێخۆشبوو (حسین نازم بەگ 1870-#05-05-1932#)ی ڕاوێژکار و دڵسۆزی مەلیکی کوردستان، دۆستی ئازیز و بە ئەمەکی مامۆستایانی خوالێخۆشبوو (#ئەمین زەکی بەگ# و #تۆفیق وەهبی# و #ڕەفیق حیلمی# و #پیرەمێرد#) و چەندین کەسایەتی تر، خاوەن و نووسەری مێژووی (بابان) و (ماوەت) و دەیان نووسینی سیاسی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی (ئومێدی ئیستقلال) و (ژیان) و تۆمارێکی کۆک و پۆشتەی تێکۆشان و دەربەدەری و دڵسۆزی لەپێناوی نەتەوەکەیدا، ئەمانە و زۆری تریش کەرەستەی لەبارو زیندوون بۆ لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاوی سەنگین و تەرخانکردنی پەرتووکێکی تایبەتی. دیارە لێرەدا ئەو مەودایە نەڕەخساوە کە بتوانرێ تیشکێکی سەرتاپاگێڕ بهاوێژرێتە دووتوێی مەبەستەکان، بەڵام ئەو ڕێیەش نەبەستراوە کە ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی پیادا گوزەر بکەین سەبارەت بە دەوری شایستەی (حسێن نازم بەگ)، ساڵی 1919 لە ئامادەکردن و نووسینی نامە و ڕێکخستنی مەزبەتەی ناوچە کوردییەکان بۆ کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس.
خوالێخۆشبوو (شێخ ڕەئوف) کورە گەورەی شێخ مەحمودی مەلیک لە یاداشتە دەستنووسەکەیدا دەڵێت:
(ژەنەراڵ #شەریف پاشای خەندان# پەیوەندی بە شێخ مەحمودەوە هەبوو، داوای لە شێخی نەمر کردبوو کە ماف و دەسەڵاتی بدرێتێ کە بەناوی کوردەوە لە کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس دا گفتوگۆ بکات، باوکم بۆ ئەو مەبەستە جگە لە مەزبەتەکانی خوارووی کوردستان عیزەت مەدفەعی و عەبدوڵڵا ئاغای حاجی حەمە سەعیدیشی ناردبوو بۆ ئێران، تا ئەو مەزبەتەیە بە کوردەکانی ئەوێش مۆر بکرێن و هەموو مەزبەتەکان بە کۆمەڵ بنێردرێن بۆ شەریف پاشا لە پاریس، لەکاتی خۆیدا حسێن نازم جۆری مەزبەتەکانی بۆ باسکردم کە بە دەستهێڵی خۆی بە تورکی یان فارسی ئامادەی کردبوو، کە مەزبەتەکان مۆرکران و کۆکرانەوە هەمووی درایە دەست ڕەشید کابان و سەید ئەحمەدی بەرزنجی، بەڵام ئینگلیزەکان بەمەیان زانی و فەڕەنسییەکانیان ڕاسپارد کە ڕێگە نەدەن بە ڕەشید کابان و سەید ئەحمەد کە لە ڕێگەی بەیروتەوە بگەنە پاریس، لە حەلەب لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە گیران و بە خۆیان و مەزبەتەکانیانەوە نێرران بۆ بەغدا و درانە دەست ئینگلیزەکان، ئەوانیش ڕەشید کابانیان بەرداو سەید ئەحمەدیان ئاوارە کرد بۆ دوورگەی هەنجام لە خلیج).
سەرنج:
1 -شێخ ڕەئوف لە یادی نەماوە کە مەزبەتەکان بە فارسی نووسراون یان بە تورکی.
2 -شێخ لەتیف (1917-#12-05-1972#) لە یاداشتە چاپکراوەکەیدا باسی ئەم مەزبەتانە دەکات.
3 -پەرتووکی: #شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان؛ بەرگی 02#ی #محەمەد ڕەسوڵ هاوار#، چاپی لەندەن، 1991. [1]