ڕەنگدانەوەی ڕووداوی مێژوویی لە ڕۆمانی کوردیدا
نووسینی: #هەرێم عوسمان مەعروف#
نامەیەکی ماستەرە (ئیبراهیم عەبدولڕەحمان مەحموود جاف) بە سەرپەرشتی (د. فواد حسێن ئەحمەد) ساڵی (2004) پێشکەشی بەشی کوردی، کۆلێجی پەروەردەی -ئیبن ڕوشدی زانکۆی بەغدادی کردووە.
نامەکە خستنەڕووی چەمکی ڕۆمانی مێژووییە، کە ڕووداوە مێژووییەکان لەناو ڕۆماندا ڕەنگیان داوەتەوە و ڕۆماننووسان لە چوارچێوەی جیاواز و بەتایبەت ڕیالیزمی مێژوویی ئەو ڕووداوە مێژووییانەیان بەرجەستە کردووە. ڕۆماننووسانی کورد پشتیان بە مێژووی کورد بەستووە و بە خەیاڵێکی هونەری توانیویانە ڕاستی ئەو ڕووداوانە داڕێژن، بەڵام زۆرتر پشتیان بە مێژوو تا خەیاڵ بەستووە، بۆ ئەوەی بە گێرەشێوێنی ڕاستی مێژوویی تاوانبار نەکرێن. سنووری نامەکە تەنیا ڕۆمانەکانی سەدەی بیستی وەرگرتووە و لە چوار بەش پێک دێت و میتۆدی وەسفیی شیکاریشی بەکار هێناوە.
بەشی یەکەم، لە سێ تەوەردا سەرەتای سەرهەڵدانی ڕۆمانی کوردی و ڕۆمانی مێژوویی و جیاوازیی ڕۆماننووس و مێژوونووس خراوەتە ڕوو. ڕۆمان لە ئەوروپا بە شار و چینی ناوەڕاستەوە گرێدراوە، ئیشی ڕۆماننووس نیشاندانی ژیانی خەڵک بووە لە چوارچێوەیەکی میسالی و خەیاڵیدا، لەبەر ئەوەی ئەدەبی هەر نەتەوەیەک ڕەنگدانەوەی باری ژیانی ئابووری و شارستانی و کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی ئەو نەتەوەیەیە، لەبەرئەوە هەموو ئەدەبێک مۆرکی نەتەوەیی خۆی هەیە. ئەدەبی کوردی وەک هەر ئەدەبێکی دیکە بە شیعر دەستی پێ کردووە، پەخشانیش لەگەڵ ڕۆژنامەگەری کوردی سەر هەڵدەدات و سەرەتاش چیرۆکی هونەری و دواتر ڕۆمان دەبن بە میوانی ماڵی زمانی کوردی. (مەسەلەی ویژدان 1927یا 1928) لەگەڵ ئەوەی بۆچوونی جیاواز لەسەر ڕۆمانبوونی هەیە، بەڵام توێژەر بە یەکەم ڕۆمانی کوردی دادەنێت. هەرچی ڕۆمانی (نازدار یان کچی کورد لە لادێ-1936) یەکەم بەرهەمە ڕۆماننووسە زاراوەی ڕۆمانی بەکار هێنابێت، هەرچەند هەندێک توێژەر بە ڕۆمانی نازانن و شڤانی کورد وەک یەکەم ڕۆمانی کوردی دەناسێنن. ئەم هەوڵانە هاوشان و هاوکاتی ڕۆماننووسینە لای نووسەرانی عەرەبی عێراقی. دیارە ئەم دەروازەیەی توێژەر دووبارەکردنەوەی هەمان بۆچوونەکانی نامەکەی ئیبراهیم قادر محەمەدە و خۆی هیچ زیادەیەکی نەخستۆتەسەر، بەڵکو کۆپی کردووە و لە زۆر شوێن زانیارییەکانی بەبێ ئاماژەدان بە نامەکە گواستۆتەوە!. دواتر باسی چەمکی ڕۆمانی مێژوویی دەکات، کە ڕۆمانێکە لە پێناو سەرلەنوێ داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو، یاخود خەلقکردنی سەردەم و کۆمەڵ و جیهانێکە لە بیر و هەستی ڕابردوو هاوکات بایەخ بە خودنامەی کەسایەتییەک یان چەند کەسایەتییەک دەدات. کاتی ڕۆمانی مێژوویی هەمیشە دەکەوێتە بەر لە کاتی ڕۆماننووسەوە، واتە ڕۆماننووس نابێت زۆر خۆی لە قەرەی مێژووی هاوچەرخ بدات. والتەر سکۆت لە ڕۆمانی ئەوروپیدا ڕۆڵێکی چالاکی لە دامەزراندنی ڕۆمانی مێژووییدا هەبووە، هاوکات سەدەی نۆزدە بە گەشەی ئەم جۆرە ڕۆمانە دادەنرێت. ڕۆمان و ڕۆمانی مێژووییش لە وڵاتانی عەرەبیدا درەنگ سەری هەڵداوە، لە عێراقیشدا درەنگتر، سەبارەت بە کوردیش ئەوا ڕۆمانی مێژوویی درەنگ سەری هەڵدا، بەهۆی هەوڵەکانی #محەمەد موکری# و #خوسرەو جاف# و #بەختیار عەلی# توانرا ڕۆمانی مێژوویی بنووسرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی هەوڵەکانی #عەرەبی شەمۆ# و #ڕەحیمی قازی# . دیارە ڕۆماننووسانی کورد بایەخیان بە ڕووداوەکان داوە، بەڵام وەک ڕۆمانی مێژوویی بەشێوەی لاوەکی پابەندی نووسینی ئەم جۆرە ڕۆمانە بوون، چونکە خودی ڕۆمانیش درەنگ سەری هەڵدا.
[1]