ناونیشانی پەرتووک: بەڵقیس؛ شاژنەکەی سەبەء
ناوی نووسەر: نوڕدان داملە
ناوی وەرگێڕ: هانا ماجید
دەزگای پەخش: #ناوەندی ڕێنوێن#
ساڵی چاپ: 2024
ژمارەی چاپ: یەکەم
من بەڵقیس، کچی ئەو پیاوەم کە لە ڕێی منەوە بەردەوامیی بە فەرمانڕەواییەکەی دا و ھەمووانی فێر کرد کە ناو لە ڕێی کوڕەوە نا، بەڵکوو لە ڕێی منداڵی ڕەسەن و سەنگینەوە بەردەوام دەبێت! بەڵام ئێوە لە کوێوە من بناسن! چۆن ناوی ئەو شاژنەی سەبەئتان پێ بگات کە زۆر پێش ئێوە ژیاوە، من بەڵقیسی شاژنی سەبەئم و ئێوەی سەردەمانی داھاتوو نەک ھەر لەنێو کۆشکی شانشینەکەمدا، بەڵکوو لەنێو کۆشکی دڵیشمدا میوانداری دەکەم و سندوقی دڵم بەتەنیا بۆ ئێوە دەکەمەوە... بفەرموون ئەی ڕۆحگەلی عەزیز، بفەرموون دۆستان، وەرن لەگەڵم، وەرن بۆ مەملەکەتە بەھەشتئاسا شاراوە و نەبینراوەکەم، وەرن بۆ سەبەدەکەم، بفەرموون، بەخێر بێن بۆ بەھەشتەکەی دڵم.
چیرۆکی سولەیمانی پادشای ئۆرشەلیم و بەڵقیسی شاژنی سەبەء داستانێکی ھەڵستانەوە و چیرۆکێکی ژیانەوە بوو کە بە درێژایی ژیان دەگێڕدرایەوە.
تا ئەو ڕۆژەی ڕۆحە ھەبوو و ھێشتا لەدایکنەبووەکانیش لەژێر قوببەی ئاسمانی شیندا ژیانیان بکردایە، یادی ئەم چیرۆکە پیرۆزەیان بەزیندوویی دەمایەوە.
لەبەر قاپیی ھەرکەسێکدا پەپووسڵێمانەیەک ڕاوەستابوو، ھەرکات وەختی دەھات، بەئەسپایی ئەو نامەیەی لە سولەیمانەوە وەری گرتبوو دای دەنا و حەقیقەتی لەبەر قاپیی دڵیدا جێ دەھێشت و بانگێشتی دەکرد لە مانای بیسمیلا حاڵی ببێ!
بەڵقیس وتی: تێگەیشتم، مرۆڤ تا بەرگی 'منێتی' نەدڕێنێ، ناگات بە حەقیقەت!
عەرز و عەرش و ھەرچیی گیانلەبەری شانشینەکەمە لە خزمەتی ئێوەدایە، بەخێر بێن بۆ ئیمپراتۆریەتەکەم... بفەرموون میوانانی عەزیز! لە کونجێکی دڵتاندا بزانن کە شاژنەکەی سەبەء گرفتاری عەشقێکی جودا بووە!
دەزانم... دەزانم دەتانەوێت بمناسن، من شاژنی بەختیاوەری سەردەمێکم، کە ژن تێیدا ڕۆژی ڕووناکی نەدیوە، وەک نەوەیەکی توبا ئەرکی سەر شانم ئەوە بوو، ئەو ئەمانەتەی ڕادەستم کراوە بیپارێزم.[1]