طوبی لمن کە ڕۆحی فیدای ئەو نیگارە کرد
طُوبى لِمَنْ کە ڕۆحی فیدای ئەو نیگارە کرد
خۆی بادەنۆشی نەشئەیی ئەو چاوخومارە کرد
طُوبى لِمَنْ کە وا سەر و ماڵی بەڕاستی
شاباشی خاکی ئەو بەر و بووم و دیارە کرد
طُوبى لِمَنْ کە وا بە ئومێدی قودوومی یار
برژانگی گەسکی جادەیی ئەو شەهسەوارە کرد
خۆزگەم بەوەی کە پۆڕی دڵی خۆی بە سەد نیاز
نێچیری ئەو عوقابی مەلایک شکارە کرد
خۆزگەم بەوەی کە موددەتی عومری بە نەقدی جان
باخی نوعووتی شاهی مەدینەی ئیجارە کرد
خۆزگەم بەوەی کە وا لە پەنای ئەو شافیعەدا
قازانجی لەو نەمام و گوڵ و لالەزارە کرد
قوربانی ئەو جەنابە کە بریانیێکی بەرخ
ئیزهاری زەهری خۆی وەکوو بوو بەو قەرارە کرد
بۆی بوو بە شیر و شەکری شیفابەخشی جاویدان
سوودێکی وای لە چەشنی ئەو زەهری مارە کرد
بەیزا بە ئەمری ئەو بوو کە وەستا دەقیقەیێ
دوو لەت بە دەستی ئەو بوو کە مانگی ئیشارە کرد
ئەو بوو کە وەک مەلەک شەوی ئەسڕا لە ئاسمان
یەزدان تەوافی مەقدەمی بەو حەوستارە کرد
ئەو بوو کە یەک چتیر و مەنێ جۆ لە خەندەقا
ڕۆژی غەزا کیفایەتیە و یەک هەزارە کرد
تەسبیح و ناڵەی ئەو بوو کە کردی بە دار و بەرد
ئەو بوو قسەی بە ئاسک و ئەو سووسەمارە کرد
ئیعجازی ئەو بوو ساریە بیستی قسەی عومەر
مومتازی ئەو بوو ڕیفعەتی بەو یاری غارە کرد
بۆ چی نەبێ بە ساحیبی نوورەینی نەییرەین
عوسمان کە بۆنی دووگوڵی لەو نەوبەهارە کرد
یادی برۆی ڕەسووڵی خودا بوو بە یاوەری
حەیدەر کە فەتحی خەیبەری بەو ذُوالفَقارە کرد
بڕوانە چۆن بە ڕوتبەیی مِنّا خەڵات کرا
سەلمان کە هاتوو بەیعەتی بەو تاجدارە کرد
شافیع کە ئەو بێ، ئەهلی کەبائیر چ باکییە
با هەر بڵێن کە تێغی گونەﮪ جەرگی پارە کرد
شوکری خودا کە ڕستی نەجاتی لە مل کرا
بۆ پاس ئەوەی کە خۆی بە سەگی ئەو هەوارە کرد
کەعبەی نەجاحی هەردوو سەرای هات بە پیرەوە
هەرکەس کە چەشنی ڕابیعە ڕووی لەو تەلارە کرد
بێخود بەقیعی غەرقەدی والایە مەرقەدی
حاجی ئەگەر مەزاری لەسەر گردی یارە کرد
دنیا ژنێکە فاحیشە و پیاوکوژ و گڵاو
وای لەو کەسەی کە دێڵە سەگی وای مارە کرد
سەرچاوە: #دیوانی بێخود#
هۆزانەوان: #بێخود#. [1][2]