ئەو شەوەی بڕیارمدا
#شەهلا فەیزوڵڵا#
چەند ڕۆمانێکی لەسەر مێزی ناوەڕاستی ژووری میوانەکە دانا، سەری بەرزکردەوە و سەیرێکی کاتژمێرەکەی بەرانبەری کرد (هێشتا کاتژمێرێکی ماوە میوانەکان بگەن) ئەمەی لەبەر خۆیەوە وت و دەستی برد یەکێک لە پەرتووکەکانی هەڵگرت، لەسەر قەنەفەکە دانیشت. یەخەی چاکەتە خورییەکەی زیاتر هێنایەوە یەک و کەمێک دەستی لە تینی زۆپاکە نزیک کردەوە.
گڤەگڤی ئەو بایەی خەریکبوو شۆڕەبییەکانی حەوشەکە لە ڕەگەوە دەربهێنێت بردیەوە بۆ نێو یادەوەری ئەو شەوەی، لە ژووری نووستنەکە و لەسەر جێ خەوەکەیان ڕاکشابوون، دەنگی یەکلەسەریەکی پێکدادانەوەی پەنجەرەیەک پڕ بە ماڵەکە بوو، خێرا ڕاپەڕی خۆی دەیزانی دەنگەکە لە کوێوە دێت، ڕاست ڕۆیشت بۆ ناندینەکە، دەنگی بۆڵەبۆڵی هاوسەرەکەی تێکەڵ بە گڤەگڤی ڕەشەباکە و تەقەتەقی پەنجەرەکە ببوو: (دیسان پەنجەرەیەک باش دانەخراوە، دەڵێی بۆگەنمان کردووە، بەم زستانەش وازناهێنیت هەموو بەیانییەک دەڕۆیتە دەرەوە هەرچی پەنجەرە هەیە لەم ماڵەدا دەیخەیتە سەرپشت.) ڕەشەباکە خەریکبوو تاکی پەنجەرەکە لەبن دەربهێنێت، هێندە بەخێرایی ڕۆیشت بەرەو لای، خۆی کێشا بەمێزی نان خواردنەکەدا، کەوتنە خوارەوەی پەرداخێکی شووشە و پەرش و بڵاوبوونەوەی پارچەکانی بەو ناوەدا هۆکارێک بوو دیسان هاوسەرەکەی لە جێگەی خۆیەوە هاوار بکات: (ئەوە هەم چی شکا؟) بێ گوێدانە قسەکانی بەوریاییەوە بەناو وردە شووشەکاندا هەنگاوی نا و تاکی پەنجەرەکەی خێرا داخست. لای خۆی خەمی منداڵەکانی بوو نەوەک لە خەو ڕاچڵەکابێتن کەچی دەنگی پڕ بە ماڵەکەبوو: (هیچ نەبێت گەر بکەوتایەتە سەر فەرشەکە نەدەشکا و ئاوا زرمەی نەدەهات، جوان کۆی کەرەوە خوام لەو خوایە پێی یەکێکمان بریندار بێت. ئاخر خەڵک هەیە بەم زستانە فەرش بشوات؟!)
کەمێک بەدیار پارچە شووشە شکاوە پەرشوبڵاوەکانی سەر زەویەکەوە وەستا، نەیدەزانی لە کوێوە دەستپێبکات، پاشان بەبێدەنگی و لەسەرخۆ دەستی کرد بە کۆکردنەوەیان. بەدەم کۆکردنەوەی شووشەکانەوە... دڵ و خەیاڵیشی لای نووسینەکەی بوو، بگەڕێتەوە سەری پارچە شووشەیەک چزەی لێ هەستان چەند دڵۆپە خوێنێک وەک دەنکی هەنار لە پەنجە کەڵەی دەستییەوە ڕژا، گوێی نەدایە، برین پێچێکی تێوە پێچا و بەردەوامبوو لە پاک کردنەوەی زەوییەکە، لەپەنا قاچێکی مێزەکەدا دەفتەر و پێنووسەکەی هەڵگرتەوە کە هەواکە خستبوونیە خوارەوە .
لەسەر کورسییەک دانیشت، دەفتەرەکەی کردەوە و ئەو لاپەڕەیەی چەند کاتژمێرێک لەوە و پێش نووسیبووی بەچاو خوێندییەوە: (ئەو پەرتووکەی لەسەری نووسرابوو (هەزار و یەک شەو) هەر کاتێک بە دەستی باوکییەوە دەیبینی سەرقاڵی خوێندنەوەیەتی خێرا خۆی دەخزاندە باوەشییەوە و بەنازێکەوە داوای گێڕانەوەی چیرۆکێکی لێ دەکرد، ئەویش هەرجارە و چیرۆکێکی بۆ دەخوێندەوە تاوەکوو خەوی لێدەکەوت، دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا وەکوو دیاریەکی بەنرخ و پڕ لە یادگاری باوکی لای خۆی هەڵیگرتووە و بەیادی ڕۆژانی منداڵییەوە جارجارە دەیخوێنێتەوە، هەر ئەو پەرتووکەش ببووە سەرچاوەی فراوانبوونی خەیاڵەکانی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەونەکانیشی پەلکێشی دەکرد بۆ نێو دنیایەکی تر چەشنی چیرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی شەهرەزاد.)
لە لاپەڕەیەکی ترداو لەگەڵ جارجارە لابردنی ئەو تاڵە قژانەی کە دەهاتنە نێو چاوانی بەشێکی تری چیرۆکەکەی نووسی: (یەکێک لەو یارییانەی سەردەمی منداڵی کە لەگەڵ کچۆڵەکانی هاوڕێیدا دەیکرد یاری دۆزینەوەی ڕەنگەکان بوو، هەر جارە و ڕەنگێکیان هەڵدەبژارد و بە یەکەوە بەدوایدا دەگەڕان کێ زووتر بیدۆزبایەتەوە ئەو براوە دەبوو، دەمێک بوو دەیویست ئەو ڕۆژانەی لە حەوشەی ماڵی خۆیان یارییەکەیان دەکرد بکاتە پارچە هۆنراوەیەک یان چیرۆکێک، ئەو ڕەنگەی زووتر دەدۆزرایەوە ڕەنگی ڕەش بوو، چونکە ڕەنگی زۆربەی جلی سەر تەنافەکەیان بوو کە لە دوای شەهید بوونی باوکییەوە تاکە ڕەنگبوو دایکی و نەنکی دەیانپۆشی.)
لە دڵەوە ئەوەی نووسی خوێندیەوە، پاشان بە خەندەیەکەوە چاوێکی خێرای خشاند بە لاپەڕە نووسراوەکانی تردا، ئەو نووسینانەی کە زادەی خەیاڵی بوون بەدەم قاپ شتن و گسک دان و پەنجەرە سڕینەوە، ئەو کاتەی پارووی دەکرد بەدەمی منداڵەکەیەوە، لەکاتی چێشتکردن و چا لێنانەوە، لەگەڵ دانەدانە ئەو جلانەی هەڵیدەخست بە تەنافەوە، زۆرجار بە ڕۆژ لە دەرفەتێکدا وەکوو سەرەقەڵەمێک دەینووسی بۆ ئەوەی بیری نەچێتەوە و دوای کۆتایی هاتن بە ئەرکەکانی ڕۆژی، شەوەکەی لە کەشێکی هێمن و ئارامدا دانیشێت و بینووسێتەوە، بەڵام ئەو نیگا خۆپەرستەی بە دیارییەوە دەوستا بیبات بۆ ژووری نووستنەکە ڕیسەکەی لێ دەکردەوە بەخوری.
دیسان دەنگی هاوسەرەکەی هات: (ئەرێ چیت کرد؟ شووشە کۆکردنەوەیەک ئەوەندەی دەوێت؟ دەزانم دیسان خەریکی نووسینی، ئەمە چی بوو نەبڕایەوە؟ ئاخر دەتەوێت ببی بەچی تۆ و نووسینیان کەی وتووە؟)
بە بیستنی زەنگی کاتژمێرە گەورەکەی بەرانبەری سەرێکی هەڵبڕی و لەبەرخۆیەوە وتی: ئێستا ئیتر کاتی هاتنی میوانەکانە. پێش ئەوەی پەرتووکەکەی دەستی داناتەوە لە جێگاکەی خۆی جارێکی تر لەبەرگەکەی ڕوانییەوە و چەند جارێک دەستی هێنا بەسەر ناوەکەی خۆی و ئەو ناونیشانەی بۆی هەڵبژارد بوو کە بەخەتێکی گەورە لەسەری نووسرابوو (ئەو شەوەی بڕیارمدا) زەردەخەنەیەک کەوتە سەر لێوەکانی و لەبەرخۆیەوە وتی: نووسینی ئەم ڕۆمانەم ئاڵنگاری ڕابردوویەکە پڕبوو لە کۆمەڵێ وشە دەتوانێت مرۆڤ بڕوخێنێت و درووستی کاتەوە. پەرتووکەکەی گەڕاندەوە جێگاکەی خۆی و نێو پەرتووکەکانی تری کە لەسەر مێزەکە داینابوو و پاڵی دایەوە لە چاوەڕوانی گەیشتنی میوانەکانی کە چەند ڕۆژنامەنووسێک بوون دەیانویست وەکوو ژنێکی سەرکەوتوو دیدارێکی لەگەڵدا ساز بدەن. لەو کاتەدا زەنگی دەرگاکە لێیدا...[1]