سینا سۆما
وەزیری ناوخۆی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# دەڵێت لە ئێراق شتێک نییە بەناوی حکومەتی ناوەندی، لە هەرێمی کوردستانیش هیچ گرووپێکی تیرۆرستی نییە.
#ڕێبەر ئەحمەد،# وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، #17-04-2024# ) لە پانێڵێکدا لە دیداری سلێمانی وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە و جەختی کردەوە لەوەی هیچ گرووپێکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان دا نییە. لە ناوچە سنوورییەکانیش هیچ گرووپێکی تیرۆریستی نییە. هەندێک وڵات دەستەواژەی تیرۆر بۆ هەندێک گرووپ بەکاردێنن و ئەوەش سەرچاوە دەگرێت لە بۆچوون و سیاسەتی وڵاتەکان.
دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی لە ڕۆژانی 17 و 18ی نیسان بەڕێوەدەچێت و ئەمڕۆ کاژێر 10:00 دەستی پێ کرد. بەشداربووانی دیدارەکە تیشک دەخەنە سەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و سیاسییەکان، لێکۆڵەران و چالاکڤانان دەرفەتی ئەوەیان دەبێت گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەبارەی پرسە جیاوازەکانەوە بکەن.
یەکێک لەو بابەتانەی ئەمڕۆ ڕێبەر ئەحمەد لە پانێڵەکەدا جەختی لێ کردەوە کێشەی کورد بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتی کێشەیەک بە ناوی کێشەی کورد هەیە، بە ناوی کێشەی کوردستان. کەس ئامادە نییە خۆی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە بدات. ئێمە وەکوو خەڵکی کوردستان دەبێت زۆر بوێرانە و دلێرانە کێشەی خۆمان ببەینە پێش.
دەقی بەشێکی پرسیار و وەڵامەکانی ڕێبەر ئەحمەد لە پانێڵەکەدا:
پرسیار: هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی زۆر گرنگە، هاوکات گوشارێکی زۆریشی لەسەرە بەتایبەتیی لەسنوورەکانی لەگەڵ هەر سێ وڵاتی دراوسێدا بەهۆی جموجووڵی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بە ڕێکخراوی تیرۆریستی دەناسرێن. چۆن دەتوانن ئەم گوشارانە چارەبکەن؟ ئایا دەتوانن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان هاوئاهەنگی بکەن؟
ڕێبەر ئەحمەد: پێش هەموو شتێک دەمەوێ شتێکتان بۆ ڕاست بکەمەوە. بە پێی دەستووری ئێراق شتێک نییە بەناوی حکومەتی ناوەندی؛ بە پێی دەستوور، حکومەتێکی فیدراڵی هەیە؛ دەستەواژەی ناوەند لە هیچ شوێنێک لە دەستووردا نەهاتووە و داوا لە هەموو سیاسییەکانی ئێراق، هەرێمی کوردستان و هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەم، کە خۆیان لە بەکارهێنانی دەستەواژەی حکومەتی ناوەندی بپارێزن، چونکە ئەم دەستەواژەیە لە دەستووری ئێراقدا نییە. دەستووری ئێراق دەڵێت 'ئێراق لە حکومەتێکی فیدراڵی، حکومەتە هەرێمییەکان و حکومەتی پارێزگاکان پێکدێت'؛ بۆیە بەکارهێنانی دەستەواژەی ناوەندی لە هزرێکی ناوەندییەوە دێت، کە ئەمە کێشەیەکی هەرە گەورەی ئێراقە و بەدەست هزری ناوەندیێتییەوە دەناڵێنێت.
باستان لەوە کرد لە هەرێمی کوردستان گرووپی تیرۆریستی هەن؛ دەمەوێت ئەوەشتان بۆ ڕاست بکەمەوە. هیچ گرووپێکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان دا نییە. لە ناوچە سنوورییەکانیش هیچ گرووپێکی تیرۆریستی نییە. هەندێک وڵات دەستەواژەی تیرۆر بۆ هەندێک گرووپ بەکاردێنن و ئەوەش سەرچاوە دەگرێت لە بۆچوون و سیاسەتی وڵاتەکان. ئێمە، لە ئێراق و هەرێمی کوردستان هیچ یەک لەو ڕێکخراوانە وەک...
پرسیار: ئەو گرووپانە کێن بەردەوام هەڕەشە دەکەن و هەمیشە دەبنە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوانەوە لە باکوور بێت یان ڕۆژهەڵات، بۆردوومان و مووشەکباران بکرێت؟ کێن ئەوانەی هەمیشە هێرشی سەربازی دەکەن و ئاسمان پێشێل دەکەن؟
ڕێبەر ئەحمەد: کێشەکە ئەوەیە؛ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کێشەیەک بە ناوی کێشەی کورد هەیە، بە ناوی کێشەی کوردستان. کەس ئامادە نییە خۆی لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەو کێشەیە بدات. ئێمە وەکوو خەڵکی کوردستان دەبێت زۆر بوێرانە و دلێرانە کێشەی خۆمان ببەینە پێش، هەروەک چۆن ڕێز لە کێشەی هەموو میللەتان دەگرین، دەبێت کێشەی خەڵکی کوردستانیش چارەسەر بکرێت. کۆمەڵێک حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئێراق بوون، پێش 2003 و پێش 1991یش. ئەوان لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە ناویان لێدەنرێت تیرۆریست، بە لای ئێمەوە ئەوانە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنن. بە نیسبەت پەکەکە، لاولاوە وڵاتی تورکیا بە پێی بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناویان لێناون تیرۆریست، بەڵام لە ئێراق تاوەکوو ئێستا ئەم حیزبە وەک تیرۆریست نەناسراوە.
هەرچەندە ئێمە ڕازی نین لە بوونی هیچ یەکێک لەو گرووپە چەکدارییانە بە ناوی گرووپی چەکدار، حیزبی چەکدار لە خاکی ئێراق، لە خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەر لایەنێک ئازادە چ ناوێک لەو گرووپە چەکدارانە دەنێت. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و ئێراق، ناوێکی فەرمی هەیە بۆ ئەو گرووپانە کە جیاوازە لەگەڵ بووچۆنی وڵاتانی دەوروبەر.
لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ئەمنی کە لەنێوان تاران و بەغدا واژۆکراوە، بابەتی هەبوونی هێزی چەکدار لە سنووری ئێران چارەسەر کراوە و لە ماوەکانی ڕابردوودا لە کەمپی مەدەنی شوێنی ئەو چەکدارانە کراوەتەوە، ئێستاش بە شاهێدیی هەموو دەسەڵاتەکانی ئێراق لە بەغدا و شاهێدی ئێرانییەکان خۆیان، هیچ هێزێک لەو سنوورانەدا نییە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی جیاجیا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و بە مووشەک و درۆن لە هەرێمی کوردستان دەدرێت، کە هەموویان لەسەر بنەمایەکی ڕاست و درووست نین و هەموو ئەو کەڤەرانەی (بیانووانەی) بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکیان نییە و لە کۆبوونەوەکانی دووقووڵی لە تاران، بەغدا، هەولێر و سلێمانی ئەو بابەتانە شیکراونەتەوە. پێشتر قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئێراق باسی ئەو بابەتەی کرد و منیش جەخت لەو بابەتە دەکەمەوە کە هیچ مەترسییەکی سەربازی-ئەمنی لە هەرێمی کوردستان ڕێگەپێدراو نییە، نە لە بەرانبەر ئێران و نە لە بەرانبەر تورکیا. ئەمە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەسەر ئەو سیاسەتەش لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتووین، بەڵام بەداخەوە بە بیانووی جیاجیا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان کە ئەمە لە دابوونەریتی دراوسێیەتیدا قبووڵ ناکرێت و دەبێت کۆتایی بەم بابەتە بهێنرێت.
پرسیار: نامەوێ باس لە ناونانی گرووپەکان بێنم بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوەی هەر لایەنێک و هەر وڵاتێک، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەگەر هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێم هەبێت، سرووشت و میکانیزمی ئەو هاوئاهەنگییە چییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپانەی هەمیشە نیگەرانی ئەمنی بۆ هەرێم درووست دەکەن؟
ڕێبەر ئەحمەد: بە دڵنیاییەوە، هەبوونی هەر هێزێکی چەکدار، چی ئەو هێزە هێزی دەرەوەی ئێراق و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بێت، یان هێزێکی چەکداری ئێراقی بێت، کە کێشە بۆ ئارامی و ئاساییش و سەقامگیری ئێراق و هەرێمی کوردستان درووست بکات، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەم هێزانەدا نییە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و ئێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر دەبینەوە کە یەکێک لەوان هەبوونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە کە خۆشبەختانە بەپیر داواکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون و ئێستا ئەو شوێنانەی لەسەر سنوور بوون چۆڵکراون، ئەوەش وەک باسم کرد بە لێکتێگەیشتن و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی ئەمنی کە هەرێم و بەغدا لەگەڵ تاران واژۆیان کردووە. ئەم ڕێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ کراوە و هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ هیچ نائەمنی و نائارامییەک لەسەر سنوورەکان.
هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لەسەر ئەو بابەتە نییە و ئێمە لەگەڵ دامودەزگەکانی حکومەت و دامودەزگەکانی ئاساییش لە بەغدا هاوکارییەکی باشمان هەیە. لەگەڵ برای بەڕێزم وەزیری ناوخۆی ئێراق، بەڕێز عەبدولئەمیر شەمەری لە زۆر بواری وەک ڕووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان و ڕووبەڕووبوونەی تیرۆر، کاری هاوبەشمان لەگەڵ دامودەزگەکانی هەواڵگری لە ئێراق ئەنجام داوە؛ ئەو جۆرە هاوکارییانە ڕۆژانەیە و شتێکی نوێ نییە. لە دوای 2003وە کە لە دەستووردا دانی بەوەدا نا هەرێمی کوردستان دامودەزگە، دەزگەی هەواڵگری و ئاساییشی سەربەخۆی دەبێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگەکانی حکومەتی فیدراڵ کار دەکەن. ئەم هەماهەنگییە بەردەوامە و لە ئاستێکی زۆر باشدایە لە ڕووی ئەمنییەوە، بەڵام کێشە و ئاڵنگاری ڕووبەڕووی ئێمە دەبنەوە وەکوو دەزگە ئەمنییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە ئەنجامی پڕۆسەی سیاسی و بڕیاری سیاسیی نابەجێ کە لەلایەن هەندێک لە دامودەزگەکانی فیدراڵییەوە هەندێک بڕیار دەدرێت کە لەگەڵ دەستوور ناگونجێن و دەبنە هۆی کێشە.
پرسیار: ئێوە وەک حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوانە چین دەیگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاساییشی هەرێم لە بەرانبەر مەترسییەکان؟
ڕێبەر ئەحمەد: ئاساییش لە ئێراق یەک پاکێجە و ناکرێت لە یەک جیابکرێتەوە؛ ناکرێت بەشێکی ئێراق ئاساییشی هەبێت و بەشێکی دیکە نەیبێت. لە هەر شوێنێک لە ئێراق ئاساییش بەرقەرار نەبوو، کاریگەریی دەبێت لەسەر هەموو پارێزگاکانی ئێراق. ئەوەی کە بینیمان کاتێک داعش هات و ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین و بەشێکی کەرکووک و بەشێکی دیالەی (خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی)، هەموو ئێراق ئاساییشەکەی تێکچوو و ئاساییشی کەوتە مەترسییەوە. ئێمە ئەو کاتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان، هەروەها لەگەڵ هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئیشی باش کرا و شەڕێکی زۆر گەورە کرا؛ بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی پێشمەرگە، ئەفسانەی داعش تێکشکێندرا؛ دواتر هەموو هێزەکانی دیکە، چی نێودەوڵەتی و چی ئێراقی توانیان لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوتانەی پێشمەرگە، ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری موسڵیش ئازاد بکەن. ئێمە ئەزموونێکی باشمان هەیە لە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئێراق و لەگەڵ دامودەزگای ئەمنی. هیوادارم ئەم ئەزموونە بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت. چەند ساڵێکە خەریکین دوو لیوای هاوبەش درووستبکەین بۆ ئەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنییان هەیە لەنێوان هێزەکانی هەرێم لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵ. بۆشاییەکی ئەمنی لە چەند شوێنێک هەیە؛ لە چەند شوێنێک دەگاتە 12 تاوەکوو 20 کیلۆمەتر و گرووپە تیرۆریستییەکان کەڵک لەو بۆشاییە وەردەگرن. ئەم دوو لیوایە فەرمانی دامەزراندنیان و ڕاهێنانیان تەواو بووە و ماوەتەوە بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام بە داخەوە ئەم بابەتە زۆر دواکەوتووە. ئەوەی کە پەیوەندی بە چۆنییەتی مامەڵەکردنی هەرێم لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان هەیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی نێوخۆ و پێشمەرگە هەماهەنگییەکی زۆر باشمان هەیە لەم بابەتەدا؛ لەگەڵ دامودەزگای ئاساییش، دامودەزگاکانی دژەتیرۆر و ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان کە چەترێکی هەموو دامودەزگاکانە لە هەرێمی کوردستان، هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە.
گرنگترین شت لەو بوارەی کە چۆن هەرێمی کوردستان بپارێزین، بە ڕاستی سەرچاوەکەی لەوەوە دەستپێدەکات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان خەڵکێکی ئاشتیخوازن؛ حەزیان لە ژیانە؛ حەزیان لە پێشکەوتنە؛ حەزیان لەوەیە کە سەقامگیری هەبێت و حەزیشیان لەوەیە کە هاوکاری هەموو کەسێک بکەن کە لە کاتی تەنگانە و پێویستدا پێویستیان بە هاوکارییە؛ لە هەمان کاتیشدا هاوکارییەکی زۆر باشی دامودەزگاکانی ئەمنی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ خودی هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان هاوکارێکی زۆر باشە؛ کولتووری پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و کولتووری جیاوازییەکان کە لەنێو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە شتێکە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرز باوەڕیان پێی هەیە. خەڵکی ئێمە باوەڕی وایە پێکەوەژیان بنەمای ئاساییش و سەقامگیرییە. بۆیە دەمانەوێت ئەم ئەزموونە بگوازینەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی ئێراق و لەم ڕوانگەیەوە هاوکارین لەگەڵ دامودەزگاکان لە پارێزگاکانی نزیک هەرێمی کوردستان، وەک موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە و کەرکووک، هەروەها لەگەڵ بەغدا.
پرسیار: ئێوە، وەک حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوانە چین دەیگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاساییشی هەرێم لە بەرانبەر مەترسییەکان؟
ڕێبەر ئەحمەد: ئاساییش لە ئێراق یەک پاکێجە و ناکرێت لە یەک جیابکرێتەوە؛ ناکرێت بەشێکی ئێراق ئاساییشی هەبێت و بەشێکی دیکە نەیبێت. لە هەر شوێنێک لە ئێراق ئاساییش بەرقەرار نەبوو، کاریگەریی لەسەر هەموو پارێزگاکانی ئێراق دەبێت. ئەوەی کە بینیمان کاتێک داعش هات و ناوچەکانی پارێزگای موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین و بەشێکی کەرکووک و بەشێکی دیالەی (خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی)، هەموو ئێراق ئاساییشەکەی تێکچوو و ئاساییشی کەوتە مەترسییەوە. ئەو کاتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە فیدراڵییەکان، هەروەها لەگەڵ هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئیشی باش کرا و شەڕێکی زۆر گەورە کرا؛ بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی پێشمەرگە، ئەفسانەی داعش تێکشکێندرا؛ دواتر هەموو هێزەکانی دیکە، چی نێودەوڵەتی و چی ئێراقی، توانییان لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوتانەی پێشمەرگە، ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری موسڵیش ئازاد بکەن. ئێمە ئەزموونێکی باشمان لە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئێراق و لەگەڵ دامودەزگای ئەمنیدا هەیە. هیوادارم ئەم ئەزموونە بەردەوام بێت و پەرەی پێ بدرێت.
چەند ساڵێکە خەریکین دوو لیوای هاوبەش درووستبکەین بۆ ئەو شوێنانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە لەنێوان هێزەکانی هەرێم لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵ. بۆشاییەکی ئەمنی لە چەند شوێنێک هەیە؛ لە چەند شوێنێک دەگاتە 12 تاوەکوو 20 کیلۆمەتر و گرووپە تیرۆریستییەکان کەڵک لەو بۆشاییە وەردەگرن. ئەم دوو لیوایە فەرمانی دامەزراندن و ڕاهێنانیان تەواو بووە و ماوەتەوە بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە زۆر دواکەوتووە. ئەوەی کە پەیوەندیی بە چۆنییەتی مامەڵەکردنی هەرێم لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان هەیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی نێوخۆ و پێشمەرگە هەماهەنگییەکی زۆر باشمان لەم بابەتەدا هەیە؛ لەگەڵ دامودەزگای ئاساییش، دامودەزگاکانی دژەتیرۆر و ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان کە چەترێکی هەموو دامودەزگاکانە لە هەرێمی کوردستان، هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە.
گرنگترین شت لەو بوارەی کە چۆن هەرێمی کوردستان بپارێزین، بە ڕاستی سەرچاوەکەی لەوەوە دەستپێدەکات کە خەڵکی هەرێمی کوردستان خەڵکێکی ئاشتیخوازن؛ حەزیان لە ژیانە؛ حەزیان لە پێشکەوتنە؛ حەزیان لەوەیە کە سەقامگیری هەبێت و حەزیشیان لەوەیە هاوکاری هەموو کەسێک بکەن کە لە کاتی تەنگانە و پێویستدا پێویستیان بە هاوکارییە؛ لە هەمان کاتیشدا هاوکارییەکی زۆر باشی دامودەزگاکانی ئەمنی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ خودی هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان هاوکارێکی زۆر باشە؛ کولتووری پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و کولتووری جیاوازییەکان کە لەنێو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە شتێکە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان شانازی پێوە دەکەین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرز باوەڕیان پێی هەیە. خەڵکی ئێمە باوەڕی وایە پێکەوەژیان بنەمای ئاساییش و سەقامگیرییە. بۆیە دەمانەوێت ئەم ئەزموونە بگوازینەوە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیکەی ئێراق و لەم ڕوانگەیەوە هاوکارین لەگەڵ دامودەزگاکان لە پارێزگاکانی نزیک هەرێمی کوردستان، وەک موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە و کەرکووک، هەروەها لەگەڵ بەغدا.
پرسیار: ئایا ئەمە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت؟ ئایا بە کردەیی هەمان ڕێکارەکان جێبەجێ دەکرێن یان جیاوازن؟
ڕێبەر ئەحمەد: لە ڕووی ئاساییشەوە، دامودەزگاکانی ئەمنی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زۆر پیشەییانە کاردەکەن. هەر ئەوەش سەرچاوەی ئەوەیە کە ئاساییش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان بەرقەرارە. لەسەر ئەو بنەمایەش هەر مەترسی و هەڕەشەیەک وەک ئاست و قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. خاڵی دووەم کە دەمویست ئاماژەی پێ بکەم لە دوای هاوکاریکردنی خەڵک، یەکدی قبووڵکردن و پێکەوەژیان، بریتییە لە چالاکیی دەزگا ئەمنییەکان، شەونخوونی دەزگا ئەمنییەکان و خوشک و برا پێشمەرگەکان. پێکەوە توانیومانە زانیاری لە کاتی پێویست کۆبکەینەوە و چالاکی ئاساییش و ئۆپەراسیۆنی ئاساییش (ئەنجام بدەین) بۆ سەر ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی لە دەوروبەری هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە یان هەندێک جار هەوڵیان داوە بێنە نێو هەرێمی کوردستان و هەندێک گرووپ درووستبکەن بۆ هاوکاریکردنی یەکدی و بۆ بابەتی لۆجیستی، خۆشبەختانە دەزگاکانی ئێمە زۆر سەرکەوتوو بوون و هیوادارم کە هەرێمی کوردستان هەر بەو شێوەیە بە سەقامگیری بمێنێتەوە و بە لانکەی پێکەوەژیان بمێنێتەوە، چونکە خۆتان دەزانن هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوو و ئێستا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەرمان هەیە کە لە ئەنجامی ناسەقامگیری لە ناوچەکانی دیکەی ئێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. هیوادارین ئەم بابەتە چارەسەربکرێت. ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵی هەماهەنگین بۆ ئەوەی دۆخێک بڕەخسێنین کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەتایبەتیی خوشک و برا ئێزدی و کریستیانەکان؛ هەروەها هەموو ئەو پێکهاتانەی دیکە کە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقن و لە هەرێمی کوردستانن. دەشزانن ئێمە نزیکەی 250 هەزار پەنابەری سوورییمان لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئەمانە هەموویان ئاڵنگاری و ئاستەنگی ئەمنیین، بەڵام خۆشبەختانە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرگەکانیان کراوە بوون بۆ هەموو ئاوارە و پەنابەرێک. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت بووە؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تاوەکوو ئاستێکی باش هاوکار بوون؛ داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵی لەم بوارەدا زیاتر بێتە پێش و هاوکارییەکی باشترمان بکات لە بابەتی حەوانەوە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان، چونکە دواجار ئەمانە هاووڵاتی ئێراقین و کێشەیەکی ئەمنی هەیە لە ناوچەکانیان و دەبێت چارەسەر بکرێت.
کێشەی خزمەتگوزاری هەیە، کێشەی هەلی کار هەیە، هیوایان ئەوەیە کە داهاتوویەکی باشتریان لە ناوچەکانی خۆیان بۆ بڕەخسێندرێت. ئەو ئاڵنگارییانەی لەم بوارەدا ڕووبەڕووی ئێمەش دەبنەوە بە ڕاستی لە هەندێک لەو شوێنانە گرووپی چەکدار هەن. پرسیارت لە بەڕێزان کرد، ئەو گرووپانە لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت کار دەکەن، بەتایبەتیی لە دەشتی نەینەوا، لە شنگال ئەو گرووپانە و پەکەکە، ئەمانە فاکتەری ناسەقامگیرین کە بەپێی ڕێککەوتنی واژۆکراو لەنێوان هەولێر و بەغدا ناسراو بە ڕێککەوتنی شنگال، پێویست بوو ئەم هێزانە لەوێ دووربخرێنەوە و بەشێکیشە لە کارنامەی حکومەت لە ئەجێندای سیاسی کە هەموو هێزە سیاسییەکانی براوە لە هەڵبژاردنی ئێراق لەسەری ڕێککەوتوون و هیوادارین ڕێگە بدرێت حکومەتی فیدراڵی، ڕێککەوتنەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئێمە کێشەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نییە، حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتنەکان واژۆ دەکات و لەگەڵ حکومەت، لەگەڵ دامودەزگەکان (کێشەمان نییە)، بەڵام خەڵکانێکی دیکە لە دەرەوەی چواچێوەی دەوڵەت و حکومەت هەن کۆسپ درووست دەکەن، کە گرووپی نێوخۆیین و دەسەڵاتیان لە ڕووی سەربازی و سیاسی بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی حکومەتی ئێراق نەتوانێت پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بێگومان هەموومان بەشدارین لە کابینەی بەڕێز سوودانی و هەمووشمان بەردەوامین لە پشتگیریی بەڕێزیان و هیوادارین لە ئەجێندای خۆیدا سەرکەوتوو بێت، کە ئەجێندای هەر هەموومانە، بەڵام ئەرکی بەڕێز سوودانی زۆر قوورسە، لەبەر ئەوەی ئاڵنگاریی سیاسی، ئەمنی، ئابووری ئێجگار گەورە ڕووبەڕووی ئەو کابینەیە بوونەتەوە و هەموو کێشەکانی 20 ساڵی ڕابردوومان لە کارنامەیەکدا کۆکردووەتەوە و دەمانەوێت لەم کابینەیەدا چارەسەریان بکەین، کە بەداخەوە هەم فاکتەرە نێوخۆیی و هەم فاکتەرە هەرێمییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە هاوکار نین، بەڵام ئەگەر هەموومان بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، هەر وەک ئەمڕۆ لە وتاری زۆربەی بەڕێزان ئاماژەی پێدرا، دەستوور ببێتە حەکەم لەنێوان هەموومان، وا بزانم ئیدارەکردنی ئێراقێکی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی مرۆیی و سرووشتی، تەنیا ئیدارەیەکی باشی دەوێت، ئیدارەیەکی باشی سەرچاوەکانی مرۆیی و سرووشتی بکرێت، بە ڕای من ئێراق لە قۆناخێکی زۆر باشتردا دەبێت و ئاڵنگاریی ئەمنیش کەمتر دەبێت.
من دەمەوێت تۆزێک بە ڕاشکاوی قسە بکەم، ئەگەر سەیری سەد ساڵی ڕابردووی دەوڵەتی ئێراق بکەین، لە 20 ساڵی ڕابردووش و بەر لەوەش هەرچی گفتوگۆیە لەسەر ئەوە بووە کە ئێراقێکی نوێ درووست بکەین، ئێراقێک لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە، لەسەر بنەمای هاوسەنگی و ڕێککەوتن، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا ئەم کێشانە چارەسەر نەبوونە و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بەرهەمی ئەو کێشە سیاسییانەن. تاوەکوو کێشە سیاسی و ئابوورییەکان وەکوو پێویست چارەسەر نەکرێن، هەمیشە ئاڵنگاریی ئەمنی دەبێت.
پرسیار: بەبۆچوونی ئێوە ئەو خاڵە سەرەکییە چییە کە بەربەست لە بەردەم ئاساییش و سەقامگیریی ئێراق درووست دەکات؟
ڕێبەر ئەحمەد: گرنگترین خاڵ لەو بابەتەی کە باستان کرد، جێبەجێکردنی دەستوورە. دەستوور وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و جیاوازییەکان لەنێوان پێکهاتەکان لە ئێراق وەکوو خۆی ڕێزی لێ بگیرێت، ئەوەی کوردە دەبێت وەکوو کورد ڕێزی لێ بگیرێت، ئەوەی عەرەبە وەکوو عەرەب، ئەوەی شیعەیە وەکوو شیعە، ئەوەی سوننەیە وەکوو سوننە، کریستیان، تورکمان، هەموو دەبێت وەکوو خۆیان (ڕێزیان لێ بگیرێت). بەداخەوە زۆر جار دەست بۆ تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەکان دەبرێت لە ئێراق، ئەمە هۆکاری سەرەکیی نائارامییە، بڕیاری سیاسیی نادرووست دەبێتە هۆی ئاڵنگاریی ئەمنیی گەورە. ئەگەر زۆر دوور نەچین هۆکاری سەرهەڵدانی داعش لە ناوچە سوننەکان بەشێکی بۆ مامەڵەی ناتەندرووستی بەغدا دەگەڕێتەوە بەرانبەر بە ئەم ناوچانە، بەشێکیشی بۆ خودی خەڵکەکە دەگەڕایەوە کە نەیویست بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا بکات و هەڵەیەکی مێژووییان کرد، بۆیە گرنگە لە ئێراق هەموو پێکهاتەکان بەڕێزەوە وەکوو هاووڵاتیی پلە یەک سەیر بکرێن و هاوبەشییەکی ڕاستەقینە هەبێت و هاوسەنگی و ڕێککەوتن هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵات، ئەمە فاکتەری سەرەکییە بۆ ئەوەی کە ئێراق سەقامگیر بێت و سەرچاوەکانی داهاتی ئێراقیش بەیەکسانی، دادپەروەری دابەش بکرێن لەنێوان هەموو پێکهاتەکان و پارێزگاکانی ئێراق.
ئەمە بابەتێکی گرنگە، بۆیە وتم لە 10 ساڵی ڕابردوودا ئێراق سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە و ئێمە لە هەموو کۆڕ و سیمینارێکدا هەمان شتەکانی پار دووبارە دەکەینەوە، ئەگەر سەیری قسەکانی پارمان بکەین بە جۆرێکی دیکە، هەمان قسەیە کە ئێستا دەیڵێن، 10 ساڵ لەمەوپێشیش هەر وا بووە، گرنگە لە ئێراق گرنگی بە درووستکردنی دامەزراوەی دەوڵەت بدرێت. دامەزراوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای دەستوور، نەک لەسەر بنەمای هێز، کام پێکهاتە هێزی لەدەستدایە ئیرادەی بەسەر پێکهاتەکانی دیکە بسەپێنێت، بە ڕای من ئەمە خاڵی سەرەکییە؛ ئەوەی دیکە کات پێویستە بۆ گۆڕینی بۆچوونی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی یەکدی قبووڵ بکەن و جیاوازییەکان وەکوو خۆی ڕێزی لێ بگیرێت.
من دەمەوێت لەسەر بابەتێک کە لە سەرەتا پرسیارت کرد، تۆزێک ڕوونکردنەوە بدەم، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە باستکردن، ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و پەکەکە، بێگومان دەمەوێت بۆ هەموو بەڕێزان ڕوون ببێتەوە، جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و (پەکەکە)، چونکە ئەوان بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بە پیل داواکاریی ئێمەوە وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا هاتن و چەکی خۆیان دانا و ناوچە سنوورییەکانیان چۆڵکرد. بەڵام پێچەوانەی ئەوە، پەکەکە ڕۆژبەڕۆژ خۆی چەکدار دەکات و یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ناسەقامگیریی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران. لە شنگال، مەخموور، باشووری کەرکووک و زۆربەی ئەو شوێنانەی کە پەکەکەی لێیە فاکتەری ناسەقامگیرییە، بۆیە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەو دوو گرووپانە هەیە، ویستم ئەمە ڕوون بکەمەوە. سوپاس.[1]