=KTML_Bold=سەییاحی چیرۆکنووس=KTML_End=
هەردوکمان منداڵی گەڕەکێک بوین و هاوڕێی منداڵی و قوتابخانەی یەکتریش بوین، دانومان زۆر بە یەکەوە دەکوڵا بەبێ ئەوەی حیکایەت سەرەکییەکەی ژیانمان لە یەکتر بچێت. من پاڵەوانی ناو یاری فوتبۆڵێن بووم، ئەو هەر لە منداڵییەوە کەمێک لاتەریک بوو. من هەمیشە دەم قەرەباڵغ بوم و کەیفم بە تێکەڵاویی زۆر دەهات، کەچی نازانم بۆچی هێندە کەیفمان بە هاوڕێیەتی یەکدی دەهات؟! زۆر جاریش پێمدەوت: سەگە زۆڵ ئەم لاتەریکی و گۆشەگیریەت هەمووی بۆ ئەوەیە تا لە دورەوە زۆر بە باشی منیش و خەڵکیش ببینی تا بە دڵی خۆت بمانکەیتە چیرۆک و نووسین، ئەو نووسینانەی کە من کەمترین تێگەیشتن لێی تێدەگەیشتم. هەر بۆ نموونە باسی سەیرانێکی بەکۆمەڵی هاوڕێکانمان دەکەم. هەموومان بە سەییاحی چیرۆکنووسیشەوە چوینە گەشت و سەیران، با ئەوەش بڵێم لەنێو برادەراندا کەسمان وەک سەییاح حەزی لە گەڕان و گەشت و سەیران نەدەکرد، کەچی کەسمان هێندەی سەییاحیش بێ قسە و لاتەریک و گۆشەگیر نەبوین لە سەیرانەکاندا.
جارێکیان سەیرانەگەشتێکمان کرد بۆ نێو سرووشت و یەکێک لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان. هەر کە گەشتینە دامێنی چیاکە ئەوەندەی بڵێی یەک و دوو سەییاحمان لێ جیابوەوە و بە تەنیا ملی ڕێگەی گرت.
منیش و هاوڕێکانی تریشم پێمان نەوت بۆ جیابویتەوە و دەتەوێت بە تەنیا بگەڕێیت و هەڵزنێیت بەو چیایەدا؟ دەزانن بۆ پێمان نەوت؟
چونکە سەییاحی چیرۆکنووس ئەوە ئیشی یەکەمجاری نەبوو.
باسی ئەم گەشتەم بۆیە کرد تا شتێکتان بۆ باسبکەم. دوای گەشت و گەڕان و ماندوبوونێکی زۆر کەوتینە هاوار هاوار لە سەییاحی چیرۆکنووس تا بگەڕێتەوە لامان. گەرچی دوراودور چاومان لە یەکتر بوو، بەڵام ئێمە بە کۆمەڵ بوین و ئەو بە تەنیا.
هۆ هۆ سەییاح! هۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆووو... دە وەرەوە لامان درەنگە ئیتر دەگەڕێینەوە.
وەک چۆن بە گەیشتنمان زۆر زوو جێی هێشتین، بۆ گەڕانەوەش زوو هات بە دەنگمانەوە و گەڕایەوە لامان.
پێشئەوەی بێین بۆ گەشتەکەمان لەگەڵ سەییاح ڕێکەوتبوین کە گەڕاینەوە دەچینەوە بۆ ماڵی خۆمان. دوای ئەوەی لە ماڵی خۆمان یەکی دوشێکمان کرد، پشوویەکمان دا و لە دەوری مێزە خڕەکەی خۆم هەر یەکەمان لەسەر کورسییەک بەرامبەر بە یەک دانیشتین. وەک چۆن من هەرگیز ناوە ڕاستەقینەکەی خۆیم پێ نەدەوت هەر سەییاحم پێ دەوت، ئەویش هەرگیز بە ناوی خۆمەوە بانگی نەدەکردم، بۆیە ڕوی تێکردم و وتی:
-پاڵەوان هەموو گەشتەکەی ئەمڕۆم کردووەتە چیرۆکێک حەزەکەی بۆت بخوێنمەوە؟
-وەڵا پێش ئەوەی ئەو چیرۆکەم بۆ بخوێنیتەوە، پرسیارێکت لێدەکەم.
-دەی...
-باشە بۆچی هەرچی پاڵەوانی چیرۆکەکانتە دەبێت بکوژرێن؟ باشە سەییاح تۆ لە ژیانی کەتواردا (واقع) خۆت لە خشەی مار و مێروو، دەپارێزی، بە تۆنی خشپەی گەڵا دەدوێیت، بە ئاستەم پێ دەنێیت بە عەرزا، ترست لەوە هەیە پێ بنێی بە گەڵایەکدا، ئەدی ئەو هەموو شەڕ و شۆڕ، خوڕ و خوێن و کوشت و کوشتارە، چییە لە چیرۆکەکانتدا؟
-دەزانی چۆن؟
-نا نا نا، پرسیاری ترم هەیە.
باشە سەییاح لە منداڵیتەوە تا ئێستا چوبیتە هەر شوێن و جێگەیەک هەستت بە تاریکی ئەو جێگەیە کردبێت، دەم و دەست توند دەستت گرتوم و پاڵت داوە پێمەوە، لە پەنجەکانتەوە هەستم بە ڕژانی ترس کردووە کە جۆگەلەی بەستۆتە نێو دەستەکانم. ئەدی بۆچی لە چیرۆکەکانتدا هێندە باسی درەوشانەوەی تاریکی دەکەیت. ئەوەتەی هەم هیچ چیرۆکنووسێکم نەبینیوە هێندەی تۆ لە ستایشی تاریکیدا بێت.
توخوا بوەستە با ئەم پرسیارەی تریشت لێبکەم. لە هەرزەکاری هەردوکمانەوە هەمیشە چێژت لە سەفەر و پیاسەی تولانی وەرگرتووە بەبێ ئەوەی ماندو ببیت، بەبێ ئەوەی بێزار ببیت. تا ئێستا کەسم نەبینیوە هێندەی تۆ نەک هەر باوەش بە ژیاندا بکات بەڵکوو منیشت وادار کرد، ئەڵقاو ئەڵق باوەش بە ژیاندا بکەم.
باشە سەییاح پێمبڵێ بۆچی لە چیرۆکەکانتدا هەمیشە دەبێت لە کوورتترین پیاسەدا پاڵەوانەکە بکوژرێت؟ سرووشتی خۆت وایە چێژ لە کوشتنی پاڵەوانەکانت وەردەگریت؟
دەزانی دەنگی شاراوەی وەهام لە پاڵەوانی نێو چیرۆکەکانی بیستوە کە لێت پاڕاوەتەوە تا نەکوژرێت و تۆزێکی تر درێژە بە پیاسە بدات، کەچی کەمترین پیاسەت کردووە بە نسیبی، دەپرسم بۆ؟
توخوا جارێ وەڵام مەیەرەوە.
هەست ئەکەم هێندەی چێژ لە گێڕانەوەی تراژیدیای مەرگی پاڵەوانەکانت وەردەگریت، هێندە مەیلی ژیانکردنیان ناکەیت، ئەگەر وایە بۆ؟
لەم پرسیارەی ئەخیریاندا قوڵ بۆ سەییاحی هاوڕێم دەڕوانی و بە دەنگێکی زۆر بەرز قیژاندم بەسەریدا. دوو چاوی ئەبڵەقی کراوەی خوێن تێزاو و ترسناک بۆم دەڕوانێت بێ ئەوەی پێڵوەکانی بتروکێنێت. ترسێکی تەواو ترس دایگرتم و لە کورسییەکەم هاتمە دەرێ و چومە لای سەییاحی هاوڕێمەوە. باوەشم پیاکرد و من نەڕاندم و ئێوە بڵێن قریشکاندت.
سەییاح... سەییاح... شل شل کەوتە باوەشمەوە و جەستەی هێشتا گەرمایی زۆری تێدابوو. هەستم بە تەزووی مردن دەکرد. بە دەستێکم هەردوو چاوە خوێن تێزاوەکەیم داخست.
ئەوە ساڵێک و یازدە مانگە بەسەر مردنە کتوپڕ و ترسناک و لەبیرنەکراوەکەی سەییاحی هاوڕێم لە ژورەکەی خۆمدا تێپەڕیوە. بە گیانێکی داهێزراو و شۆکێکی وێنانەکراوە وە خەریکم تەواودەبم لە کۆکردنەوەی چیرۆکەکانی سەییاحی هاوڕێم، ئەوەی ماوەتەوە گفتوگۆی من و خاوەنی چاپخانەی (کزەبا)یە لەسەر ناونیشانی کتێبەکە و پێشەکی کتێبەکە.
برادەرانی چاپخانەی کزەبا دەڵێن: تۆ ڕازیبیت یان نا، ئەم گفتوگۆیەی نێو ژورەکەت لەگەڵ سەییاحی چیرۆکنووس دەکەینە پێشەکی کتێبەکە ئەوەی ماوەتەوە دەمانەوێت پێمان بڵێیت کتێبەکە ناو بنێین چی؟
منیش بێ بیرکردنەوە کتێبەکەم ناونا (پاڵەوانی کوژراو).
تەواو هەناسەم توند بووبوو لە چاپخانەکەدا و خەریکبوو دەخنکام، بەپەلە هاتمە دەرەوە و جگەرەیەکم داگیرساند. بەو جادە چۆڵەدا هاوارم دەکرد: سەییاحی هاوڕێم (جارجار گریان ناوەکەی پێ لەت دەکردم.
=KTML_Bold=نووسینی: #عەلی پێنجوێنی#=KTML_End= [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!