ناونیشانی بابەت: سووکایەتی بە شاری قەڵا و منارە
ناوی نووسەر: #سوداد ڕەسووڵ#
نیشاندانی ئاڵای تورکیا بە (داتاشۆ) دوێنێ شەو لەسەر قەڵاتی #هەولێر#، سووکایەتی و بێڕێزییە بە ناسنامەی شارەکە و دانیشتووانەکەی. ئەم شارە بە درێژایی مێژوو، هەمیشە شانازی ئەوەی هەبووە کە خۆڕاگر و سەربڵند و دوژمنبەزێن بووە، (ڕەمز)ی کوردبوون و کوردستانی بووە. ئەگەر بەشێک لە دانیشتووانەکەشی بە تورکمانی قسەیان کردبێت، ئەوانیش زۆرینەیان بە (ئەسڵ) کوردن و لە ئەنجامی زاڵبوونی دەسەڵاتی عوسمانی لە شارەکە بۆ چوار سەدە، زمانی تورکمانی برەو پێ داوە و بەشێک لە دانیشتووانەکە زمانیان بووە بە تورکمانی. هەولێر شاری پێکەوەژیان بووە، ڕێزی لەو کەمینە تورکمانییەش گرتووە کە لە شارەکەدا نیشتەجێ بوون و بوون بە هاووڵاتی کوردستانی، بۆیە ئەم شارە بە مێژوو و بە دانیشتووان هەمیشە کوردستانی بووە، نە تورکی بووە، نە تورکمانی و نە عوسمانی. ئایا نیشاندانی ئاڵای تورکیا لەسەر دەروازەی قەڵاتی هەولێر، بەم شێوەیە سووکایەتی نییە بە ناسنامەی شارەکە؟ لەژێر ئەم ئاڵایە هەموو ڕۆژ فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی شار و دێیەکانی کوردستان دەکەن، #عەفرین# و ڕۆژاوای کوردستان خەڵتانی خوێن دەکەن، ئاڵایەکە قێزەون و شەڕەنگێز و خوێناوی، ئاڵایەک بیرەوەریی مێژووێکی پڕ لە چەوسانەوە و ژێردەستەیی کوردە, ئەم ئاڵایە ئیعتیراف بە ئاڵای تۆ ناکات، تۆش نە بە کورد دەزانێت نە بە مرۆڤ، ئەدی بۆچی تۆ خۆت وا بچووک دەکەیەوە و شانازی بەم ئاڵایە دەکەی، و مێژووێکی ڕەشیش بۆ ئەم شارە تۆمار دەکەی؟
ئەردۆغان بە سەردانی ڕەسمی بۆ هەولێر دێت، بۆ شارەکە دەکەن بە شارێکی تورکی و بە ئاڵای تورکیا دەیڕازێننەوە؟ ئایا ئەردۆغان، لە کاتی سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا، ڕێگە بە ئاڵای کوردستان دەدات لە دەروازەی شوورەی #ئامەد# هەڵبکرێت؟ یان خوانەخواستە لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ ڕێگە بدەن ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت؟ ئەدی بۆ ئێوە خۆتان وا بچووک دەکەنەوە، سیمای شارێکی کوردستانی بەم ئاڵایە ناشیرین دەکەن؟
مێژووی کورد پێمان دەڵێت، سایکۆلۆجیەتی مرۆڤی کورد، سایکۆلۆجیەتی مرۆڤی بەکۆلۆنیکراو و داگیرکراوە، کە حەز بە ژێردەستەیی و ملکەچی دەکات بۆ داگیرکەری وڵاتەکەی، عەقڵیەتی مرۆڤی ژێردەستە، هەمیشە حەزی خۆبچووککردنەوەی هەیە بەرانبەر دوژمنەکەی، بەها کولتورییەکانی خۆی بێبەها دەکات و هیی دوژمنەکەی بەبەها و گەورە نیشان دەدات.
بەداخەوە کورد هێشتا نەیتوانیوە خۆی لەم عەقڵیەتە کۆلۆنیالییە ڕزگار بکات. [1]