کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان 005
زەینەلعابدین زنار
ڕۆژی 21-04-2016 لە ناوچەی قەرەمورسەلی ئیزمیت، لە گوندی حەسەن ئەڤدال، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ کاک ئەحمەد تاشتان سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان ئەنجام دا. پاشان بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لە ناوچەی دۆڵی زیلان پەیوەندیم بە چەند کەسێکەوە کرد. ئەحمەد تاشتان شایەتحاڵی دووەمی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانە کە دەیان جار لە خەزووریەوە لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییە بیستوویەتی. خەزووری، حاجی محێ کوڕی میرۆ و برازای قولیخان ئاغا بووە.
ئەحمەد تاشتان، شایەتحاڵی دووەمی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، بەم شێوەیە خۆی ناساند: من ئەحمەد تاشتانم، خەڵکی هەرێمی دۆڵی زیلانی ناوچەی ئەردیشی وان، گوندی حەسەن ئەڤدال. ساڵی 1953، سێ مانگ دوای مردنی باوکم، لە حەسەن ئەڤدال لەدایک بووم. سێ برا و خوشکێکین. هەروەها دایکمان ساڵی 1999 کۆچی دواییی کرد. باوکم شوکری کوڕی مەلا یووسڤە، مەلا یووسڤ کوڕی برۆیە، برۆ کوڕی بارۆیە، بارۆ کوڕی حسێنە، حسێن کوڕی مەلا عوبێدی کوڕی هەمانە. دایکم لە ئەسڵدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە عەشیرەتی جەلالییە، لە بنەماڵەی (خالید ئاغا) بووە. باوکمان لە جزیر دەستی بە مەلایەتی کردووە، لەبەر ئەمە پێمان دەگوترێت 'مالا مەلە'. جگە لەوەش بە خێزانەکەمان (ماڵباتی قولیخانی حەسۆ)یش دەگوترێت.
هۆکاری هاتنی ماڵباتەکەمان لە جزیرەوە ئەمەیە: ناکۆکی لەنێوان ماڵباتەکەمان و میرەکانی بۆتان درووست بوو، ماڵباتەکەشمان لە جزیرەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوون. بەڵام پاش ماوەیەکی کەم دەسەڵاتی ئێران وای لێ کردن کۆچ بکەن بۆ دۆڵی زیلان و لە گوندی حەسەن ئەڤدال نیشتەجێ بوون. منداڵیم لە گوندی حەسەن ئەڤدال بەسەر بردووە و هەتا تەمەنی 32-33 ساڵان هەمیشە لەوێ بووم. دەوڵەت هەتا ساڵی 1953 کوردەکانی لە چوون بۆ ناوچەی دۆڵی زیلان قەدەغە کردبوو و کەس نەیدەتوانێت بچێتە ئەو ناوچەیە و لەو ناوچەیەدا بگەڕێت. بەڵام دوای هەڵگرتنی قەدەغەکردنەکە، لەو ساڵەدا حکوومەت قوتابخانەیەکیشی لە گوندەکەمان درووستکرد. هەروەها لە قوتابخانەی تورکی دەستم بە خوێندن کرد، هەتا ساڵی 1960. چونکە باپیرم پیاوێکی ئایینی بوو، قورئانیشی فێر کردم و منیش قورئانخوێندنم لە قوتابخانەی تورکی تەواوکرد. لە هەرێمەکەمان هەموو کەس سەرەتا منداڵەکانیان فێری قورئانخوێندن دەکەن و قورئانیان پێ خەتم دەکەن. هەروەها مەدرەسەیەکی کوردیش لە حەسەن ئەڤدال هەبوو، مامۆستاکەمان مەلا کەرەم، پیاوێکی زانا و زیرەک بوو، وانەی بە فەقێکان دەگوتەوە و زۆربەی منداڵانی گوندەکە لەژێر دەستی ئەو دەیانخوێند. بەڵام بەداخەوە خوێندنم تەواو نەکرد، نە مەدرەسە و نە خوێندنی تورکی. هۆکاری یەکەم پاڵپشتیی دارایی بوو. ساڵی 1999 کاتێک بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ناوچەی 'مەرمەر' ڕوویدا، ناوچەکە تەختی زەوی بوو. ئێمەیش حەسەن ئەڤدالمان بەجێ هێشت و لە ناوچەی کارامورسەل نیشتەجێ بووین.[1]
=KTML_Bold=سەرچاوە:=KTML_End=
بەشێک لە پەرتووکی (دەﮪ کۆمکوژیێن ل سێ گەلیێن زیلانێ)، زەینەلعابدین زنار، کوردیی کورمانجی، وەشانگەی فەرهەنگی کوردی، سوید/ ستۆکهۆڵم، 2023
ئەم وتارە درێژەی هەیە...