سینان تونجدەمیر
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ڕووداو دەڵێت: زانیارییەکانی لەبارەی پرسی کوردەوە تەواو نین، هەروەها بەڵێن دەدات لە پاش هەڤپەیڤینەکە زیاتر لەبارەی کوردەوە شارەزا ببێت.
کۆماری مۆزەمبیق دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا. ئەم مانگە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەکات.
پێدرۆ ئەفۆنسۆ، نوێنەری مۆزەمبیق کە ئەم مانگە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەکات لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، زانیارییەکانمان لەسەر پرسی کورد ڕوون و تەواو نین، بەڵام بەڵێنی بە پەیامنێری ڕووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا کە دوای ئەم هەڤپەیڤینە تەماشای بابەتەکە دەکەم و زیاتر دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی زانیارییەکانم سەبارەت بەو پرسە باشتر بکەم و ڕاوێژ بدەمە حکومەتەکەم.
پێدرۆ ئەفۆنسۆ، نوێنەری مۆزەمبیق ڕۆژی 24-04-2024 لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو دا سەبارەت جێبەجێنەکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییش سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە وتی، دەمانەوێ بڕیارەکە بەزووترین کات لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و گرووپی حەماسەوە جێبەجێبکرێت، لەو باوەڕەشدایە ئیسرائیل لەو قۆناخەدا چارەسەری دوو دەوڵەت قبووڵ ناکات.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ پێدرۆ ئەفۆنسۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی
ڕووداو: زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵمانی.
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش: زۆر سوپاس
ڕووداو: دەمەوێت لە بڕیاری چەند هەفتەی ڕابردووەوە دەستپێبکەم، چاوەڕێ دەکەن کەی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت؟
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش: جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بەوانەی کە بڕیارەکەیان لەسەر دراوە. لەم کەیسەدا، دەمانەوێ بڕیارەکە بەزووترین کات لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و گرووپی حەماسەوە جێبەجێبکرێت. ئێمە لەوە تێدەگەین کە بۆ ئەوە پێویستە گفتوگۆ بکرێت و پێمانگوتراوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن. ئەنجوومەنی ئاساییش کۆنترۆڵی بەسەر پێشڤەچوونەکانی ئەو گفتوگۆیدانە دا نییە، بەڵام چاوەڕوانیمان هەیە کە هەمووان ڕێز لە ئەنجوومەنی ئاساییش بگرن و پابەندبن بە بڕیارەکانییەوە، چونکە بڕیارەکان ڕەتنەکراوەن.
ڕووداو: وەکوو ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاساییش، پێتوایە کە ئەنجوومەنی ئاساییش دەتوانێت ئیسرائیل ڕازی بکات بە چارەسەری دوو دەوڵەت؟
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش: لەم قۆناخەدا نا، بەڵام چارەسەرکردنی دوو دەوڵەت هەر لەسەرەتاوە لە ساڵی 1948 دەستی پێ کرد. ئەو هەڵوێستەش لەلایەن ئەنجوومەنە یەک لە دوا یەکەکانەوە قبووڵ کراوە، لەنێویاندا بڕیاری 242 لە ساڵی 1967 کە کۆتایی بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێنا. بێگومان بڕیارەکە درووستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی تێدابوو. بە تێپەڕبوونی کات، بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری چارەسەرکردنی دوو دەوڵەت، زۆر دەستپێشخەری لەو شێوەیە هەبوون. ئەوەش هۆکاری کۆبوونەوەی ئێمە بوو بۆ قبووڵکردنی ئەندامێتی دەوڵەتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا.
ڕووداو: ئێستا پرسیارێک لەسەر کورد دەکەم؛ ئێمە باسی زیاتر لە 40 ملیۆن خەڵک دەکەین، ئێوە دەزانن کە ئەوان دەوڵەتیان نییە، پێتوایە ئەوە دادپەروەرییە؟ ئەوان تەنانەت کورسیشیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دا نییە. پێتوایە ئەوە دادپەروەرییە بۆ 40 ملیۆن کەس کە دەوڵەتیان نییە؟
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش: کاتێک گفتوگۆمان دەکرد، پێموابێ ڕۆژی 18ی نیسان پێنجشەممە یاخود هەینی بوو، بۆ قبووڵکردنی ئەندامێتی دەوڵەتی فەلەستینی لەنێو کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دا. مۆزەمبیق ئەوەی ڕوونکردەوە کە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆمان، خەباتێکی درێژخایەنی بەدەستهێنانی ئازادیمان کرد کە زیاتر لە 10 ساڵی خایاند، بەڵام داگیرکاریی پورتووگالی زیاتر لە 500 ساڵ درێژەی کێشابوو. بۆیە وڵاتان و هیچ ڕێکخراوێک تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین و سەروەری نادەن. ئەوانە پێویستییەکن دەبێت لەلایەن ئەو خەڵکانەوە بەدەستبهێنرێن کە خەباتی بۆ دەکەن، وەکوو ئەوەی ئێمە کردمان لە مۆزەمبیق، لە ئەنگۆلا، کەناری عاج و وڵاتانی دیکەش. بە درێژایی مێژوو، هەندێک لە وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، لەوانی دیکە خۆشبەختتر بوون. بۆ نموونە لە ساڵانی شەستەکان زۆر لە کۆلۆنییەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، بەپێی بڕیاری 1514ی نەتەوە یەکگرتووەکان سەربەخۆییان پێدرا. ئەو بڕیارە داوایکرد کە مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی بدرێت بەو گەل و وڵاتانەی لەژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم دا بوون. بۆیە دەبینی ژمارەیەکی گەورەی وڵاتان لە شەستەکان دا بە ڕێگەی ئاشتییانە سەربەخۆییان بەدەستهێنا، بەڵام ئێمە لە مۆزەمبیق هاوشێوەی ئەنگۆلا شەڕمان بۆ سەربەخۆیی کرد.
ڕووداو: مانگی داهاتوو (ئایار) مۆزەمبیق دەبێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش، چاوەڕوانیی ئێمە چی بێت، مژارە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنی ئاساییش چی دەبن؟ هیچ بڕیارێکی تایبەت بە کورد یاخود پرسی دیکەی نێودەوڵەتی دەبینین؟
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش: تاوەکوو ئێستا هیچ شتێکی تایبەت بە کورد لە ئەجێندای ئەنجوومەنی ئاساییش دا نییە، بەڵام چەندین مژاری گرنگمان هەیە کە دەبنە جێگەی سەرنجی ئەنجوومەنی ئاساییش. پێش ئەوەی بچمە نێو ئەو بابەتە با ئەمە بڵێم؛ زۆر مژار و نیگەرانیی نێودەوڵەتی پەیوەست بە خەڵک و وڵاتان هەن کە لە ئەجێندای ئەنجوومەنی ئاساییش دا نین، ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەوانە گرفت نین و نابێت ڕێزیان لێبگرین. ئەوانە کێشەن، بەڵام ئەنجوومەنی ئاساییش قسە لەسەر هەموو مژار و گرفتێکی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی ناکات.
ڕووداو: پێتوایە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش، یاخود ئێوە وەکوو نوێنەری مۆزەمبیق ئاگاداری پرسی کوردن؟ پێتوایە کە کێشەیەکی گەورەی نێودەوڵەتییە؟
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش: دەبێت دان بەوە دابنێم کە زانیارییەکانمان لەسەر پرسی کورد ڕوون و تەواو نین. دەتوانم بەڵێنی ئەوە بدەم کە دوای ئەم هەڤپەیڤینە تەماشای بابەتەکە دەکەم و زیاتر دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی زانیارییەکانم سەبارەت بەو پرسە باشتر بکەم و ڕاوێژ بدەمە حکومەتەکەم.
ڕووداو: بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، دۆخێکی مرۆیی لە مۆزەمبیق هەیە. ئایا دۆخی مرۆیی و هاوکارییە مرۆییەکان چۆنن؟
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش: بەڵێ ئێمە دۆخێکی مرۆیی زۆر جددیمان هەیە. هۆکاری بنەڕەتیش تیرۆریزمە لە مۆزەمبیق. تیرۆریزمێک کە لەنێوخۆوە درووست نەبووە، بەڵکوو لە دەرەوە هاوردەکراوە، لە کۆنگۆی دیموکراتی و سۆماڵیاوە. ئێمە بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە ئەفریقا دەبینین، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئێستا لەسەر بە ئەفریقاییکردنی تیرۆریزم گفتوگۆ دەکەین. گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لیبیا ڕێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی تیرۆریزم پێگەی خۆی لە ئەفریقا درووست بکات. بەهۆی بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە مۆزەمبیق، ژمارەیەکی زۆر خەڵک ئاوارە بوون، چونکە تیرۆریستەکان هێرش دەکەنە سەر گوندەکان و شارە بچووکەکان و ژیانی ئاسایی خەڵکیان تێکداوە. ئەوەش هۆکاری ئەو دۆخە مرۆییە سەختەیە. ئێمە چەند هەنگاوێکمان دەستپێکردووە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تیرۆریزم و لەوەدا سەرکەوتوو بووین. بەڵام ناکرێت بەتەواوی کۆنترۆڵی تیرۆریزم بکرێت، دۆخەکە بەوشێوەیە. لەلایەکی دیکەوە دەمەوێ بڵێم پشتیووانییەکی زۆر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ پێویستییەکانمان هەیە، لەڕووی مرۆیی و لە شەڕی دژی تیرۆریش دا.
ڕووداو: زۆر سوپاس.
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش: زۆر سوپاس.[1]