ئاشکاری کرد هەموو ئەسرار و خۆی پەنهانە عەشق
پڕ بە کاشانەی وجوودە جانە یا جانانە عەشق
جوزء و کول ئەجزایی فەردی کائیناتە کائینات
هەرچی ئەفعالی تێدایە مەسدەری هەمووانە عەشق
غەرقی مەوجی ئاورنگی گەوهەری عەشقە وجوود
گەوهەری دەریایی لوتفی حەزرەتی یەزدانە عەشق
شەمعی داگیرساوی دەستی عەشقە شەخسی تێگەییو
تێ نەگەیویشی بە قەد خۆی چاکر و سوڵتانە عەشق
بۆ گەڕانی بەزمی عالەم عامیلە ساقی سیفەت
ماددەیێکە میسلی مەی غایەی هەموو ڕەندانە عەشق
دڵ لەم ئافاقە بە ویسعەت هەر دەبێ کەمتر نەبێ
بۆیە وەک بەرقێ لەوێدا ئارەزووی جەولانە عەشق
بۆ شەهادەت شەمع و گوڵ ئەندامییان بۆتە زەمان
ئاگری بەرداوەتە دڵ بولبول و پەروانە عەشق
عەشقی چی من ئاگرێکی قودرەتم دیوە دەخیل
دڵمی کردۆتە جەهەننەم نەک بە ئاتەشخانە عەشق
سایقی مەجزووبە لایێ لایێ قووەی جازیبە
نووری شەوقی عاشقان و ڕەنگی مەعشووقانە عەشق
بارەگاهی عەشقە جێگەی سەرفرازی حەمدییا
موشکیلە ئەمڕۆ سبەینێ موشکیلی ئاسانە عەشق
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]