ناونیشانی پەرتووک: ئەڵماس و خۆڵەمێش
میخائیل باختین لە گفتوگۆیەکدا
ناوی نووسەر: ڤیکتۆر دوڤاکین
ناوی وەرگێڕ: بورهان عەتار
وەرگێڕان لە زمانی: ڕووسی
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
دەزگای پەخش: #دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم#
ساڵی چاپ: 2024
ژمارەی چاپ: یەکەم
لە شەوی نووتەکی ستالینیزمدا، کاتێک نە پێکەنینێک مابوو و نە ئەگەری دیالۆگ و نە ڕێگەیەک بۆ شکاندنی یاسای زاڵی حەتمییەتی مێژوویی و جێژن و شادی هەبوو، بیرمەندێک بیر لەوە دەکاتەوە چۆن ئەم توخمانە زیندوو بکاتەوە و لە کوێدایە کە یاسا هەڵدەواسرێت و ڕێگە بۆ حەقیقەتی دیکە دەکرێتەوە. ئەو نووسەرە میخاییل باختین بوو کە دواتر وەک تیۆریسیەنی گەڕان بۆ پێکەنین، دیالۆگ و ئازادی ناسرا، وەک (تێزۆتان تێدۆرۆفیش) هەر پەرتووکێکی بە ناوی سەودای پێکەنین، ئازادی و دیالۆگ لەسەر میخاییل باختین و بیرکردنەوەی نووسی. باختین، ئەگەرچی هەندێک لە بەرهەمەکانی دواتر ناسران چونکوو لە ترسی سانسۆر بە ناوی کەسانی دیکەوە بڵاو کرانەوە، بەڵام زۆری نەخایاند کە ناوبانگی وەک تیۆریسیەنێکی گرنگی سەردەمی فۆرمالیستەکان و خاڵێکی گواستنەوە لە فۆرمالیسمی ڕووسییەوە بۆ سترۆکچرالیسم سنوورەکانی سۆڤیەتی ستالینی تێپەڕاند و بوو بە یەکێک لە بنچینەکانی نوێبوونەوەی تیۆری زمانناسیی و تیۆری ئەدەبی و بە تایبەت دیالۆژیسم. خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە، لەپاڵ بەرهەمەکانی دیکەی باختیندا، سیمای بیرمەندێکمان پێ دەناسەنێت کە هەموو تەمەنی بیری لای ئەوە بوو کە دەکرێ لە دۆخی جێژندا، هاوکێشەکان بگۆرێن، یاساکان بشکێن، گەدا بە پادشا پێ بکەنێت، دۆخێک کە حاکم و پادشا لەکار دەخات، بە بێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی نوێ بەرهەم بهێنێتەوە، دۆخێک کە جێژنی بندەستانە.
[1]