ناونیشانی بابەت: وەرچەرخان لە خەباتی یەکسانیخوازانەی ژن و پیاودا
ناوی نووسەر: #نەسرین کوردە#
بەهۆی چەوسانەوەی نەتەوەیی و چینایەتییەوە لە کوردەواریدا، چەوساندنەوەی ڕەگەزی و جێندەری یەکێک بووە لەو جۆرە چەوساندنەوەیەی کە دەکرێت بڵێین تا ڕادەیەک فەرامۆش کراوە، بەڵام دەتوانین بڵێین هەمیشە ژن خەباتی بۆ دەکات نەک تەنیا لەو ڕۆژەی پێی دەڵێن 8ی مارس کە گوایە هەر ئەو ڕۆژە ڕۆژی ڕاپەڕینە دژی چەوساندنەوەی پیاوسالاری.
بەڵکوو خەبات و ڕاپەڕینی ڕەگەزی مێینە لە دژی نەریتی کۆمەڵایەتی یان هەر ناوێکی تر کە ژن لەڕێیەوە ئەشکەنجە و سزا دەدرێت. یان دوچاری توندوتیژی دەروونی دەبێت خەباتێکی بەردەوامە، چونکە چەوساندنەوەکە هێشتا بەردەوامە.
ژنانێکی زۆر هەن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە لەناو ئازاری هەمیشەییدان و بەرکەوتەن لەگەڵ تونتوتیژییەکاندا و ئەو دۆخەش بووەتە مۆتەکە لەناو بیر و هزر و جەستەیاندا، ئەمەش بۆ خۆی ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە و کلتوورێکی بەردەوامە و هەمیشە کاری لەسەر کراوە و شەرعییەتیشی پێدراوە.
هەندێک جار ئەو جیاوازیی و چەوساندنەوەیە بووەتە یاسای وڵاتەکە و لە هەندێک بڕگەیدا بە ئاشکرا ڕێگە بە تەمبێکردنی ژن دراوە یان حیلەی شەرعیی بۆ دۆزراوەتەوە تا ڕێگە بە فرەژنی و چەوساندنەوەی ژن بدرێت.
لە دەرەوەی یاساش هەر لەناو خودی بەشێک لە بنەماڵەکاندا، زۆر جار بەشە میراتی ژن خوراوە بەناوی جۆراوجۆرەوە یان بە ئاشکرا بەشەکەی خوراوە، کاتێک کچەکە ناڕەزایی دەڕدەبڕێت یان باسی لەو بڕە میراتییەی خۆی کردبێت، وەک مافی شەخسی و شەرعی کە دەبێت پێی بدرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە بری ئەوەی مافی پێ بدرێت ، دووبارە کەوتووەتەوە بەر تانە و تەشەر و جۆرێکی تر لە توندوتیژیی دەروونی.
ئەم دۆخە بەردەوام نا یەکسانی و بە پلەدووکردنی ڕەگەزی مێینەی لێ کەوتووەتەوە و کەسایەتی ژنی هەمیشە ڕووبەڕووی سەرکوتی جەستەیی و دەروونی کردووەتەوە تا وای لێ بکات داواکردنی ماف نائاساییە و بگرە حەرامیشە! بۆیە ئەم نایەکسانی و ناعەدالەتییە تەنیا بە بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ژنان چارەسەر ناکرێت.
کۆمەڵگەی کوردی ئێستا لەگەڵ ئەوەی هاوشانی شارستانییەکان تا ڕادەیەک هەنگاوی ناوە و خاوەنی مێژوویەکە لە خەباتی سیاسی و چەکداریی و ژنانیش بەدەرنەبوون هەم لە خەباتکاری و هەم لە بەرکەوتنی گورزی نەیارانی کوردەواری، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئیتر توندوتیژیی جێندەری لە کۆمەڵگەی کوردیدا نەماوە. بەڵکوو توندوتیژی و چەوسانەوە و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لەژێر ئەو کاریگەرییە نەرێتیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییە فاشیلەدا هێشتا لەئارادایە. سەرەڕای ئەوەش کە ژنی کورد لە هەموو دۆخەکاندا توانیویانە لەگەڵ پیاواندا هەموو قۆناغەکان تێپەڕێنن، تەنانەت ئەگەر پێویستی کردبێت لە خەباتی چەکداری و سیاسیشدا بەشداربوون و وێڕای ئەوەش ماڵداری و پەروەردەکردنی منداڵیان بە ڕێژەی سەرەکی لە ئەستۆ بووە و لەوای ڕاپەڕینیشتەوە لە سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی دامودەزگاکاندا ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام بەو شێوەیەش هەندێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژیی جیاجیای وەک دەستدرێژی و توندوتیژی و کوشتن بوونەتەوە.
ئەوەی کە بۆ ئێستا پێویستە هەنگاوی بۆ ببدرێت و تا خزمەت بە ژنان و ڕەگەزی مێینە بەگشتی بکرێت ئەوەیە هەموو ڕۆژەکان بە ڕۆژی ژن هەژمار بکرێن نەک تەنیا ڕۆژێک بگەڕێینەوە و سەرلەنوێ نەهامەتییەکان بکەینەوە، چونکە ژن زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا بە یەک ڕۆژ پێناسەی پرسەکەی بکرێت، بەڵکوو هەمیشە ئەو خەباتە ڕۆژانە دەوربکرێتەوە و قسەی لەسەر بکرێت و هەوڵ بدرێت یاسای توندتر دابنرێت بۆ ئەو کەسانەی کە ژن دەکوژن یان دوچاری حاڵەتی خۆکوشتنیان دەکەنەوە لە ڕێی ئەوەی توندوتیژییان بەرانبەر دەکەن جا جەستەیی بێت یان دەروونی، هەر بۆیەش بابەتەکەم تەرخان نەکرد بە 8ی مارس تا بیرمان بێت هەموو ڕۆژێک ڕۆژی جیهانیی خەباتی ژنانە. [1]