ئاسمانی فکرە ئەرزی پاکی دیوانی قسە
عەرشی قەلبی خاس و عامە تەختی سوڵتانی قسە
توحفەیی لایق بە فەخری عالەمی دیبێ خودا
هەر کەلامێکی قەدیمە سەیری عینوانی قسە
ڕۆژ و شەو شام و نەهاری لێ ئەکەن ئەم عالەمە
ڕێزەیی نوقسانی نابێ نیعمەتی خوانی قسە
پیرەزاڵی پووری زاڵێکە ئەگەر دەستی کەوێ
قەبزەیی شمشێری جەوهەرداری بوڕانی قسە
کۆنەباوی شیر و تیری ڕۆستەم و ئەسفەندیار
ئەسلەحەی خامە و زمانە مەردی مەیدانی قسە
بۆ دەمی مەستی مەیی ئیدراکە لێوی کردەوە
لەفزی پڕ مەغزە کە بەستەی نەخلی بوستانی قسە
شانەیی شمشادی فکری نازکی ئەربابی تەبع
بۆ سەری گێسوویی موشکینی پەرێشانی قسە
پڕ لە لەفزی نازکە هەروەک سەدەف بەحری فکر
مەعنییە دوڕڕی یەتیمی ئاوی نیسانی قسە
ئاوی حەیوانە لە شیعری ئابدارا غائیبە
باقییە ناوی موئەببەد مەردی دیوانی قسە
سەبحەیی سەد دانەیی ئەربابی عیرفانە غەزەل
ڕشتەیی باریکی فکرە لەعل و مەرجانی قسە
حەقیە بولبول گوڵ بنێ دایم بە کەللەی سەریەوە
دەستی وەک حەمدی بگاتە چاکی دامانی قسە
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]