ناونیشانی بابەت: سەید تەها شەمزینی.. یەکەمین قایمقامی قەزای ڕواندز
ئامادەکردنی بابەت: #محەمەد هەسنانی#
سەید تەها شێخ محەمەد سدیق شێخ عوبەیدوڵای شەمزینی، لەدایکبووی گوندی نەهری لە ناوچەی شەمزینانی باکووری کوردستان، پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە ناوچەکەدا هەبووە، بەمەش بە بڕیاری سەرپەرشتیاری کارگێڕیی ئینگلیز، بە وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ئەوکاتی عێڕاق، دەهێنرێتە ڕواندز و وەک یەکەمین قایمقامی قەزاکە دەستنیشان دەکرێت.
لەم بارەیەوە، سامان عەزیز ڕەسوڵ، نووسەر و لێکۆڵەر لە قەزای #ڕواندز#، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: دوای دەستنیشانکردنی سەید تەهای شەمزینی لە ساڵی 1923 وەک یەکەمین قایمقامی قەزای ڕواندز، بە بڕیاری سەرپەرشتیاری کارگێڕیی ئینگلیز و بە وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ئەوکاتی عێڕاق، لە ماوەی پێنج ساڵ دەستبەکاربوونی، واتە تا ساڵی 1928 دەستی کردووە بە بنیاتنانەوەی شارەکە و دەوروبەر، لە ڕووی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی جیا جیادا.
هەروەک #حوسێن حوزنی موکریانی# لە یاداشتێکیدا دەڵێت: زۆربەی خانووەکانی شار وێران کرابوون، گوندی کاولۆک بە جارێ وێران کرابوو، کاتێک سەید تەهای شەمزینی دەسەڵاتی گرتە دەست و وەک حاکمی شارەکە دەستبەکار بوو، ئەمنییەت و ئاساییش ڕووی لە ڕواندز کرد، قەڵات ئاوەدان کرایەوە و دوکان و بازاڕ بنیات نران. هەروەها ساڵی 1924 دەستی کردووە بە دانانی بەڕێوەبەری شارەدێکان و دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان و چەندان خزمەتگوزاریی دیکە.
ئەو نووسەر و لێکۆڵەرەی قەزای ڕواندز، ئاشکراشی دەکات: لە سەردەمی میرنشینی سۆران، نزیکەی 300 تۆپ لە کارخانەی وەستا ڕەجەب بۆ بەرگریکردن لە میرنشینەکەی میر محەمەد ڕواندزی دروست کرابوون، بەڵام دوای ڕووخاندنی میرنشینی سۆران لەسەر دەستی عوسمانییەکان، بۆ ئەوەی تۆپەکان نەوکەونە دەست دوژمنی داگیرکەر، فڕێ دەدرێنە ناو ڕووباری #خەرەندی ڕواندز#.
ئاماژە بەوەش دەکات: دوای دەستبەکاربوونی سەید تەهای شەمزینی وەک قایمقامی قەزای ڕواندز، هەوڵی داوە تۆپەکان بدۆزێتەوە و لە ڕووبار دەریان بهێنێت، بەڵام تەنیا سێ دانە تۆپیان دۆزیوەتەوە، یەکێک لەو تۆپانە لە سەکۆیەکی تایبەت لەبەردەم بینایەی قایمقامیەتی قەزای ڕواندز دانراوە، ئەوانی دیکە ش، یەکێکیان لە وەزارەتی بەرگریی بەغدا دانراوە و یەکێک لە تۆپەکانیش لە قشرەی شاری کۆیە دانراوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ ئینگلیز، سەید تەها لە 29ی کانوونی دووەمی 1929 دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی قایمقامی ڕواندز ڕاگەیانووە و رووی کردووەتە وڵاتی ئێران و لە شاری تاران نیشتەجێ بووە، لە ساڵی 1939 لە تاران ماڵئاوایی یەکجارەکی کردووە.
مێژووی رواندز دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش دروستبوونی #میرنیشینی سۆران#، لەسەرەتاکانی سەدەی شازدە. لە ماوەی فەرمانڕەوایی میرنیشنی سۆران، ڕواندز یەکێک بووە لە پایتەختەکانی ئەم میرنشینە، کە لەسەرەتای ساڵانی 1800 میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز کرد بە پایتەختی میرنیشینەکەی، کە دەسەڵاتی ئەم میرنشینە لەسەر دەستی میر محەمەد گەیشتە ئەوپەڕی هێز و توانا، تا ساڵی 1836 لەسەر دەستی عوسمانییەکان کۆتایی بە میرنیشینەکە هات و سەرەتاکانی سەدەی بیست تا ساڵی 1980 چەندین قایمقام ئیدارەی ئەم شارەیان بەڕێوە بردووە، دواتر بە پلانێکی حزبی بەعس قەزاکە کراوەتە ناحیە، دوای چەند ساڵ لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 جارێکی دیکە ڕواندز کراوەتەوە قەزا و چەند قایمقامێک پۆستەکەیان بەڕێوە بردووە.[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=