سەگەکانی (ڕۆژی خۆشەویستی)!
#جەلال قادر#
لە شەوی فالانتاین لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن زەنگیان بۆ لێدام وتیان: نەخۆشێک لێرەیە داوای تۆ دەکات و دەبێت بەزووترین کات بێیت بۆ دیداری! بێگومان یەکسەر زانیم ئەوە دنکەکەمە لە ڕۆژی خۆشەویستی بەتەنیا بووە زەختی دابەزیوە. هەرچەندە دوو دڵ بووم لە چوونم بۆ نەخۆشخانە، لێ سەگێکی بە وەفا بووم ناچار بە ڕێکەوتم.
تەنیا کەسێک بانگی کردبم سەگ ئەوە دەنکەکەم بوو، لەو باوەڕەم ئەگەر دایک و باوکم پێمیان بوتایە سەگ قەبوڵم نەدەکرد، هەر چەند دەزانم ئەوان دڵیان نایەت بە کۆرپەی خۆیان بڵێن سەگ.
دەنکەکەم بۆی ڕووندەکردمەوە کە بۆ نازناوی سەگی لێناوم. دەیوت: تۆ توخمی سەگت تێدایە بە وەفایت، چەندین جار لێت تووڕە دەبم (تەحەمولم) دەکەیت. جار هەبووە بە ساڵ خۆم لێت شاردووەتەوە هیچ تووڕە نەبوویت، هەر کە منت بینیوە گەشاویتەتەوە. کاتێک من قسە دەکەم تۆ گوێ دەگریت لەگەڵ نەغمەی وشەکانم بە چاوەکانت وەڵامم دەدەیتەوە. کاتێک دەست بەسەرتا دەهێنم وەک سەگ دەنووزێتەوە.
دەنکەکەم ڕاستی دەکرد لەو ڕۆژەوەی خۆشمویستووە وەک سەگ بەدوای کەوتووم. ئەوەتا ئێستا بەڕێگاوەم وەک سەگێکی بەوەفا دەبێت بچم فریای بکەوم.
سەگ شتێکی سەیرە ئەگەر خاوەنەکەی پیاوخراپش بێت ئەم هەر بە وەفا دەبێت. کابرایەکی غەدار دەتوانێت بڕێک سەگ ڕابگرێت و پاسەوانی بکەن. خۆشەویستەکەی منیش غەدار بوو، جار هەبوو لەبرسا دەیکوشتم و بۆ پارچەیەک ئێسقان بەدەستی ئەو شێت و هار دەبووم ناچار لە بەردەمی هاتوچۆ بکەم تا بەزەیی پێمدا بێتەوە ئاوڕێکم لێباتەوە. کە پارچە ئێسقانەکەی بۆ فڕیدەدام سەرەتا دەملێسییەوە پاشان بۆ سوپاس کردنی و دەربڕینی خۆشەویستی هەڵدەگژام بەسەر دەست و پێی تا تێر دەبووم لە ماچکردنی. پاشان لەناو کۆشی درێژ دەبووم ئەویش دەستی بەسەرمدا دەهێنا و قسەی بۆ دەکردم منیش سەرم بۆ دەلەقاند.
تا خەومان لێدەکەوت ئەو هەر قسەی دەکرد منیش بۆنی لەشیم دەکرد. ئینجا دەیوت: هەستە سەگە بچکۆڵانەکەم دەزانم تێر نابیت لە بۆنکردنم.
ڕەگی سەگم تێدا بوو، یارم بێبەزەیی بوو جار هەبوو ئەوەندە بیرم دەکرد کەچی ئەو تەقەی سەری دەهات یان ماوەیەک بە دڵ و بە گیان لەگەڵ کەسێکی تر دەڕۆیشت بۆ گەشتوگوزار و وندەبوو، هەر کە دەگەڕایەوە لام کلکم بادەدا و هەڵبەزهەڵبەز بەدەوری دەسووڕامەوە، ئەویش باوەشی بۆ دەکردمەوە بەسەرهاتی گەشتەکەی بۆ دەگێڕامەوە.
ڕۆژێکیان لە خۆم تووڕەبووم و بڕیارمدا توخمی سەگیم فڕیدەم و وەک ئادەمیزاد بژیم، لەم یارە غەدارە دوور کەومەوە، چونکە لەو ڕۆژەوەی خۆشمویستووە بەدوای کەوتووم بوومەتە کۆیلەی و بەئارەزووی خۆی یاریم پێ دەکات.
لە ڕۆژی ڤالاتاین بە جێمهێشت، وتم با قەدری من بزانێت. ئەو ڕۆژەم بەتەنیا بردە سەر، بیرمکردەوە دەموت: بۆ هەردەبێت من نازی یار هەڵگرم.
ئەوەتا لە ڕۆژی خۆشەویستی نەیتوانیوە بەتەنیا بێت و نەخۆش کەوتووە.
گەیشتمە ئۆفیسی نەخۆشخانەکە لە هەواڵی یارم پرسی وتیان: بە تاکسی گەڕاوەتەوە ماڵ.
کەمێک پەست بووم بەڵام چیبکەم ناچار بەرەو ماڵی یار چووم. لە ڕێگا سوپێکی گەنمەکوتاوم بۆی کڕی کاتێک گەیشتمە ماڵی بینیم لەسەر قەنەفەکەی ڕاکشاوە و بڕێک حەبی لە دیار سەری داناوە.
بە بێدەنگی سوپەکەی دەستم لەسەر سینییەک دانا و لە دیار سەری دانشتم، بێ ئەوەی هیچی لێ بپرسم لەسەرخۆ بە کەوچک سوپەکەم خستە دەمی. پاش ئەوەی تەواو تێربوو، ئینجا قاپە سوپەکەم خستە باوەشم و هێواش هێواش چووڕم کرد.
قاپەکە تەنیا تەڕایی سوپەکەی تێدامابوو لەتێک نانم هێنا و پێدا لێسامەوە، سەیرێکی یارم کرد دەستێکی بەسەرمدا هێنا و خەندە لەسەر لێوەکانی شکۆفەی دەکرد.
منیش نووزامەوە و خۆمکرد بە باوەشیدا![1]