سێبەری گۆنای یار
#جەلال قادر#
مۆمی ژوورەکە سێبەری گۆنای یاری لە دیوار نەخشاند بوو. چەند تاڵە موویەک بە لێوار گۆنایەوە شۆڕ بووبوونەوە لەبەر جوانی جووتە مەمکی، وەک هەنگ شیلەی گوڵ بمژێت نووسام بە سێبەری دیوارەکەوە و پێیا هەلگژام مەمکی وەک باڵی پەپووڵە لەناو لەپی دەستم هەڵدەوەری. بە پێنووسێ سکێچی لەشی یارم کێشا.
یار: ئەوە چی دەکەیت؟
-گەر کەسێ عاشقبێ دەبێت سێبەری یاری خۆش بوێت!
یار: وەرە دڵەکەم ماچێکم بەرێ!
دووبارە هەلگژام بە لەشیدا، هەڵوەستەیەکم کرد لە لەشیم ڕووانی.
یار: بۆ واسەیرم دەکەیت؟
-دەمەوێ خانەکانی لەشت ببینم!
یار: چۆن؟
-دەیبینم خانەکان چۆن هەناسە دەدەن و زیندوو دەبنەوە!
یار: خۆشم دەوێ.
بیست ساڵە هەر بەخەیاڵ لەگەڵ یار بووم ئەو خەیاڵانەی دەمکرد هەموو هاتنە دی. مەمکی ئەندازەی ناو لەپی دەستم، لەشێکی ئەسمەری تاریک دەمێکی شیرین لێوێکی باریک باڵایەکی بچکۆڵانە. ئێساش بۆ یەکەم جارە لەگەڵم دەنوێت چۆن بنووم کاتێک یار لەگەڵما بێت کێ ناڵێت سبەینێ بەجێم ناهێلێت؟!
لە فڕۆکەخانە بە تاقە گوڵێکی سوور پێشوازیم لێ کرد. یەکەم ماچم بوو بێترس لەیەک ئاڵاین فرمێسکی یەکترمان مژی. لەسەر ئەم ماچ و باوەشە لە وڵاتانی دواکەوتوو بەرد باران دەکرێین. بردمە ناو ماشینەکەم کە بەگوڵ ڕازاندبوومەوە بووین بە بووک و زاوا. یار سەری سووڕما وتی: دەمزانی تۆ شێتیت.
کاتێک گەیشتینە ماڵ هەر بە گوڵ وێنەی دڵێکم بە دەرگاکەوە نەخشاندبوو، باوەشی پێمدا کرد و وتی: بۆ وام لێ دەکەیت؟
وتم: چاووت بچووقێنە!
بردمە ژوور و دەرگام داخست وتم: بۆنی چی دەکەیت؟
وتی: بۆنی گوڵ و دار و درەخت دەکەم.
ئاوازی دارستانم داگیرساند ژوورەکە پڕ بوو لە دەنگی چۆلەکە و کەناری. چاویم کردەوە. هەر بەقەد دیوارەکەوە جووتم کرد و تێر دەمی یەکترمان مژی. تەختی نووستنم بە پەڕەی گوڵ ڕازاندبووەوە لە یەکتر ئاڵاین. پاشان خۆمان شۆری خاولییەکانم بە بۆنی گوڵاو کردبوو یار وتی: تۆ زۆر شەیتانیت!
لە برسا چوینە چێشتخانەکە فڕنەکەم کردەوە ئاشی (شێخ مەحشیم) بۆ کردبوو، تێرمان خوارد. دیسانەوە چووینەوە سەر جێگا و شەڕە ماچمان کرد. دوو چای شیرینم هێنا و بەدەم قسەکردنەوە و باسی یادەکان خواردمانەوە. کات خێرا تێپەڕی نیوە شەومان بەسەرهات.
یار وتی: مۆسیقای چیت هەیە؟
-ئینگلیزی، فارسی، فەڕەنسی، ئیسپانی یا کوردی؟
وتی: ئیسپانی!
بتڵێک شەرابم کردەوە سەرو پەرداخێک شەرابی ئیتاڵیمان نۆشی. یار سەری گەرم بوو سەمای لەگەڵدا کردم. لە دڵی خۆم وتم: ئۆخەی بە ئاواتەکانم گەیشتم.
ماندوو بووین چوینە سەر جێگا ڕاکشاین ئەو چاوی چووە خەو منیش خەواڵوو بەدیار جوانیدا ڕامابووم.
لەم کاتەدا بوو سێبەری گۆنا و لەش و لاری بە قەد دیوارەکەوە سەرنجی ڕاکێشام. پێنووسەکەم هێنا و سکێچی لەشیم کێشا، پەنجەکانم پینووسەکەیان بە تووندی دەگرت و بەهێواشی دیوارەکەم ڕەشدەکردەوە. لەشی یار ماندو و شەکەتی کردم. نازانم کەی خەو بردمییەوە.
کاتێک بێدار بوومەوە تەنیا لەسەر جێگا ڕاکشابووم. ماڵەوەم پشکنی یار جێیهشتبووم چونکە لەسەر دەرگای ژوورەکەی نووسیبوو: تۆ کەسێکی ئاسایی نیت، ببوورە دەبێت بەجێت بهێڵم.
لەم کاتە ماڵەکەم بۆنی شەراب و نان و گوڵاوی تێکەڵ پێکەڵ کردبوو، بتڵە شەرابێکیترم هەڵچڕی و چوومە ژوورەکەم بە دیار سکێچی یار دانیشتم بە پێنووسەکەم دووبارە قژی ڕەشیم شانە کرد مووەکانی سەرگۆنایم لار کردووە، هێڵکاری لەشیم کرد تا نووکی پەنجەکانی پێی. ئامادەم تا بیست ساڵی تر لەگەڵ سێبەری گۆنای یار بژێمەوە.[1]