ئازیزم من تەنیا بەڵێنکم بەس بوو!
#جەلال قادر#
لەو ڕۆژەوەی (نەرمین)م ناسی بووم بە شاعیر و هۆنراوەم لێ دەباری. هەرچی برادەر و گەنجی گەڕەک هەبوو لێم کۆدەبوونەوە کۆپلە هۆنراوەیەکانیمان دەنووسیەوە دەیان بەخشی بەسەر دەزگیرانەکەیان.
دێڕی هۆنراوەکانم بەسەر بەژن و باڵای نەرمین و خزم و کەسەکەی نەرمین.. تەنانەت هۆنراوەم بەسەر شارە مێروولەکەی حەوشە و درزی دیواری ماڵیشیان نووسی. کەس نەما نەزانێت کە من چەندە نەرمینم خۆشدەوێت.
لە ئەنجامدا نەرمین ڕازی بوو شووم پێبکات بە مەرجێ هەردەم هۆنراوەی بەسەردا هەڵدەم!.
لەو ڕۆژەوەی نەرمینم خواست یەک دێڕە هۆنراوەم بۆ نەهات. مانگی یەکەم هەر وەک هەنگ بەسەر گوڵەوە شیلەم دەمژی، مانگی دووەم ڕووتم دەکردەوە تێم دەڕووانی، دەموت: ئافەرین یەزدان بۆ ئەو دەستە ڕەنگینانەت. مانگی سێیەم نەرمین کەوتە بۆڵەبۆڵ و گلەیی دەیوت: ئێستا بۆ هۆنراوەم بەسەر هەڵنادەیت؟
دەموت: لەش و لاری تۆ منی بەنج کردووە و هۆنراوەم بۆ نایەت!
وتی: من گومانم هەیە هۆنراوەکانت دەدزی!
وتم: نا ئازیزم .. عەشق دزی تێدانییە و خۆشم دەوێیت، لەو ڕۆژەوەی تۆم ناسی هۆنراوەم لێ دەباری.. لەو ڕۆژەوەی تۆم خواستووە هۆنراوەکانم وەک سەهۆڵ بەستوویەتی.
وتی: من کەسێکم دەوێت هۆنراوەم بەسەردا هەڵبدات، نامەوێت بەدیار تۆوە دانیشم ئەگەر نەبیت بە شاعیر!
وتم: من شاعیرنیم ..من کەسێکی عاشقم ..کاتێک تۆ لەگەڵمدای چێژ لە ژیان وەردەگرم.
وتی: بەجێتدەهێڵم …
وتم: نەکەی بەجێمبهێڵیت لە دوای تۆ سەرگەردان دەبم..
پێش ئەوەی بەجێم بێهێڵیت لەسەر پێستی مەچەکم ناویم کوتا.. ئەم کوتانە ئازاری لە چاوەکانم دەرهێنا.
کاتێک پیشانی نەرمین دا و وتم: سەیرکە نەرمین گیان.. ناوتم لەسەر دەستی ڕاستم کوتاوە.
وتی: ببوورە .. زۆر درەنگ هاتی من دەڕۆم.
بێبەزەیی بوو بەجێی هێشتم، نەیزانی چ جۆرە عەشقێک لە دڵما پەنگی خواردۆتەوە.
چەند مانگێگ بەسەر ئەم جووداییەم بەسەر چوو، خەم باری بەسەرمدا.. دووبارە هۆنراوە وەک کانیاو لەناو دڵم خولپەی کرد و و هاتە نووسین.
ئەم جارە هۆنراوەکانم لە گیرفانی عاشقە بریندارەکانی شار دەدۆزرایەوە.
کۆپلە هۆنراوەکانم سەریان سپی بوو.. شاعیرێکی وەجاخ کوێر بووم تا ئەو کاتەی لە دیداری کچێکی چاو دەنکە ترێ میوان بووم.. ئەم کچە شۆخ و شەنگە ڕووخساری وەک ئەستێرە دەدرەوشایەوە.
زۆر دەترسام ئەم کچە بخوازم و هۆنراوەکانم کۆتایی بێت.. لەوەش ترسناکتر ئەوە بوو ناوی نەرمینم لەسەر مەچەکم نووسیبوو.. بچمە داخوازی هەر کچێک و دەستم ببینێت پێم دەڵێت: نامەوێت لەگەڵ کەسێکدا بژیم دەستی بگرم و ناوی کچێکی تری لە دڵدا بێت!
ناوی نەرمین بوو بە لەکەیەک بە جەستە و ڕۆحمەوە، لەگەڵ هەر ژنێکیش بژیم ئەم ناوە ببینێت بریندار دەبێت و بەجێمدەهێڵێت.
هۆنراوەکانم بوون بە کێچ و گیانیان دەخوراندم و دەیانوت: بڕۆ خۆت بکوژە .. ئەم ژیانە بۆ تۆ تاڵە!
هۆنراوەکانم خەمیان لێ دەباری.. هەرچی گەنجی عەبەسی شارەکەم هەبوون باڕ بە باڕ بە دوام دەگەڕان و لەسەر مێزەکەم دادەنیشتن و هۆنراوەکانیمان کۆپی دەکرد.
لەگەڵ ئەم هەموو ڕەشبینیەم کەچی دڵم هەر لای کچە چاو دەنکە ترێیەکە بوو. تا ڕۆژێکیان هۆنراوەیەکم بۆ هات بە ناونیشانی (ئەو عاشقەی دەستی خۆی بڕی بۆ مەعشووقەکەی) وتم: بە کچە چاو دەنکە ترێکە دەڵێم من ئامادەم دەستی خۆم ببڕم لەپێناو خۆشەویستیت.. ئەو کات بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژم هەم ناوی نەرمین نابینێ لەسەر دەستم، هەم ئەو بە پەرۆشتر دەبێت بۆ ئەوینەکەم!
ئێوارەیەکیان ڕێگام لە کچە چاو دەنکە ترێکە گرتوو پێموت: من عاشقی تۆم ئامادەم دەستێکی خۆم ببڕم لەپێناو ئەم خۆشەویستییە!
پێی وتم: بیستوومە تۆ شاعیری، پێویست ناکات دەستت ببڕی، هۆنراوەم بەسەر هەڵدا.
وتم: ئازیزم هەر کاتێک تۆ بخوازم هۆنراوەکانم هەرەس دێنن.. ناتوانم یەک دێڕ بنووسم.. تکات لێ دەکەم با دەستێکم ببڕم.
وتی: دەستت مەبڕە بەڵێن بدە خۆشمت بوێت.
وتم: بیگومان خۆشم دەوێیت.. بەس دەستەکانم کەلەپچەکراون.. چۆن بە کەلەپچەکراوی بتوانم قامکەکانم بە نێو قژتا بهێنم.
وتی: من لە هۆنراوەکانی تۆ تێناگەم، دەکرێت بە سادەیی پێم بڵێیت دەتەوێت بڵێیت چی؟
وتم: منیش لە تۆ سادەترم ..بەس ژیان ئاڵۆزی کردووم.. بە کوورتی دەمەوێت بڵێم ئەم دەستەم بووەتە بەڵایەک بەسەرمەوە.. دەستی چەپم ڕاتدەکێشێت و دەستی ڕاستم ناهێڵێتت نزیکم کەویت.
وتی: بێنە ئازیزم.. با کەمێک دەستی ڕاستت بشێڵم بەڵکوو دڵ نەرم بێت و بەزەیی بەم عەشقەمان بێتەوە!
قۆڵی قەمیسەکەم هەڵبڕیی و بازووی دەستم بەڕووتی کەوتە بەر چاوی.
هەر کە بینی ناوی (نەرمین)ی لەسەر کوتراوە سەری سووڕما و باوەشی پێمدا کرد.
سەرسام بووم لەم کارەی.. نەمدەزانی چی پێ بڵێم.. هاتم بلێم: بمبوورە ئەگەر بریندارم کردووی!
ئینجا چاوە دەنکە ترێکەی لێ بڕیم و وتی: ئەوە چۆن ناوی منت زانیوە؟ چۆن دڵت هات ئازاری دەستت بدەی.. ئازیزم من تەنیا بەڵێنکم بەس بوو![1]