ئەو وشانەی نووسیومە ماوەیەکە کۆمکردووەتەوە، زۆر بەکەمی لەدەو و زارانی ڕۆژانە بەرگوێمان دەکەوێ، زۆرێکییان لە فەرهەنگی کۆنی کوردی هەن بەتایبەت لە هەنبانە بۆرینە، هەندێک وشە تایبەتە بەدەشتەکییەکانی هەولێر، هەندێکیش بە موکریان، یان لە زۆرێک ناوچەکان بەکاردێن. وەک:
باقۆڕە: کوودەڵە بەراز، بێچووە بەراز
باتیسک: خوشکەژن
بازدەبەران: بازەبەران، هەفتەی کۆتایی ڕەشەمە، یان 18و19و20-ئادار
تامووسک: داموسک: داوی کلکی ئاژەڵی یەک سم وەک ئەسپو گوێ درێژ.
تەرەبوون: سرک
تەشکەبەڕ: بەڕی درێژوکانی
تەشک: لنگ و لەتەر
خاسەڕەنگ: ڕەنگی سوور کە کاڵ نەبێتەوە، گڵی سوور کە بۆ دەرمان دەبێت.
خم: هەش، ڕەنگی نیلی (شینی تێر) لە بەری گیایەک درووستی دەکەن داوە و بەنی پێ بۆیەی شین دەکەن.
خوترمە: بەرچیغ کە سەلکە دارێکی ئەستووری پێوەبێ، کوتک لە دار درووستکرابێت.
دڕن: بۆنی تەگەی پەڕیو، کە ئاوی نێرینەی بەلاق و لەتەری دەنووسێت و بۆنێکی ناخۆشی لێ دێت.
دووزین: ئەسپ و ماینی تەمەن چوار ساڵ. ئەسپ و ماین لەسێ ساڵی زین دەکرێن و باریان لێ باردەکرێت، کەدەبتە چوار ساڵ واتە دووساڵە بار هەڵدەگرێت.
ئێمەنی: جۆرە پێڵاوێکی سووری بێ پاژنەیە.
سوغر: سغر، توێژی پێست، دەڵێت (سغری ناشیرنە یان قوورسە)
سنتر: منداڵی بێ باوک، هێتیم (یەتیم)
شیراوشیر: بەو ژنانە دەگوترێت هەموو ساڵێک منداڵی دەبێت، شیری لە مەمکی نابڕێ.
گورگەمێش: گوجیلەی دووڕەگ لە سەگ و گورگ
گەریێ: قۆرتێ گەردەن کە ئافرەت ملوانەکی پێوە دەیەخێت.
ماینە: ماڵێک وەجاغیان تەنیا مێینە بێت، پێچەوانەی نێرەوەزە.
مۆزە مۆز: گەڕان و خولدانی کوڕ یان پێاو بەدەوری ژنێک یان کچێک .
هەو: جلیتبازی، عەگیداتی
پێشینان گۆتیتییان: لەسواران هەوەک ..... لەزستانان شەوەک
واتە سوار ئەو سوارەیە کە جلیتبازی و سوار سوارێن بکات بە لێزانانە، زستانیش ئەوەیە کە شەوەکی سارد و تاریک بێت.
یەک لەو ڕایە کۆنانەی کە هەیە لەسەر ناوی هەولێر، ئەوەیە ئەو جوگرافیەی ئێستا پێی دەگوترێت هەولێر پێشتر ساڵانە سوار هەویان لێکردووە و جلیتبازی و غارغارێنییان لێ کردووە، گوتوویانە هەو لێرە واتە سوارسوارێن لێرە. بۆیەش ئەو پەندە لە بنزاری دەشتەکییەکانی هەولێر هەرماوە .
هەروەهاش گۆتیتییان: هۆ هۆیە: هەرکەس لۆ خۆیە.
واتە کە سوار سوارێن دەکەن و ڕمبازی دەکەن دەبتە هۆ هۆی سواران، هەر کەس دەیەوێش بۆ خۆی لە پێشبڕکێ و یاریەکە بە سەرکەوتوو دەرکەوێت.
سۆتن: سووتان
پێشینان گۆتیتییان: زۆر گۆتن .... لە زگ سۆتنە
واتە کەسێک کە ئامۆژگاری و قسەی زۆر بۆ کەسێکی نزیکی دەکات لە خەمخواردنییەتی.
چرای شیرباق: چرایەک بە ڕۆنی کونجی دابگیرسێت.
پێشتر بۆ کارێز درووستکردن لە هەولێر و لە کاتی لەغەم درووستکردن وەستاکان چرای شیراباقی، واتە ئەو چرایەیان بەکار دەهێنا کە بە ڕۆنی کونجی دادەگیرسا، چونکە ڕۆنی کونجی ئاگرەکەی ئۆکسجینی کەم دەوێت.
پارێز: خۆ مەڵاس دان.
زیاتر ڕاوچی پارێزی خۆیان لە نێچیر وەردەگرت، خۆیان مەڵاس دەدات هەتا نێچیرەکە لێیان نزیک دەبووەوە و دەیانگرت یان دەیان کوشت، لە حەیرانیش پارێز بەکار دەهات بۆ گرتنی کچە حەیران .
بازگە: ڕێچکەی مامز و ئاژەڵی کێوی کە بۆ ئاوخواردنەوە دەیانگرتەبەر و پێی دادەڕۆیشتن، ئێستا بازگە لەجیاتی (سیطرە)ی عەرەبی بەکاردێت کە لە جادە شەقامە سەرەکییەکان دادەندرێ. لێک نزیکن هەمان مانای کۆن دەگرێتەوە، پێشتر ئاژەڵی کێوی ناچاربوو پێی دابڕوات بۆ ئاو خواردنەوە، ئێستا ئۆتۆمۆبێلی ڕێبواران ناچارن پێی دا بڕۆن.
سەرچاوە: #عەباس نادر قادر#
Abas Nadr
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە!