ناونیشانی بابەت: لە سنووری بەردەڕەش کەسانی نەناسراو گردێکی شوێنەواری هەڵدەکۆڵن
ئامادەکردنی: رەزوان رۆژبەیانی
لە گوندێکی سنووری قەزای #بەردەڕەش#، گرووپێکی نەناسراو، بەمەبەستی گەڕان بەدوای پارچەی شوێنەواری و ئاڵتوون، گردێکی شوێنەواری هەڵدەکۆڵن و لەدوای خۆیان ئێسکوپرووسکی مرۆڤ و خشتی دروستکردنی خانووی کۆن جێ دەهێڵن.
لەمبارەیەوە، هیوا شەماڵ، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری #ئاکرێ#، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: ”ئێمە ئاگەدارین، کە لە گوندی گرێگا لە سنووری قەزای بەردەڕەش، گرووپێکی نەناسراو بەدوای ئاڵتوون و پارچەی شوێنەواریدا گەڕاون و دەستدرێژییان کردووەتە سەر گردێکی شوێنەواری، لەدوای خۆیشیان ئێسک و پرووسکی مرۆڤ و خشتی کۆن، کە بۆ دروستکردنی خانوو بەکار هێنراوە، جێیان هێشتووە.“
ڕایشی گەیاند: ”وەکوو شوێنەواری ئاکرێ لێژنەیەکمان پێک هێناوە و سەرەدانی ئەو شوێنە دەکەین و ڕاپۆرتی خۆمان بۆ قایمقامی قەزای بەردەڕەش بەرز دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەوان ڕێوشوێنی لەبەرانبەردا بگرنە بەر.“
گوتیشی: ”ئێمە نازانین چ کەسانێکن ئەم جۆرە کارەیان کردووە، بەهەر شێوەیەک بێت، ئەمە دەستدرێژییە بۆ سەر شوێنەوار و شارستانیەتی کۆنی ئێمە.“
ئاشکرایشی کرد، ئەو جۆرە گردانە لەو سنوورە زۆرن، مێژوویان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووری و #ساسانییەکان#، بەڵام پێویستمان بە کنە و پشکنینی زیاترە، بۆ ئەوەی لە چینەکانی خۆڵەکە بکۆڵینەوە و زنیاریی زیاترمان لەسەر مێژوو و سەردەمەکانیان دەست بکەوێت.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!