یەک ڕۆژ لە #هەولێر#ە نازدارەکەم
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
زۆر لەمێژە ڕۆمانەکم خیندیتەوە بەناوی (ئالەت زەمەن)ی هەربێرت جورج وێلز، لەو چەند ڕۆژانەشدا فلیمەکەم دیت کە ئەویش باسی ئەو ئالەتە دەکاتن کە چەند سارەکت بوێ دەتباتە پشتەوە. ئەوجا بەڕاستی ئەمن حەنینم لۆ سارانی شێستەکانی هەولێرم هەستایە و خۆزگە دەخوازم ئەو ئالەتەم ئێستا دەستبکەتبایە بەرکو سەفەرەکی ئەوێ سارانم پێبکردبایە و لۆ چل پەنجا سارەکی بەگەکەم لێبدابایە و بگەڕابامایە دواوەوە. ئەوجا با لۆتان باسکەم کوو ئەو ڕۆژەم دەبردەسەر.
سبەینی زوو لەسەربانی مارەکەمان دەهاتمە خوارێ جامەک ئاوم لەکووپەکەی حەوشەمان دەخوارد و شەروار و قەمیسەکەم لەبەر دەکرد و هێدی هێدی لۆلاى شێخەڵڵا شۆڕ دەبوومەوە. لەجادەی شێخەڵڵا چاوم بەو عارەبانانە دەکەت کە ڕویان لەگومرگی سەیداوەی کردیە لۆ ئەوەی ڕزقی ڕۆژانە بکرن لۆ دوکانەکانیان. هەر لەسەر ئەو جادەیەش چاوم بەو پیرەژنانەی دەشتێم دەکەت کە ماست و پەنیریان هینایە و لەپێش دوکانی مام سمایلی بەکێشانی جغارە عارەبیەکانیانەوە دانیشتینە و هەندەک قاپی سەرتووشیان لەپێش خۆیان دانایە کە پیاو حەز دەکا بەس تەماشایان بکاتن، لەولاشەوە چەند مەنجەرە ماستەکی بەتار داندراینە کە ناوی فەلاحەکان بەبۆیاخی شین لەسەریان نووسرایە.
هەندەک تێدەپەڕیم لۆ لای سەروەتر سەیارەی قەسابخانەم دەدیت کە شاگردە قەسابەکان خەریکی داگرتنی لاششەی حەیوانەکانن و لەسەر قەنارەکە هەریان دەواسن. لەلای دوکانی قەسابەکانەوە دەسووڕامەوە لۆ لای مەخفەری خانەقا ئەوە عەریف حوسێنە لەپێش دەرکەى دانیشتییە و خەریکى لەفکردنى جغارەکەیتى. هەر لەوێ چاوەکەم دەگێڕایەوە لای نادی مۆزەفین کە دەرگای لای مەتبخەکەی کرایتەوە شاگردەکانی مام تۆما خەریکی بارکردنی سندوقە بەتارەکانی بیرە و عارەقەکانی شەوى ڕابردین. دوای سەلامەک لەمام عەتۆ و شەمعون و سەباح وردەوردە شۆڕ دەبمەوە لای جادەی قەرات، ئەوە مام سەید سەلیم دەبینم بە سمێرە ڕەشە جوانەکەیەوە لە پشت مەنقەرە ڕەژووەکەوە خەریکی تێکەولێکەی قۆریەکانیتی، لە بەرامبەریشی حاجی مەعروف کەبابچیش خەریکی برژاندنی چار پێنج شیش کەبابە لۆ ئەو فەلاحانەی ماستەکانیان فرۆشتییە و چاوەڕێی گەڕانەوەى پەستەکانیان دەکەن لۆ گەراجى دیبەگە هەتا بگەڕینەوە گوندەکانیان، ئاخر لە هەولێرێ مەسەلەیەکی زۆر باو هەیە کە دەرێ هەر فەلاحەک بێتە هەولێر و کەبابی نەخواردبی مەعنای وایە هەولێری نەدیتییە.
دوای هەندەک سوعبەت لەگەر (کسۆک) کە هەمودەم لەپێش کەبابخانەکەى حاجى مەعروفى ڕادەکشا، شۆڕ دەبمەوە لۆلای ڕێزە دوکانەکانی بن قەراتێ، ئەوەتا لە دوورەوە گێم لەدەنگی عەبدولباستە لەسەماعەی خاریجی تەسجیلاتی حاجی عەبدولەتیفەوە سووڕەتی (حەشر) دەخینی و هەولێری هینایتە لەرزین بەو دەنگە موبارەکەى عاسمانییەوە. هەر لە بەرامبەر ئەو تەسجیلاتەوە بەتەنیشت دوکانى مام ساڵ شۆڕ دەبمەوە لۆ بازاڕی نەجاڕان ئەوەتا مام موحسین دانیشتییە سینی قەیماغەکەی هێشتا بەتار نەبووە، یەکسەر لەفڕنییەکەی تەنیشتییەوە دوو نانی گەرم دەکڕم مام موحسینیش بایی سەت فلس قەیماغی شەهابە عارەبم لۆ لەسەر نانەکە دادەنێ و ڕوو دەکەمە چایخانەی مام خەلیل بە دوو چای گەرمەوە نۆشی گیانمی دەکەم.
لەوێوە جەولەیەکی خۆشی بازاڕەکانی قەیسەری دەکەم، تەنەکەچییەکان، چەچخماچییەکان، حەدادەکان، قوماشفرۆشان، قەسابەکان، سەوزەفرۆشەکان. لۆ نیوڕانەکەشی دەچمە مەتعەم تاجریان و برنج و قییمەکەی وەستا یوسف دەخۆم و دوایی لە چایخانەی عەبۆ دەگیرسێمەوە و لە چاوەڕوانی هاتنی مامۆستا بورهان و جەعفەر گاگۆ و کەمال محەمەد قادر و شێروان عەبدوڵڵا و هەندەک بەسەر سەری پیرمێردە دامەچییەکانی ڕێزی پێشەوەی چایخانەکەش ڕادەوستم گوێ لەقسەخۆشەکانیان دەگرم. دوای گەیشتنی برادەرەکانیشم هەتاکوو ئێوارە خەریکی بلیارد و موناقەشاتی فیکری خۆمان دەبین.
ئێوارەش باژۆ لۆ گازینۆ لەیالی ئەربیل و گێگرتن لە نوکتەکانی مام نوعمان و شەڕە خۆشەکانی لەگەر عەبدوڵڵا تۆفیق و وەستا غەنی. لەوێش لەگەر سەردار و تاریق و نیازی کوڕە جوانەکانی جەلال خەلیل دادەنیشین و بەحس و خواسی دونیا دەکەین.
لۆ جەمی ئێوارەش کاکە حیسام قەراتی دوو شیش تکەی نازدارمان لۆ دەینی و بەبیبسیەکی تیژەوە دەیخۆین، وەختی سینەماش کە دێ هەموومان پێکەوە ڕوو دەکەینە سینەمای حەمڕا لۆ دیتنی فلیمی عەبدولحەلیم و سەباح لەسینەما سەیفیەکەى..
ئەوجا جارەکیدی سواری ئالەتولزەمەن دەبمەوە دێمەوە سەر ئەرزی واقیع و سەرگێژ کردنم بە کۆرۆنا و و کێشە و قەیرانەکانی ئاوو کارەبا و دواکەتنى معاش دەهێلم..[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!