هۆنراوەیەک لۆ #هەولێر#ەکەم
نووسینی: #شێرازاد شێخانی#
هەموو خاکى وڵاتەکەم لۆ خۆتان ببەن. بیکەن بەمەزرەعەى پڕ گوڵ و گولزار و کچى چاوشین و پرچ زەرد. چاردەورى بکەنە سیاجى برند برند،
تەنیا زۆبایەکى دار و ژوورەکى گچکۆکەى گوندەکى قەد شاخى ئەو کوردستانەم بدەنێ!.
زەوى هەموو شارەکانى کوردستان داگییرکەن. بیکەن بە شوققە سیتى و فێللا و تەلارى بەرزى بەرەو عاسمان..
تەنیا سووچى ژوورەکى حەسارى کۆڵانە تەسک و تەنگەبەرەکانى #گەڕەکى عارەبان# یان #خانەقا# م بدەنێ!.
سامانى نەوت و گاز و داهاتى بەغداش لۆ خۆتان ببەن..
تەنیا پارەى لەفەیەکى گەسى مام ئەلیاسى بەرامبەر دەرکەى ئۆرۆزدیم بدەنێ!
سەیارە مۆدیل بەرزەکانى وەنەوەشە و لێکزس و تاهۆ و لامبورجینى لۆ خۆتان ببەن.
تەنیا ڕینگى پاسکیلەکم بدەنێ کاتى عەسران لەسەر پردى #سەیداوە# یارى پێبکەم!.
پۆست و پلەوپایەى وڵات پێشکەشتان دەکەم،
تەنیا بمکەن بە فەڕاشى مەکتەبى خالیدیەى تەنیشت قەبرستانەکەى شێخ عومەر!.
هەرچى شەهادەى دکتۆرا و ماجستێر و بەکالوریوس هەیە لۆ خۆتان تەزویرى بکەن.
تەنیا وێنەیەکى مامۆستا عزەدین فەیزى و موسى عەبدوسەمەد و عومەر ساقیم بدەنێ!.
هەرچى مەلا و خەتیبى مزگەوتە بیانکەنە کۆیلەى خۆتان..
تەنیا دیوەخانەکەى ڕەشاد ئەفەندى موفتیم لۆ ئاوەدان بکەنەوە!.
هەرچى لەو وراتەى مندایە لۆ خۆتانى ببەن،
بەس ڕێگەم بدەن:
-چایەکى شیرینى دەستى سەید سەلیم بخۆمەوە.
-قاوەیەکى تاڵى دەستى مام نادرى گازینۆ عەبۆ بخۆمەوە.
-لۆبیایەکى سبەینانى مام برایمى پێش دەرکەى قەڵات بنۆشمەوە.
-پیاسەیەکى نەرمى جادەى باتا و ئەسواق سیروان بکەمەوە.
-دە دەقە لە دوکانەکەى ئەلسباغ ئەلموئەدب دانیشم و ماچەکى تەڕبووشەکى بکەم وگێ لە نوکتەکانى بگرمەوە.
-لەجادەى سینەما حەمرا دەمێک تەماشاى مەمەدە شێت و عارەبانەکەى بکەمەوە.
-یەک پەرداغ ماستاوى ساردى کەلەتەزێنى مام سابیرى شێخەڵڵا بخۆمەوە.
-جارەکیدى لەسینەما سیروان سەیرى فلیمى سەنگام و ئوم ئەلهند بکەمەوە.
-ئێوارە سەعاتەک بلیارد لەگەر کەمالە درێژ و نەجات عوسمان و جەعفەر گاگۆ بکەمەوە.
-شەو سەردانى دوکانى مامۆستا ئازاد قاوەچى لاى مزگەفتى کوێتى بکەم و یادەوەرى ساڵانى ئاڵتونیمان بگێرینەوە.
-جارەکیدى گێ لەدەنگى پەرەمێزى حەمامى شەوانى گێژنەى ڕەمەزان بگرمەوە.
-پێش نووستن پڕاوەیەکى جلک و بەرگى گێژنەى قوربان بکەمەوە.
-زستان لە بەردەم سۆباى عەلائەدین قەمسەڵە تەڕەکەم هیشک بکەمەوە..
-ئێوارەى هاوین قومێک ئاوى شەربەى سەر دیوارەکە بخۆم و بچمە باوەشى داپیرە نەزۆ و گێ لەحیکایەتە خۆشەکانى بگرمەوە.
-شەو لەسەر پشت لەسەر دۆشەگى سیرا پاڵدەمەوە و تەماشاى ئەستێرەى حەفت خوشکەکە بکەمەوە.
هەموو شتەکان لۆ خۆتان ببەن..
تەنها یادەوەرییەکانم بۆ بەجێ بهێڵن..
یادەوەرى ئەو زەمەنەى ئینسان ئینسان بوو، ژیانیش مانایەکى هەبوو..[1]
باقى وەلسەلام ...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!