بۆچى زەمەنەکەى ئێمە ئاڵتوونى بوو؟
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
زۆر لەمێژە جیلى خۆمان، واتە جیلى پەنجا و شێست و حەفتایەکانم بەجیلى ئاڵتوونى وەسفکردیە. تەبعەن لەنووسینەکى پێشتریشمدا وەسفى جیلى پێش خۆمانیشم بە (جیلى ئەڵماسى) وەسفکردیە، چونکى بەڕاستى لەسەردەمى مەدا بەها و ئەخلاق و خۆشەویستى و خزمدۆستى و سیلەى ڕەحم و عیلاقەى جیرانەتى لەوپەڕى بەرزیدا بووە. هەر خۆشمان نا، زۆربەى نووسەر و کەسایەتییە دیارەکانى کۆمەڵگەکانى ترى دونیاش جیلى ئەو سەردەمانە بە ئاڵتوونى وەسف دەکەن.
لەنووسینەکى نووسەرى گەورەى لوبنانى (سەمیر عەتالله) لە جەریدەى (الشرق الأوسط) دا مەقالەیەکى جوانیم خیندەوە کەباسى بابى خۆى دەکا لەساڵانى پەنجایەکان. لە وتارەکەى بەناوى (کیس البرتقال) دا دەڵێ: لەو سەردەمەدا ڕۆژانە چاوەڕێى گەڕانەوەى بابمان دەکرد. ئەو کاتەى بابم بەزەرفەک پڕتەقاڵەوە دەگەڕایەوە ماڵەوە. یەکەم پڕتەقاڵى دەدایە خوشکەکەى کە لەگەرمان بوو، چونکى پڵکم دواى ئەوەى مێردەکەى مرد لەماڵى ئێمە دەژیا و لەبەر ئەوەى ژنەکى کۆست کەوتوى خەمبار و داماو بوو، بابم زۆر زگى پێدەسووتا و هەمیشە ڕێزى لێدەگرت لۆ ئەوەى هەندەک لەخەمەکانى کەمبکاتەوە و هەست بەلەدەستدانى مێردەکەى نەکاتن. پرتەقاڵەکیشى دەدایە داپیرم و یەکەکیش لۆ خۆشکى ژنەکەى کە ئەویش لەگەر مە دەژیا. سێ پڕتەقاڵیشى دەدایە خوشکەکەى خۆى و دوو مندارەکەى. دوو پرتەقاڵیشى دەدایە من و براکەم، حەفتیشى بەسەر خوشکەکانم تەوزیع دەکرد، یەک پرتەقاڵ دەمایەوە ئەویشى دەکردە دوو کەرت، نیوە لۆ خۆى و نیوەکەى تریش لۆ داکم!.
لەناوەڕاستى حەفتایەکان تەمەنم بیست ساران بوو، ڕۆژەکیان حاجى ساڵحى قایەغەوان هاتە #هەولێر#ێ. حاجى ساڵح جیرانى ماڵی باپیرم بوو لە#قەڵادزێ# . نەخۆشى چاوى هەبوو، باپیرم ناردیە ماڵى مە لۆ ئەوەى ئەمن لەگەرى بچمە بەغداێێ لۆ لاى دکتۆرى چاو بەو حیسایبەى ئەمن عارەبى باش دەزانم دەتانم یارمەتى بدەم لەتەرجەمەکردنى وەزعەکەیدا. ماوەى یەک حەفتە لەشارەکى غەریب لەگەر حاجى ساڵح بەسەر دختۆرەکانى دەمگێڕا هەتا عیلاجى چاوى بکەن و بەئارامى بیگەڕێنمەوە ماڵەکەى خۆى لەقەڵادزێ..
ئەو بەسەرهاتە لۆ ئەوە ناگێڕمەوە هەتا خۆمى پێهەڵکێشم، بەڵکوو بۆ ئەوەیە پێتان برێم، ئەمەى جیلى ئەو سەردەمە هەر خۆمان وابووین. خواى گەورە ئێمەى ئەوها خەڵقکردبوو. کۆمەڵگەى ئێمە ئەوها پەروەردەى کردبووین، بەدەست خۆمان نەبوو دەبایە بەهاناى موحتاجانەوە بچین.
لەو سەردەمەدا ئەگەر جیرانەک کەسەکیان لێ بمردبایە، کوڕانى گەڕەگ وازیان لە هەموو خۆشیەکى خۆیان دەهێنا و هەموویان لەتازیەکەیدا لەسەر یەک پێى ڕادەوەستان، یەک ئاوى دەگێڕا، یەک جغارە و چاى دەسووڕاند، دە دوازدەیەکیشان لەپێش دەرکەى مزگەفت پێشوازییان لە خەرکى دەکرد. ژن و کچەکانیشمان هەموویان ڕۆژانە و سێ جەمە خەریکى شیولێنان و قاپ شووشتن دەبوون لۆ بەڕێکردنى تازییەکان کە ئەو سەردەمە حەفت ڕۆژیش بوو.
وەختى خۆى مارمان لە #گەڕەکى عارەبان# بوو، دادە خانێ جیرانمان بوو، هەتا پەنجا سارى ڕێک حەفتەى جارەک نەهاتبایە سەردانى داکم، ئەو دەچوو سەردانى بکاتن.. دادە سەعدیە جیرانمان بوو لە #خانەقا# ، هەتا بیست و پێنج سارى بە پاسى خەتى کوران دەهاتە سەردانى داکم. ئێستا جیران دەرکەى بەدەرکەتەوەیە مەرحەبات ناکا..
مندارەکى گەڕەکى خۆمانمان بدیتابە لەناو بازاڕ یان لەهەر جێیەکى تووشى موشکیلە بایە لەسەرمان دەکردەوە. کچەکى جیرانمان لەبازاڕ تەعلیقەکیان لێدابایە خۆمان لەسەر بەکوشت دەدا.
ئاخر ئەمە کە چاومان کردەوە ئەوها بووین، کۆمەڵگەمان تەندرووست بوو، خەڵک ڕاستگۆ بوون، ڕەحم و بەزەیى هەبوو، ئەخلاق لەترۆپکدا بوو، لۆیە ئەمیرى شاعیران ئەحمەد شەوقى فەرموویەتى: (وإِنَّمَا الأُمَمُ الأَخْلاقُ مَا بَقِیَتْ *** فَإِنْ هُمُ ذَهَبَتْ أَخْلاقُهُمْ ذَهَبُوا)
وابزانم ئێستا هەمووتان دەزانن ئەخلاقى کۆمەڵگە گەیشتیتە کێندەرێ..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!