جیلى ئەڵماسى، جیلى ئاڵتونى، جیلى پاقر!
نووسینی: #شێرازد شێخانی#
نامەوێ زۆر بچمە ناو مێژووەوە، چونکە ئەوە پسپۆڕى خۆى هەیە و کارى من نییە.. بەڵام بۆ ناسینى قۆناغەکانى مێژوو و ئەحواڵى کۆمەڵگە، حەز دەکەم باسى ئەو سێ زەمەنەتان لۆ بکەم کە خۆم تێیدا ژیاوم و ڕاوبۆچوونى خۆمیش دەربخەم لەسەر ئەو سێ زەمەنە جیاوازە .. ئەوانیش زەمەنى باب و باپیرانمان، لەگەر زەمەنى خۆمان و سەردەمى ئێستا..
پێم وایە زەمەنى باب و باپیرانمان زەمەنێک بووە ڕێک دەتوانم بڵێم زەمەنى (ئەڵماسى) بوو.. چونکە لەو زەمەنەدا مرۆڤەکان زۆر سادە ژیاون، قییەم و ئەخلاق و پەیوەندى مرۆڤەکان زۆر تەندرووست بووە. کار و کاسبى زۆر پاک و بێ غەل وغەش بووە. سیلەى ڕەحم و عیلاقاتى خزمایەتى لەترۆپکدا بووە.
دەستپاکى و دڵپاکى و داوێنپاکى خوورەوشتى گشت کۆمەڵگە بووە. قەناعەت و باوەڕدارى خەسڵەتى هەموو مرۆڤەکانى ئەو سەردەمە بووە. پیاوخراپ زۆر دەگمەن بووە، جیاوازى لەنێوان دەوڵەمەند و فەقیردا نەبووە، دەوڵەمەند هەستى بەئازارى هەژارەکان کردووە. هیچ دەوڵەمەند و کاربەدەستێک خۆى بە گەورەتر لەخەڵکى ئاسایى نەزانیوە، بچووک ڕێزى لەگەورە گرتووە، پیاو ڕێزى لە ئافرەت گرتووە، بەگشتى کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەکى تەندرووست بووە، ئەخلاق بەرزى و پیاوەتى و دیندارى ئەو سەردەمە وا دەکات ئەو جیلەى پێش خۆمان بەجیلى ئەڵماسى وەسفیان بکەم لە هەموو ڕوویەکى ژیانەوە.
جیلى دواى ئەوانیش کە ئێمەیەن، خووڕەوشتى هەمان جیلى پێشووترى لەلاى ماوە، جیلەکە لەسێبەرى مەدرەسەى ئەخلاق و لەخوا ترسى و کارى باش و ڕەفتارى جواندا گەورە بوون. ڕێزمان لە باب و دایکمان دەگرت. خزمایەتیمان گەرم بوو، لەگەر جیرانەکان یەک ماڵ بووین.. برادەرایەتى زۆر بەهێز بوو.. کارى خراپمان نەدەکرد. دزى نەبوو، بێ ئەخلاقى نەبوو، تەنانەت پیاوە عارەق خۆر و سەرخۆشەکانیش بەئەخلاق بوون، لەپەنایەک دەیانخواردەوە و کەسیان ئیزعاج نەدەکرد و تەعەدایان لەکەس نەدەکرد. شێتەکانى شاریشمان ئینسانى بێ زەڕ بوون، پیاوى موسالیم بوون.
کاتەکى ژنەک یان ئەختیارەک بەسەر ئامانە بکەتبایە، یەکسەر کوڕە گەنجەکان هەڵدەستان و جێى خۆیان لۆ چۆڵ دەکرد. خەڵکى ئەوەندە شعووریان هەبوو، تەنانەت لەناو پاسیش جغارەیان نەدەکێشا..
مەلاکانى مزگەفت خەریکى خواپەرستى خۆیان بوون، لە خوتبەى جومعە باسى ئیشى باش و خێر و سەدەقە و یارمەتى فەقیر و هەژارانیان دەکرد، کەس باسى سیاسەت و ئەفغانستان و فەڵەستینى نەدەکرد. کوڕانى گەڕەک لەهەر شوێنیک بوونایە شەڕەف و نامووسى کچ و ژنانینى گەڕەکەکانیان دەپاراست، ئامادە بوون خۆشیان لەسەریان بەکوشت بدەن...
گەنجى ئەو زەمان نەیدەوێرا لەپێش بابى یان براى گەورەیدا جغارە بکێشى.. یان بچتە چایخانەیەک کە بابى یان مامى یان خاڵى لێى دادەنیشت..
لەمەکتەب مامۆستاکان وەکوو باوکمان وابوون، وەکى منداڵى خۆیان مامەڵەیان لەگەر دەکردین.
لە دائیرەکان قانون سەروەر بوو، کەس داواى لەحەقى خۆى زیاترى نەدەکرد، مەسئوولیش لەبۆ هیچ کەسەکى تەجاوزى قانونى نەدەکرد ئەگەر بابیشى بایە.
تەلەبەى مەکتەب ئەوەندە زیرەک و خوێنەرەکى باشبوون، جگە لە مەناهجى مەکتەب هەر یەکە و دەیان و سەدان کتێبى خاریجى دەخیند. ئێستا دەرچووى زانکۆیە نازانى یەک نامە بنووسى.
خواردنى بازاڕ هەمووى پاک و بێگەرد بوون، خاوەن مەتعەم لۆ سومعەى خۆى باشترین و پاکترین و خۆشترین خواردنى ئامادە دەکرد.
تەنانەت ئاو و هەواشمان پاک و ساف و بێگەرد بوو. هاوینانان زۆر گەرم نەبوو، بە ئاوڕشێنەکى حەوشە ماڵەکانمان فێنک دەبوون. زستانیش زۆر سارد نەبوو، بەیەک سۆبەى عەلائەدین یان مەنقەرەیەکى ڕەژووو ژوورەکانمان گەرم دەبوون.
جیلى ئێستاش بە جیلى پاقر ناو دەبەم، چونکى زۆربەى ئەو قییەم و ئەخلاقەى باب و باپیرانیان لەدەست داوە. جیلێکى سەرلێشێواو نەخۆش، نیوەى گەنجەکان خەریکى حەشیشە و نێرگەلە و تلیاکن، نیوەکەى تریشیان خەریکى شتى پڕووپووچى ناو فەیسبووک و ئینستگرامن. نە قییمەتى خزمایەتى دەزانن، نە ئیحترامى جیرانەتى، نە گەورەیى و گچکاتى. کە دەچنە میواندارى پێش هەموو شتەک داواى پاسۆردى خەتى ئەنتەرنێت دەکەن، ئیدى بەمۆبایلەکەیان مەشغول دەبن ئاگایان لەدونیا نامینێ. جیلێکى فارغ لە هەموو ڕۆشنبیریەک، نە کتێب دەخیننەوە، نە لەمەکتەبیش فێرى عیلم دەبن. نە لەتاریخ دەزانن نە لە جوغرافیا، جیلەکى بەرژەوەندخواز تەنها هەر خۆى دەبینى و دونیاش وێران بى تەقەى سەرى دێ..
کێشەى ئێمەش ئەوەیە کە کەتینە بەینى ئەو دوو جیلەوە، جیلى ئەڵماسى و جیلى تەنەکە! [1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!