خەونەکى زۆر خۆش
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
بەیانى زوو بوو، لەگەر دەنگى قاسپەقاسپى کەوەکەى ئیزاعە کوردى بەغدا بەخەبەر هاتم.. دیتم بابم پارى دایتەوە و ڕادیۆکەى لەسەر سینگى دانایە و چاوەڕێى کردنەوەى ئیزاعەیە لۆ گێگرتن لە قورعانەکەى عەبدولباست عەبدولسەمەد. لێفە ئەستوورەکەم لەسەرخۆم لاداو بەسەر قادرمەکەوە هاتمە خوارێ. هێشتا خەو بەرینەدابووم، گەیشتمە لاى حەوشەکە جامەک ئاوم لەکووپەکە دەرهێنا و لەتە گندۆرەیەکیشم لەسەر سینى سەر کوپەکە هەرگرت کە هى شەوى ڕابردوو بوو. شەڕواڵم لەپێ کرد و قەمیسم لەبەرکرد، شۆڕ بوومەوە لۆ لاى جادەى شێخەڵڵا.
تووشى مام سەیدۆ بووم کە بەخۆى و دوو سندوقى بەتاڵى تەماتەوە ڕووى لەگومرگى #سەیداوە# دەکرد، پەلەى بوو زوو بگاتە ئەوێ لۆ ئەوەى دوو سندوق تەماتە و فەردەک خیار و قەرتاڵەک ترێ بکڕى و بیباتە دوکانەکەى لەناو قەیسەرى.
هەندەک ڕۆیشتم چاوم بە قەرەباڵغى پێش دوکانى ماستفرۆشەکانى شێخەڵڵا کەت. دیسان پلکە عەیشێ و دادە بەگیسى وەکى ڕۆژان چار، پێنج مەنجەرە ماستى مەڕیان لەپێش خۆیان دانایە و بەدەم جغارەى عەرەبییەوە دانیشتینە چاوەڕێى مەعمیلەکانى خۆیان دەکەن. لەولاش یەک دوو قاپى سەرتوو داندرایە و هەندەک مەنجەرى بەتاریشیان لە تەنیشتە کە بە بۆیاخى شین ناوى فەلاحەکانى دەشتێیان لەسەر نووسرایە.
شۆڕ بوومەوە لۆ لاى دوکانى قەسابەکان، پیکابەکى پڕ کەلەشى حەیوانى لەسەر بوو خەریک بوون دەیانهێنایە خوارێ و لەقەنارەى دوکانەکان هەریانواسن.
بامداوە لاى مەخفەرى خانەقا، پۆلیسەکەى پێش دەرگا خەریک بوو جغارەیەک لەپاکەتى لۆکسى دەستى دەردەینى و بە چەرخە بەنزینەکەى دایدەگیرسێنى.
تۆزەک تێپەڕیم گەیشتمە پێش دوکانى مام مەعرووف کەبابچى. سێ چار پیاوى دەشتەکى دانیشتبوون کەبابیان دەخوارد، لەو دەمە قسەکەى #هەولێر#یانم بیر کەتەوە کە دەرێ (ئەگەر دەشتەکى بێتە هەولێرێ و کەباب نەخوا، وەکى ئەوەى وایە کە هەولێرى هەر نەدیتبى). گێم لەدەنگى کسۆکى بوو بەخۆى و زەمبیلە بەتاڵەکەى بەرەو کەبابخانە دەهات، ئاخر ئەوێندەر شوێنى دانیشتنى ڕۆژانەى بوو.
ئاوڕەکم لەجادەى بەرامبەر دایەوە دیتم سەید سەلیم بەخۆى و سمیڵە ڕەش و جوانەکەى خەریکى تێکەولێکەى قۆرییە چایەکانى سەر مەنقەرە خەڵووزەکەیتى، لەرادیۆى چایخانەکەش گێم لەدەنگى #عەزیز شارۆخى# مەزن بوو بەو دەنگە نازدارەى گۆرانى (سوبح پێناکەنێ)ى دەگۆت.
ڕۆیشتم بەرەو دامێنێ قەڵا، مام برایم لۆبیاکەى خەڵاس کردبوو، بەس هێشتا هەندەک کوبەى برنجى لەناو مەنجەرەکەى مابوو، چاوەڕێى دەکرد ئەویش بفرۆشى و بچتەوە سەرێ.
شۆڕ بوومەوە مام تاقى لە چایخانەکەى دانیشتبوو، نەفەرى کەمى لێبوو، چونکە موشتەریەکانى ئەو زۆربەیان عەسکەرى عەرەب بوون، عادەتەن ڕۆژانى دووشەممە و پێنجشەممە چایخانەکەى زۆر قەرەباڵغ دەبوو بەزەحمەت جێیەکت دەستدەکەت. هاتمە خوارێ حاجى عەبدولەتیف لە تەسجیلاتەکەى قورعانەکى زۆر خۆشى عەبدولفەتاح شەعشاعى خستبوە سەر هەموو هەولێر بەدەنگە زوڵاڵەکەى هێنابووە جۆش و خرۆش.
خۆم کردە کۆڵانى نەجاڕەکان، مام موحسین سێنیە قەیماغەکەى هێشتا نەببوە نیوە، دوو نانى گەرمى فڕنییەکەى تەنیشتیم وەرگرت و باى سەت فلس قەیماغم خستە سەرى. ویستم بڕۆم مام موحسین گۆتى، ڕاوەستە بەهەندەک هەنگوینیشت لۆ بەسەرکەم. بەقەیماغ و هەنگوینەوە ڕووم کردە چایخانەکەى ئەبوو مۆفەق و چایەکیان لەپێشم دانا، نانى سبەینەم خوارد.
ئیدى کەتمە سووڕانەوە لەناو کۆڵانەکانى قەیسەرى. بەکۆڵانى تەنەکەچییەکان و پرێمز فرۆشەکانەوە دەستم پێ کرد، سووڕامەوە لاى کەمالیەتەکان و خۆم کردە ناو زێرنگرەکان، هەر لەوێشەوە بەلاى دوکانى بەزازەکاندا تێپەڕیم و خۆم لەدەرارخانە کەونەکەیدا دیتەوە، تەماشا دەکەم چەند پیرەژنەک بەخۆیان و بوخچەى پێشیان دانیشتینە، دوکانەکانیش ئەشیا و پێداویستى کەر و وڵاخ و هەندەک کەرەستەى کشتوکاڵییان لەپێش دوکانەکانیان هەڵواسییە. لەدەرکەى سەر جادەى باتا سەرم دەرهێنا، هێشتا موریدەکانى چایخانەى قەرداران نەهاتبوون، ڕووم سووڕاندە لاى مەکتەبەى سەربەستى و چاوەکەم بە موجەلاتەکاندا گێڕا، مجەلەى نجوم ڕیازى و تەبیبوکە و شەبەکە و مەوعیدیش ژمارەى تازەیان گەیشتبوو.
شۆڕ بوومەوە لۆ لاى باتا و تەماشایەکى قۆندەرەکانم کرد، زۆر گران بوون، بەدینارەک و نیو، دوو دینار بوون. بەحەسرەتەوە ڕووم لە جادەى بەرامبەر کرد، ئیبۆ بەربەر خەریکى تیمارى دەستى کابرایەکى نەجاڕى ناو بازاڕ بوو، دیار بوو بەمەکینە تازەکان دەستى بریندار ببوو.
لەوێ تێپەڕیم گەیشتمە لاى مەکتەبەى عەسکەرى مام فاروقى سۆرەگوڵ لە پشت مێزەکەى دانیشتبوو، لێم پرسى: مام فاروق قەلەم پاندانى پارکەر 45 نەگەیشت، ئەویش گۆتى حەفتەکیدى دەگات. ئەویشم بەجێهێشت، گەیشتمە لاى چاپخانەکەى مامە گیوى موکریانى، کتێبەکانى پشت جامخانەکەى زۆربەیان تۆزیان لێنیشتبوو، بەس ئەمن حەزم کرد عینوانەکانیان بخینمەوە، قازى وچل تووتى، خەج و سیامەند، شیرین و فەرهاد، مەولوودنامەى پێغەمبەر، مەلا مەشهوور، هەندەک دیوانى شیعرى.
لەوێ تێپەڕیم لەلاى چایخانەکەى مام هەینى چایەکم خواردەوە، هەستام بەرەو لاى مەحکەمە بڕۆم، دیتم مام ئەلیاسى گەسفرۆش خەریکە دوکانەکەى دادەخا، چونکى ئەو موشتەرى زۆر بوون و عادەتەن هەتا سەعات هەشت هەموو لەفەکانى تەواو دەبوون. ئۆرۆزدى باگیش تازە دەرگاى کرابووەوە هەندەک کەس لەپێش دەرگاکە ڕاوەستابوون چاوەڕێیان دەکرد بچنە ژۆرێ. خوارتریش دار وەتەنیش تازە کرابووەوە، چوومە ژوورێ و چاوم بەکتێبەکاندا گێڕا، هیچى تازەم لێ نەدیت.
بەدەورى قەراتێ سووڕامەوە و خۆم کردە گەرەکى #خانەقا# و لەکۆڵانى بەلووعە سەرم دەرکرد و گەیشتمە پێش دەرکەى سینەما حەمرا. سەرم برند کرد تەماشاى لەوحەى فلیمەکە بکەم دیتم فلیمەکى تازە بەگەورەیى لەسەر نووسرایە، (المصارعون العشرە، فیلم المغامرات والقتال، سینما سکوب، إیستمان کولور!). خەریک بوو بیتاقەى چل باییەکە ببڕم، لەو دەمە هەستم بە هەڵاوەکى گەرم کرد، چاوم کردەوە دەبینم ڕۆژ دیوارى سەربانەکەمانى تێپەڕاندوە و هەموو لەشم بوویتە عارەقە و، جەیشەک مێش لەسەر دەموچاوم نیشتینە و، چار پێنجەکیان کەتینە ناو دەوم، بە تف تف یەک یەکم فڕیدان و لەو خەونە خۆشە بەخەبەر هاتمەوە. [1]
باقى وەلسەلام ..
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!