خۆشترین لەحزەکانى ژیانى جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
هیچ کەسەک نییە لە دونیادا حەزى لەسەردەمى مندارى خۆى نەبى. ئەوەش سوننەتى خودایە، بەران هەموو شتەکیش سەبەبى خۆى هەیە. ئەمن پێم وایە لۆیە دائیم حەزمان لەسەردەمى منداریمانە، چونکى ئەو سەردەمە هیچ مەسئوولیەتەکمان لەسەر شان نەبوو، وەکى کوڕە پاشا پێمان لەسەر پێ دادەنا و بابەکانمان دەچوون نانیان لۆمان پەیدا دەکرد، نە خەمى کار و کاسبیمان هەبوو، نە خەمى دواکەوتن و پاشەکەفتى مووچە و نە خەفەتى بڕیارەکانى حکومەت بە دەوامى زۆرەملێ، نەقەهرى لێدوانەکانى مامۆستایانى زانکۆ لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن و سایتەکان.
ئەو سەردەمە هەموو هەوڵەکمان لۆ گەمەى کۆرانان و چوونە سینەما و شەڕەشەقى دواى بەربوونى مەکتەب بوو. بێجگە لەوەش هەندەک شت هەبوو کە زۆر درمان پێیان خۆش دەبوو لەوانەش: کاتەکى مارە خار یان مامەکانمان دەهاتنە میوانى و لەگەر ئامۆزا و خارۆزاى هاوتەمەنى خۆماندا شۆڕ دەبووینەوە لۆ چایخانە و سینەماکان، یانیش هەر لەپێش دەرکەیدا خەریکى کەلایانێ و پەلیکانێ دەبووین.
خۆشترین هەستى منداریمان ئەو کاتە بوو کە وەکى دکتۆر #شێرکۆ عەبدوڵڵا# گۆتەنى، وەختى داکەکانمان پارەیان دەدایبنێ لۆ سەموون کڕینى، ئەمەش دەچووین بەو پارەیە لۆ پێنج دەقە پاسکیلمان بەکرێ دەگرت و دواییش بەگریانەوە دەهاتینەوە مارێ و دەمانگۆت پارەکەمان لێ بزر بووە!.
ئەوجا کابرایەک هەبوو ناوى مام جەبار بوو، براى مام حەیدەرى بەداملى فرۆشى پێش باتەى بوو، پاسکیلەکى زۆر جوانى هەبوو دەیان گلۆپ و مۆرى و جوانکارى لێ بەستابوو، زۆر حەزم دەکرد هەر لە کاتى ڕاگرتنى لە تەنیشتى ڕاوەستم، گەورەترین ئومێدى ژیانم ئەوە بوو لۆ دوو دەقەش بى مەجالەکەم بداتێ پیاسەیەکى گچکەى پێبکەم! جارەکیان زگى پێم سووتا و گۆتى بڕۆ فڕەیەکى پێ لێدە، کاتەکى سوارى پاسکیلى بووم بەو قورعانە وامزانى هەموو دونیا هى منە. دەتگۆت ڕۆزرایس و لامبورگینى و لێکزسى ئێستایە ئەوەندە درم پێخۆش بوو.
خوشترین لەحزەى ژیانى منداریمان ئەو کاتە بوو کە مارەکى جیرانمان ژنیان دەگواستەوە، شەوى مەولوودەکەى مندارى گەڕەک بەکۆمەر بەسەر دیوارى سەربانەکەیان دەکەتن لۆ تەماشاکردنى دەف لێدەرەکان، لەویش خۆشتر ئەوە بوو لەگەر کۆتایى مەولودەکە دەچووینە پێش دەرکە و سێ چار زەرفى شیرینى و بادەملیمان وەردەگرت.
خۆشترین کاتى مەکتەبمان، ئەو کاتە بوو، کە حەفتەیەک پاش ئیمتحانات دەچووین کارت وەرگرین، پێشتر یەکى درهەمەکمان لەداکمان وەردەگرت لۆ بەخشیشى فەڕاشەکانى مەکتەب، چەند ناخۆش بوو کە ئیکمال دەبووین، چونکى نە درهەمەکەمان دەدایە فەڕاشەکە، نە دەشوێراین لۆ خۆمان بیبەین، چونکى دەبایە کارتەکەمان پێشانى داک و بابمان بدابایە.
خۆشترین ئەجوائى هاوینان ئەو شەوە بوو کە مارە جیرانەکان مەنجەرى ساواریان دەکوراند، ئەمەى مندارانیش لەدەورى مەنجەرەکە خڕ دەبووینەوە و دواى کورانى ساوارەکە بە پەقرەجەوە دەمانگواستەوە سەربانەکان و لەئەخیریشدا یەکى قاپەکى پڕمان وەردەگرت، ئاى چەندە بەتام بوو ئەو ساوارە گەرمە.
خۆشترین خواردن ئەو ئەستووگە بە شەکرە بوو کە داکمان لەئەخیرى نانکردنیاندا لۆ هەر مندارەکى لەسەر سێرى دەیبرژاند، ئاى چەندە مەنزەرەکى جوان بوو کە لەلێوەکانى ئەستووگەکە شیلەى شەکرەکە دەڕژایە سەر سێرەکەى نانى.
ئەوانە و هەر یەک لەنگۆش تەبعەن لەحزەى خۆشى ئەو سەردەمەى هەیە. مندارى ئەو وەختى ژیانى هەمووى بەرائەت بوو، ئێستاش هەموو ژیانى پۆپچى و ئایپادە، نە پاسکیلەکەى مام جەبار و نە نانە شەکرەکەى سەر سێرى دریان خۆش دەکاتن..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!