ڕابردوو ناگەڕێتەوە
نووسینی: #شێرزاد شیخانی#
ئەوەندە کەیفم بەرابردووى خۆمان دێ، ئەوەندە موتەعەلیقم پێوەى، زۆرجار بەخەیاڵ بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەو ڕابردووە جوانەم بگەڕێتەوە.. تەبعەن سەبەبەکەشى ئەوەیە کەوا حازرەکەمان ئەوەندە تفت وتاڵە، هەردەم حەنینمان لۆ ڕۆژە خۆشەکانە. ئەو سەردەمەى هەموو دونیا جوان بوو. خەرکى بەسادەیى دەژیان. قەناعەت هەبوو. خزمایەتى قووڵ بوو. برادەرایەتى ڕاستگۆیانە بوو. دین و دیانەت لەپێناو ڕاگرتنى قییەم و ئەخلاق بوو، نەوەک بکرێتە مەدرەسەیەک لۆ خۆکوشتن و تەقاندنى بازاڕ و مزگەفتەکان. ئەو زەمان ئەوەندە خۆش بوو، ئێستا حەسرەتى لۆ هەردەکێشین. چونکى جارەکیدى ناگەڕێتەوە، ئەوەتا ڕۆژ لەدواى ڕۆژ کەسایەتییەکى ئەو زەمانە جوانەمان لەدەست دەچى و یەک بەیەک خواحافیزیمان لێدەکەن، ئەوەش هەر چەندە سوننەتى خوایە، جیلەک دەڕوا یەکیدى دێتە جێى، بەران داخەکە لەوەدایە ئەوانى دێن جێگاى پێشتریان ناگرنەوە.. ئەکتەرەکى میسرى گەورە هەیە ناوى (محەمەد توفیق)ە لەتەمەنى نۆوەد ساڵیدا لەموقابەلەیەکى تەلەفزیۆنى لێى دەپرسن لە برادەرە کۆنەکانت کێت لەگەر مایە؟. بەچاوى فرمێسکاوییەوە جوابى دایەوە ئەوجا کانى برادەرکانم، خۆ هەموویان ڕۆیشتن و ئەمنیان بەجێ هێشت. ئەمنیش کە تەماشاى ئەو موقابەلەیەم دەکرد فرمێسک بەچاوانم هاتەوە و کەوتمە خەیاڵى برادەر و کەسوکار و کەسایەتییە جوانەکانى #هەولێر#. ئەو مامە ئەختیارانە لەکێ ببینمەوە کە عەسران لەرێزى پێشەوەى چایخەنەى عەبۆ خڕ دەبوونەوە و بە قسەى خۆش و سوعبەتەوە یارى دامەیان دەکرد و ئەمەى گەنجانیش لەدەوریان خڕ دەبوینەوە و بەقسەکانیان پێدەکەنین.. مام عەبدوڵڵایەکى کۆیى لەکێ بینمەوە، کە کەبابى کۆیسنجاق دامەزراند، کە خۆشترین کەبابى سەر زەمین بوو. حاجى سدیقەکى #ڕواندز#ى لەکێ بینمەوە لەڕەمەزاناندا بەشەربەتە مێوژەکەى قوڕگى تێنووى خۆمى پێ تەڕ بکەمەوە.. سەید سەلیمەک لەکێ بینمەوە کە بەسمێرە ڕەشە جوانەکەیەوە چایەکم لەپێش دانێ، کە خۆشترین چاى سەر دونیا بوو.. تاقى بابایەک لەکێ بینمەوە کە عەسکەرى هەموو محافەزاتى عیراق لە چایخانەکەى خڕ دەبوونەوە لۆ گێگرتن لەگۆرانییەکانى سەعدى حلییەوە.. حسێن تاجریانەک لە کێ بینمەوە خۆشترین برنج و فاسۆلیام لەپێش دابنێ بەشێست فلسەوە.. مام پیرباڵەکى لەکێ بینمەوە بەتامترین پەنیرى ژاژى لەسەر سینى لەپێش دوکانەکەى دابنێ.. حاجى خدرەکى لەکێ بینمەوە کە سبەینان زوو قەرتاڵە ترێى ڕەشى خۆشناوەتى دەهێنایە گومرگى #سەیداوە#.. مامۆستایەکى وەکى موسا عەبدولسەمەد و شێخ کەمال بەرزنجى و عزەدین فەیزى و عەزیز مەولوود و مەکى محەمەد فەتاح و بوترس یەعقوب و ئەنتوان دەنحا و فاروق سەید حەسەن و محەمەد عەبدولکەریم و سەید کەمال و موسا سەبزەچى لەکێ بینمەوە فێرى ئەخلاقى جوان و ڕێز گرتن لەگەورەمان بکاتەوە.. کەسایەتییەکى وەکى ئەحمەد چەلەبى و ڕەشاد قازى ئەفەندى و جەلیل خەیات و عەلى حەسەن خەدیج و قادر جەمسى و جەلال خەلیل و حاجى نامیق بەقال و شێخ مستەفا و ئیسماعیل نعێمى و ئال خەنجەرەکان لەکێ بێنمەوە کە ئەوانە خەمخۆرى میللەتى هەولێر و خێرەومەندە گەورەکانى شارەکەم بوون. تەنانەت شێتە جوانەکانیشمان ناگەڕێنەوە وەکى خارە حەمە و پارچە ئاسنەکانى دەستى، بەرخۆکە و تەسبیحە سەت قلیەکەى، چرچە و قاتە عەسکەرییەکەى، مەمەد و عارەبانەکەى، مام ساڵح و ڕەسمى ستالینى سەر سینگەکەى، یاهوو و دارە درێژەکەى، کسۆک و دیشداشە خەتخەتەکەى، خانەقین و گێسکەکەى، ئەو کەسایەتییە جوان و شیرینانەشمان لەدەستچوون و ناگەڕێنەوە.. لۆیە هەردەم بەحەسرەتەوە ئاخیان لۆ هەردەکێشم، لەو زەمەنە قۆڕەى ئەوڕۆش هەر ئەو زیکرەیاتە خۆشانەمان لۆ مایتەوە.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 112 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!