ڕووخاندنى گەڕەکانى #هەولێر#
نووسینى: #شێرزاد شێخانى#
شاعیرى گەورەى عەرەب ئەبوو تەمام دەڵێ:
نقل فؤادک حیث شئت من الهوى ** ما الحب إلا للحبیب الأول
کم منزل فی الأرض یألفە الفتى ** ویبقى حنینە أبدا لأول منزل
زۆر جار کە دێمە بازاڕ هەستێک لەلام درووست دەبێ، وەکوو موگناتیس ڕامدەکێشێت بۆ پیاسەیەکى ناو کۆڵانە کۆنەکانى هەولێر. بەدەست خۆم نییە، قەدەرى خوایە کە دەبێ سەردانى گەڕەکى #تەعجیل# و #عارەبان# و #خانەقا# و سەعدوناوە و #تەیراوە# بکەم. ئەگەر چى ئێستا ئەو گەڕەکانە هەموویان وێرانە خاکن، بەڵام بەتەماشاکردنى دارو بەرد و دیوار و دەرگا و پەنجەرە و حەوشە چۆڵەکانییەوە دڵم دەکرێتەوە.
چونکە لەهەر سووچێکى ئەو گەڕەکانەدا یادەوەرییەکم هەیە.
لەهەر کووچە و کۆڵانێکیان برادەرەکى منداڵیم هەیە.
لەپێش هەر دەرگایەک پیرەژنەکى هەولێریم لەسەر نیمدەر دیتییە.
لە دوکانى هەر شەکرۆکە فرۆشێک دە فلسم لێ خەرج کردیە.
لە پشت پەنجەرەى هەر ماڵێکدا کچە نەشمیلەکى هەولێرى بە دوو کەزێوەم بینیوە.
لەژوورى هەر ماڵێکدا کوڕە گەنجەکى هەولێریم بینیوە کە لەبەر فانۆسى شەودا نامەى دڵدارەکەى دەخوێنێتەوە کە عەسر لەقیتعەى ئامانەدا بەدزیەوە خستیتییە ناو دەستییەوە.
کە تەماشاى سەربانە ڕووخاوەکانیان دەکەم، وێنەى ئەو سینى شفتى و گندۆرە و شەربە و بقبقانەم دێتەوە بەرچاو، کە پێش مەغریبان لەسەر ستارەى سەربانەکان دادەنران.
زۆر جاریش پرچە جوانەکانى کچە عازەبە بەنازەکانى تەعجیل و عارەبانم دەدیت کەوا لەسەربانن جێگاى نووستن ڕادەخەن.
کە تەماشاى کۆڵانە تەسکەکانیان دەکەم، بیرم دەکەوتەوە ئەو خەڵکە چەندە بەقەناعەت بوون و ماڵ و سەروەت و سەیارە بەلایانەوە چڵکى دەست بوون.
کە تەماشاى بەینى خانووەکان دەکەم هەمووى نیو مەتر نەدەبوون، بۆم دەردەکەوت ئەو خەڵکە چەندە یەکتریان خۆش دەویست و گەڕەک هەمووى یەک ماڵ بوون..
منداڵ هاتوچۆى ماڵە جیرانیان دەکرد وەکى ئەوەى ماڵەکان یەک خێزان بن، لەژوورێکەوە لۆ ژوورەکى دى ڕایاندەکرد و گەمەى خۆیان دەکرد.
کە دەچمەوە شوێنى حەسارەکان، دیمەنە شیرینەکانى ئەو دەمم بیر دەکەوتەوە.
ئەوە دادە خەجیج کوڕە دوو ساڵانەکەى لەناو تەشتى دانایەوە سەرى دەشوا..
ئەوە دادە حەلیمە پرێمزى داگیرساندیە کازم کەبابى سۆر دەکاتەوە..
ئەوەش داپیرە پیرۆز لەسەر نیمدەرەکەى دانیشتییە و چاوەڕێى بووکەکەى دەکا مەنقەرەکەى لۆ داگیرسێنى.
کە تەماشاى سەرى کۆڵان دەکەم، ئەوە مام خەلیلە دەگەڕێتەوە ماڵ و شفتییەکى گەورەى لەبن باڵى دانایە.
ئەوەش مام سەید عەلاگەیەک سەموونى ئیعاشەى بەدەستەوەیە، مام کەریمیش بەخۆى و سندوقى بۆیاخەکەیەوە بەرەو ماڵ هەڵدەکشێتەوە.
لەولاشەوە دادە حەمدیە لەگەر پلکە هەدیە لەپێش دەرکەى ڕاوەستاینە، بەس خوا دەزانى باسى چ دەکەن..
کیژۆڵەکانیش هەموویان خڕ بووینەوە خەتخەتانێ دەکەن. کوڕەکانى گەڕەکیش لەعەسرانەوە هەر خەریکى پەلیکانێن.
کە ئەو یادەوەرییانەم دێتەوە خەیاڵ، دەپرسم: ئاخۆ بۆ دەبێ ڕابردووى ئێمە لە ئێستامان خۆشتر بێ؟
دەپرسم: ماڵى هەموو دونیام هەبێ، هەزار قەسر و فێللام هەبێ، ملیۆنان دۆلاریشم هەبێ، کامیان ئەتوانن ئەو دیمەنانەم بۆ بگەڕێننەوە؟
دەپرسم: کێ ئەتوانێ، کەلایانێ، ساپ ساپێنێ، چاوشارکێ، پێنج بەردانێ، شێروخەت، لگاو، قومارى بیستویەک، قوشقاقز فڕاندن، یانەسیبى مستۆ، شەڕە سیفۆنم لۆ بگەڕێنێتەوە؟
پێنج هەزار خانووى ئەم شارەیان وێرانکرد، بەناوى ئەوەى نۆژەنى دەکەنەوە و دەیکەنە شوێنیکى گەشتیارى!
بەناوى قەرەبووکردنەوەى خاوەنماڵەکان، هەزاران کەسى ڕەسەنى ئەو هەولێرەیان گواستەوە دەرەوەى شار!
ئەنگۆ دەزانن گەڕەکى قەڵاى نوێ ئێستا کەوتیتە چ شوێنێکى ئەم شارە؟!
جا چ سەروەتێکى دونیا دەتوانێ ئەو خۆشەویستییەى خەڵک بە گەڕەکەکانى خۆیان قەرەبوو بکاتەوە؟
چ سامانێک هەیە بتوانێ یادەوەرییەکانى کچ و کوڕانى ئەم گەڕەکانە بگێرێتەوە؟
لە برادەرێکى شوێنەواریم پرسى: ئێوە دەڵێن ئەو خانوانە تازە دەکەینەوە بۆیە چۆڵمان کردووە، ئایا دواى ئەوەى تازەیان دەکەنەوە ئەو هەزاران خێزانانەى پێشتر تێیداى بوون دەیانگەڕیننەوە زێدى باب و باپیرانیان؟
وەڵامى نەبوو!
بۆیە پێشبینى دەکەم ئەو گەڕەکانە هەر هەموویان لەسەر خەریتەى هەولێر بسڕینەوە و وەکوو هەموو شتە جوانەکانى هەولێر ئەوانیش لەناو ببەن، ئێمەى هەولێریش هیچمان لۆ نامینێتەوە، تەنها حەسرەت نەبێ بۆ ڕابردووە جوانەکەمان.. حسبى اللە ونعم الوکیل..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!