کانی
هەرکاتێ دەکەومە بیری ئاواتی ڕۆژانی جوانی
بۆ ساڕێژی زامەکانم بە تەنیا دێمە سەر کانی
زووخاوی دڵ هەڵدەڕێژم بۆ وردەشەپۆلەکانی
ئەو بەستەیەی بۆ دەخوێنم بە لاوک یا بە گۆرانی:
کانی، کانی
تۆ جێژوانی پەرییەکانی، تۆ ئاوێنەی ئاسمانی
خوێنی جەرگی چیا سەخت و بەرزەکانی
خۆزگە ئەوەی من دەیزانم، تۆش بیزانی.
کانی، کانی
تۆ ئەسرینی هەورەکانی
دەزانی بۆ خۆشم دەوێی؟
شاعیرکوژێک وەک تۆ دەچێ چاوەکانی
دەزانی بۆ زۆر دێمە لات؟
چون لە لای تۆ بەجێ ماون جێپێکانی.
کانی، کانی
تۆ شاهیدی پشکووتنی ئەوینێکی ئاسمانیی
قاتڵی من لە تۆیدا شوشت پەنجەکانی
خوێنی دڵم تکاوە نێو ئاوی کانی
بەدەم بزەی ئەوینەوە دەمردم و نەمدەزانی.[1]
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#
وتنی: #مەرزییە فەریقی#
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=572018&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بیستنی گۆرانی کانی کانی بە دەنگی مەرزییە فەریقی=KTML_Link_External_End=