خۆم و کوڕەکەم
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
مامۆستاى گەورەى هونەرى کوردى #عەلى مەردان# گۆرانییەکى زۆر خۆشى هەیە کە دەڵێ (خۆم و عودەکەم شەو هەتا بەیان، من سۆز ئەکەم بۆ لەیلا، ئەویش بەگریان) لەبەر ڕۆشنایى ئەو گۆرانیە خۆشەدا عینوانى ئەو مەقالەیەم هەڵبژارد لۆ باسکردنى هەندەک یادەوەرییە شیرینەکانى سەردەمە زێرینەکەمان، کە بەداخەوە جیلى ئێستا هیچ لێى تێناگەن، بەرکو لەوانەیە قەشمەریشمان پێبکەن کە لەو زەمەنەدا ئەمە کوو ژیاینە، زۆربەشیان ئێستا زەمەنەکەى مە بە زەمانى (قۆپچە)ش وەسف دەکەن، یەکەکیش لەوان کوڕە گچکەکەمە!
ئەوجا بەڕاستى خۆشی ئەو ئەنتەرنێتەی ئێستا لەوەدایە هەرچییەکت بوێ لەناوی دەبینیەوە، وەسیلەیەکی زۆر باشیشە لۆ ئەوەی تاریخی خۆت بخینیەوە. جیلی ئێستا، جیلەکی نەخیندەوارە بە حەییاتى کتێبەکەیان لەدەستی نابینیەوە مەگەر زۆر کەم، ئەوەندەی خەریکی ئەخباری کۆمساى و ئەنیسا و نانسی عەجرەم و هەیفا وەهبی و ستیانەکەی گوڵسەران و قوونبادانی شاکیرە و ماکیرەن، ئەوەندە ناپەرژێنە سەر کتێب خیندنەوە.
ئێستا ئەنتەرنێت بە گوگڵ و یوتیوبەوە شتی زۆرمان بەبیر دەهیننەوە و زیکرەیاتەکانمان لۆ تازە دەکەنەوە، ئەگەر بەباشی بەکاری بینین سوودی زۆری هەیە. ئێستا هەر کتێبەکت بوێ لەگوگڵ ناوی بنووسە یەکسەر دێتە سەر شاشەکەت، وەختی خۆی ئەمەی گەنجانی سارانی شێست و حەفتاکان لۆ کتێبەکی تازە دەچوینە عاسمانەوە، زۆرجار لۆ کڕینی کتێبەک سەفەری موسر و بەغدامان دەکرد. باوەڕ بکەن ئەگەر لەزەمانی مەدا گوگڵ هەبایە، جیلەکەی مە هەموویان عەبقەری دەردەچون و دەیان موفەکیر و ڕۆشنبیری گەورەمان لێ دروست دەبوو.
تەبعەن هەر وەکی عادەتی خۆم لەعاشقبوونم بە سەردەمە خۆشەکە، جاروبار دەچمە سەر یوتیوب گوێ لەگۆرانییە کۆنەکان دەگرم کە هەموویان ئاخر ئیبداع بوون و قەتیش لەبەر چاومان ناکەون. ئێستا بەو تەمەنەوە خووم گرتییە بە مەقاماتی عێراقی و گۆرانییەکانی حزیری ئەبوو عەزیز و وەحیدە خەلیل و زهورە حسێن و فازل عەواد و حسێن نعمە و سەعدون جابر و سەعدی حلی و یاس خدر، لەکوردەکانیش مامۆستای گەورە عەلی مەردان و #تاهیر تۆفیق# و #سێوە# و #حەسەن زیرەک# و #حەسەن جەزراوی# و #مشکۆ#، بێجگە لە قورعان خینەکانی ئەو سەردەمانە.
لەو ڕۆژانە لەیوتیوب گوێم لەگۆرانییەکی فازڵ عەواد دەگرت، لەپڕ کوڕە گچکەکەم هەستایە سەرپێ وەکی ئەوەی مار پێوەی دابی گۆتی ئەرێ کاکە ئەوە چییە خووت بەو گۆرانییانەی زەمانی قۆپچە گرتییە و ئیزعاجمان دەکەی؟! بەتووڕەیى غاریدایە ژۆرەکەی خۆی! لەدری خۆمدا گۆتم وەڵڵا کاکی برا ناهەقت ناگرم، چونکی گێیەک ڕۆژی بیست و چار سەعات بەو گۆرانیبێژە تەنەکەچیی و عارەبانچییانەی ئێستا پییس بووبیتن، زۆر زەحمەتە زەوق و چێژ لەدەنگە ڕەسەنەکانی زەمانی قەدیم وەربگری.
ئەگەر بەراوردەکی بکەی لەبەینی جیلی مەو جیلی ئێستا، تەبعەن ناهەقیان ناگری. لەزەمانی مەدا سبەینان بە دەنگە نازدارە ئاسمانییەکەى فەیروزەوە ڕۆژمان دەکردەوە کە وەکی چرییکەی بولبول سەرتاپای جەستەمانی دەهێنایە جۆش و خرۆشەوە خینی لەشمانی تازە دەکردەوە.
چێشتانان کە دەهاتینە ناو بازاڕ لەڕادیۆی هەر چایخانە و دوکانەکیدا گوێت لە دەنگی حوسین نعمە (یاحریمە) و فازڵ عەواد (علیک أسال) و سەعدون جابر (یاطیور الطایرة مری بهلی) دەبوو، لەولاشەوە زهور حسێن (غریبە من بعد عینچ یایمە)ی دەچریکاند ، وەحیدەش بە (أمس والیوم ما مروا علیا) جوابی دەدایەوە.
عەسران لەگەر کردنەوەی بەشی تورکمانی ئیزاعەی بەغدا گێت لەدەنگی قورعانەکانی شێخ محەمەد ڕەفعەت و أبوو العینین الشعیشع دەبوو کە بە دەنگە زوڵاڵەکانیان بازاڕی هەولێریان پڕ گوڵ و گوڵزار دەکرد و ڕوحی ئینسانیان دەگەیاندە حەفت تەبەقەی عاسمانەوە.
ئێواران لەبەرامبەر تەلەفزیۆن گێت لەمەقامەکانی نازم غەزالی دەگرت (أقول وقد ناحت بقربی حمامە) لە دواییشدا سەباح فەخری (قدود حەلەبیەی) لۆ دەچڕی و دەیبردیەوە دونیایەکی دی.
شەویش بەدیار ڕادیۆوە گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم (أنت عمری، الحب کله، بعید عنک) بەدرەکی ئارامەوە خەوت لێدەکەت.
تەبعەن زەحمەتە کوڕەکی چاردە ساری ئەوڕۆ لەو شتانە تێبگا کە من باسیان دەکەم، چونکی ئەو گوێی بە زەڕینی ماکەرەکانی بەناو گۆرانیبێژانی ئێستا ڕاهاتووە کە لەسەر یەک ڕیتم گۆرانییەکی بێتامی لەبابەتی چومە باخی شارەوە، کچێک هات بە دیارمەوە، یان لەحەفلەیەکی بووک گواستنەوەدا لۆ هەڵپەڕاندنی حازران گۆرانیبێژەکە شەش سەعات دەڕێسى و نایبڕتەوە!.
با لەوە زیاتر نەرێم نەبادا کوڕە گچکەکەم لەداخی فازل عەوادەکەی بابیەوە سەر هەرگرى و بە شڕرە چووپەکى خۆ بخاتە ناو بەحرى ئێجەوە.[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!