گزیرەکانى #هەولێر#
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
جاران حکومەت و دەوڵەت ڕێز و تەقدیر و ئیحترامى پیاو ماقوڵان و کەسایەتییە دیارەکانى هەولێرەکەمانى زۆر دەگرت، بە مشوورى ئەوانەوە ئیدارەى شارى بەڕێوەدەبرد. پرس و ڕاى پێدەکردن. لەناو سەرۆکایەتى بەلەدییە مەجلیسەک هەبوو پازدە بیست ئەندامى تێدابوو هەموویان پیاوە ناسراوەکانى شار بوون، بەقاڵ، نەجار، چایچى، بەزاز، عەتار، خەیات، حەلاق بەسەرپەرشتى جەنابى سەرۆکى بەلەدییە کە ئەویش کوڕى ئەو شارە بوو دەستەى بەڕێوەبردنى شار بوون. یەک مەتر عەرد بەبێ موافەقەتى ئەوانە نەدەدرایە کەس، ئیشیان درووستکردنى جادە و ڕێگاوبان بوو، درووستکردنى حەدیقە و خەستەخانە و مەکتەب و خزمەتگوزارى بوو.
بە کوورتى و موختەسەرى ئەوانە حاکمى شار بوون. مەخسەدم ئەو بەقاڵ و نەجار و خەیات و حەلاقانەیە کە لە ڕێگەى ئەو مەجلیسى بەلەدییەوە حوکمى شارى هەولێریان دەکرد، نەوەکى ئێستا مندار و تارى حزبەکانى دەسەرات، موقەدەراتى شاریان بەدەستەوە بیتن، مورک و مارى هەولێریان داگیر بکەن سامانى شار بدزن و بیخۆن و تەخشان و پەخشانى بکەن.
بێجگە لەوەش، لەسەردەمە ئاڵتونییەکەدا، هیچ زەلامەکى هەرچى و پەرچى و بێ شەخسیات نەدەکرایە مەسئول و بەڕێوەبەرى دائیرەکانى حکومەت، هەموو مەسئولەکانى ئەو سەردەمە کوڕى ئەرباب و عائیلە شەریف و ناسراوەکانى شار بوون. ئەوەش دوو خێرى لۆ حکومەت هەبوو، یەکەم ڕێز و حورمەتى خەرکە ناسراوەکانى شارى دەگرت کە خۆیان و مندارە بەئەخلاقەکانیان دەکردە مەسئول، لەلایەکى دیش ئەو مەسئولانە لەبەر ئەوەى لە بنەماڵەى ئەسڵزادە و ناودارن دەستیان لۆ مرکى دەوڵەت و سەروەتى خەرکى شاریان نەدەبرد لە ترسى سومعەى عائیلەکانیان.
ئێستا دەبینن ئەو شارەیمە چى بەسەر هاتییە بە دەست مەسئولەکانییەوە کە کەس نازانى کوڕى کێن و لە چ کەوکەبەکى عاسمانێ دابەزینە ناو شارەکەمان. مەسڵەحەتى حیزبى تەسک و چاوچنۆکیان وایکردیە خەرکى لە گوندەکانى سەر حدودەوە لۆمان بینن و بیانکەنە مەسئولى شارەکەمان و حوکمیان تەسلیم بکەن لە کاتەکدا ئەوانە هیچ ئینتمایەکیان لۆ ئەو شارە نییە، لۆیەش خۆیان بە ساحیبى نازانن و زگیان بە میللەتەکەى هەولێر ناسوتێ، حیساب لۆ سومعەى عائیلەکانیشان ناکەن، چونکە ناکەس بەچەن. با لەو هەموو مەسئولانەى ئێستاى هەولێر بپرسین:
-دەزانن جەلال خەلیل و جەمال خەلیل کێن و چ کارە بوون لەو هەولێرە؟
-دەزانن مام ڕەئیس و حاجى حیکمەت و حاجى یاسین و تەحسین پۆدرە دوکانەکانیان لەکێندەرێ بوون؟
-دەزانن مستۆ یانەسیبەکەى لەپێش کام سینەما دادەنا، مام ڕەفیق مودیرى کام سینەما بوو؟
-دەزانن چەند سینەماى سەیفى هاوینى لەشارەکەماندا هەبوو؟
-دەزانن کامیل حەداد و ئەحمەدە کەڕە و وەستا عەبدۆک و حاجى واحید ئیشیان چ بوو؟
-دەزانن ڕەئوف دیشچى و خەلیل دیشچى و ئیبۆ بەربەر و دکتۆر سەبوور و دکتۆرە ئومەیە عیادەیان لەکێندەرێ بوو؟
-دەزانن مەمەد عارەبانەکەى لەکێ ڕادەگرت، خارە حەمە لەکام مزگەفت دەنووست، هەیاس لە پشت کام دیوار بارگەى ڕاخستبوو؟
-دەزانن ئاوى کەسک و سۆر و ئاوى میرى لەچ فولکەیەکى شار بوو؟
-دەزانن شیرۆ خەلیل و نەجات عەبدولواحید و سەید مورسەل و کانەبى حەمبال ئیشیان چ بوو؟
-دەزانن مارى مەحموود حیلمى و تەڵعەت موشیر ئاغا و ئیبراهیم شەریف و عومەر ساقى و عزەدین فەیزى لەکام گەڕەکى شاردا بوون؟
-دەزانن چایخانەى سەید سەلیم و حاجى مستیل و عەبۆ قاوەچى و ئەمین قاوەچى و حاجى کانەبى و مام هەینى لەسەر کام جادە بوون؟
-دەزانن تەشریبى شەریف قاورمەچى و کەباب کۆیسنجاق و کەباب بەهار و کەباب شەوقى و پاچەى عەدنان و مەتعەم فەجر و فندق فەڕەح لە کام سووچى شار بوون؟
-دەزانن موحسینە کۆر چەند مەدالیاى پاڵەوانییەتى وەرگرت؟ هاشم ڕیازى ناوى بابى چ بوو؟
-دەزانن مەکتەبەى سەربەستى و مەکتەبەى سەید ئەحمەد و قرتاسیەى حاجى هاشمى لەکێندەرێ بوو؟
-دەزانن کۆرانى بەلوعە و مەیدانى مریشکان و قەسابخانە کۆنەکە لە کام گەڕەکى شار بوون؟
-دەزانن حەمامى مۆدە لەناو کام بازاڕدا بوو؟ کێ ناترى حەمامى سەڵاحەدین بوو؟
-دەزانن چەند حەسار لە گەڕەکى #خانەقا# و #تەعجیل# و #عارەبان# دا هەبوون؟
-شەربەتى مام عارەبیان خواردیتەوە، دۆندرمەکەى کەمالە کەچەڵیان خواردیە؟
-دەزانن حەمید ئەفەندى دەرسى چى بە تەلەبەکان دەگۆتەوە؟
-دەزانن زوبێر بیلال ئیسماعیل چەند کتێبى هەیە؟
-چوارینەکانى جاهید و شیعرە عەرەبییەکانى پیرباڵ مەحمودیان خیندیتەوە؟
ئەوانە و هەزار پرسیارى دى کە بێگومانم هیچ وەڵامەکیان پێنادریتەوە و لەدەرسى ئیمتحانى هەولێر ساقیت و سقووت دەبن! ئەوەتا بەچاوى خۆشتان دەبینن کوو حوکمى شارەکەشمان دەکەن!
هەولێر هەموو دەم باوەشى لۆ غەریبان کردیتەوە ڕێزیانى گرتییە، سۆزى خۆى داینێ، بەران ئەوەى ئێستا دەیبینین، میواندارى نییە، بەرکو داگیرکارییە لەلایەن بێگانە وە، خەرکە ڕەسەنەکانى هەولێریش سەریان لەقوڕنرایە هەر ئەوەندەیان بە دەرەوەیە تا تۆزێک هەناسە بدەن، ئێستا ئەو هەناسەشیان پێ زۆرە![1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!