داپیرە (نەزۆ) ژنە ئەڵماسەکە
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
دایە نەزۆ یەکێکە لەو ژنە جوامێرانەى جیلى ئەڵماسى، کە ڕەنگە دەیانى وەکوو ئەویش هەبووبن منداڵانى زەمەنى ئاڵتونیان خستە دونیاکەمانەوە..
چیرۆکى ئەم ژنە هیی ئەوەیە بکرێتە سیناریۆى فلیمێکى تراژیدى، چونکە هەر لەسەرەتاى ژیانى هاوسەرى مێردەکەى بەحوکمى کارى پۆلیسى دایە نەزۆ و تاکە کچێکى بەجێهێشتوە کە دەکاتە دایکى ڕەحمەتیم.. لەو ساوە دایە نەزۆ شانى داوەتە بەر پەیداکردنى نان و بژێوى بۆ کچە تاقانەکەى، دەستی بەکارى (ناترى) کرد لەحەمامى ناو بازاڕى قەیسەرى کە ئەوکات لە کۆڵانى قەسابەکان بوو. ژن و منداڵى خەڵکى هەولێرى دەشوشت بە پێنج فلس و دە فلس. ژوورەکى بەکرێ گرتبوو لە یەکێک لەحەسارەکانى #گەڕەکى عارەبان# لەگەڵ هەشت خێزانى تر وەکوو یەک ماڵ دەژیان.. بە مەنقەلەیەکى ڕەژوو (خەڵوز) ژوورە تاریکەکەى گەرم دەکردەوە و بە دوو نیمدەر و شڕە بەتانییەوە شەویان بەسەر دەبرد.. ساڵانێک بەدیار ئەو تاقە کچەیەوە دانیشت و نانى بۆ پەیدا کرد..
کاتێک چاوم کردەوە دایە نەزۆ لەگەڵمان بوو، بەڵام بەداخەوە لە دوا ساڵەکانى تەمەنى هەردوو چاوى کوێر بوون، هەمیشە لەناو جێگاکەى کەوتبوو..
کە تۆزێک هەراش بووم، دایە نەزۆم لە دایکم زیاتر خۆش دەویست، هەموو ژیانى ئەو ببوە کێشانى جغارەى قامیشى عەرەبى، هەر جارەکى پێش تەواوبوونى جغارەکانى دەچوومە لاى بابى ڕەحمەتیم و پارەم لێوەردەگرت لۆ ئەوەى جغارەى لۆ بکڕم.. ئەوکات هەستم بەخۆشییەکى لەڕادەبەدەر دەکرد کە پارەکەم وەردەگرت و غارم دەدایە قەیسەرى و لەکن مام پیرباڵى پەنیرفرۆش سەت دووسەت جغارەى عەرەبیم لۆ دایە نەزۆ دەهێنایەوە..
شەوان خۆم و خۆى لەژوورى زەخییرە دەنووستین، ئەمن بەدیار ڕادیۆ و گۆرانییەکانى ئوم کەلسوم، ئەویش بەدیار جغارە کێشانەوە.. هاوینانیش سەر لەئێوارە هەموومان لەلاى ئەو خڕ دەبووینەوە حیکایەتى لۆمان دەگێڕایەوە..
لە ژیانمدا زۆر کەم گریاوم، بەڵام کاتێک دایە نەزۆ لە کۆتایى ساڵانى شێستەکان بە قادرمەى ماڵەکەمان بەسەر دەکەوت لە نیوەى ڕێگادا کەوتە خوارەوە وەفاتى کرد، هەتا ساڵێک خەمى لەدەستدانى دەیگریاندم. بەتایبەتیش کە تەماشاى جێیەکەى ئەوم دەکرد لە تەنیشتمەوە کە نیمدەر و بەتانییەکە و بۆنى دووکەڵى جغارەکانیشى نەمان..
ڕەنگە دەیان کەسى وەکوو من دایک و باب و داپیرە و باپیرەیان لەدەست دابى، ئەوە سوننەتى ژیانە، بەڵام چونکە دایە نەزۆش یەکێک بووە لەیادگارییە هەرە جوانەکانى زەمەنى ئاڵتونى، بۆیە قەت قەت نە لەبیرم دەچى نە مردنەکەشى لەدڵم دەردەچى.. ڕەحمەت لەمردى هەمووتان.[1]
باقى وەلسەلام ..
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!