شێتەکانی هەولێر
نووسینى: #شێرزاد شێخانى#
زۆربەی شێتەکانی هەولێر ئینسانی بێ زەر بوون، خەرکی لێیان نەدەترسان چونکی موسالیم بوون.. ڕاستە منداران و ژنان بەعام لەشێت دەترسان، بەران ئەوانە زەرەری کەسیان نەبوو، لۆیە خەرکی هەم خۆشیان دەویستن و هەمیش دریان پێدەسوتا. سەرکردەی شێتەکانی زەمانی مە حەمەشێت بوو، زۆر کەس دەیانگۆت ئەو حەمەیە پیاو چاکە و وەلی خوایە، چونکی قسەی وایدەکرد لەقسەی فەیلەسوفان دەچوو.. حەمە ڕۆژانە لەدووی پارچە ئاسنەکاندا بوو، لەهەر جێیەکی ئاسنەکی بدیتبایە هەریدەگرت. خەرکی دەیانگۆت ڕۆژەک دادێ ئەو حەمە شێتە سارۆخەکی درووست دەکا.. عەنتیکەترین شتی ئەو پیاوە نانخواردنەکەی بوو، لەسەر جادە مەنجەرەکی گەورەی دادەنا و تەماتە و باینجان و بامیە و توور و پیاز و چار پێنج نانی فڕنیشی تێکەر دەکرد و بەبێ ئاگرکردنەوە بەخاوی تێکەری دەکردن و دەیخواردن!
کسۆک ئەویش شێتەکی دی بوو، دشداشەیەکی فشوفۆڵی خەتداری لەبەر دەکرد سەری تراشرابوو، بەدائیم چڵمی لەکەپووی دەهاتە خوارێ، زمانی ڵاڵبو، لەپێش کەبابخانەکەی حاجی قادر دادەنیشت، جارجار عائیلەکانی قەراتێ ئیشیان پێدەکرد و پارەیەکی کەمیان دەدایێ، زەمیبلەکی لەدەست دەگرت و مسواگی لۆ هەندەک ماران دەکرد.. ئەو کسۆکە یەک شتی زۆر عەیبی هەبوو، ئەویش کە لە ناوجەرگەی بازاڕدا دادەنیشت دەعبایەکەی لەناو دشداشەکەیەوە دەکەوتە گۆڕێ!.
چورچەش شێتۆکەیەکی دی بوو، ئەو چورچەیە کوڕەکی جاحێری زۆر زەعیف بوو، ئەو کاتی تووڕەت بکردبایە چڵمی کەپووی تێدەگرتی، زۆر عەجایب بوو، چڵمەکەی زۆر بڕی دەکرد و کەمجار نیشانەکەی غەڵەتی دەکرد هەر پێت دەکەت.. چورچە زۆر حەزی لەجلکی عەسکەری بوو، لەبیرمە کاتەکی ئەمە لەساری حەفتا و چار چوینە سەرێ ببینە پێشمەرگەی ئەیلوول، چورچەش لەگەر حەشامەتەکە هاتبووە دەرێ، لە گەڵاڵە دیتم جلکی عەسکەری لەبەر کرد بوو وروتبەی مولازم ئەوەلی بەستبوو.خۆی کوڕەکی ڕوح سوک و کۆمیدیان بوو، کوشتنەکەشی هەر کۆمیدیانە بوو، چونکی کەوتە ناو بۆسەوە وایانزانی بوو کەوا زابتی عەسکەرییە!.
حەسەن 55 ئەو حەسەنە خەرکی دەشتێ بوو، هەردسو چاویشی سەقەت بوو، هەر کاتەکی پێت گۆتبا پەنجا و پێنج تووڕە دەبوو بەردی دەهاوێشت.دائیم بەرد و کەرپوچی بەدەستەوە بوو. ئێستاش تێنەگەشتم لۆ بەو ڕەقەمە شێت و هار دەبوو!
عەمۆ جەلیل ئەو عەمۆیە هەموودەم ڕادیۆیەکی بەبن گێی دەناو موتابەعەی ئەخباری دەکرد.. کاتەکی پێت دەگۆت ها عەمۆ جەلیل ئەخبار چییە؟ یەکسەر دەیگۆت تررن تررن. هونا لەندەن. ئەوجا ئەخبارەکانی لۆ دەخیندیەوە!.
هەیاسە شێت دڕندەبوو.. جمهوریەتی هەیاس لەبن دیواری ماری ئەحمەد چەلەبی بوو.. شیشەکی درێژی بەدەستەوە بوو، هەر کەسەک لێی نێزیک بایە شیشەکەی تێدەگرت، ئەوجا خۆی و شانسی کوو لێی دەرباز دەبوو.. دەگێڕنەوە ڕۆژەکیان کابرایەکی دەشتەکی تازە هاتبووە هەولێرێ، دەستی بەلۆبیا فرۆشتن کردبوو.. هەیاسە شێت عادەتەن سبەینان زوو دەچووە کن ئەو لۆبیا فرۆشانە و نانەکی لەفڕنی وەردەگرت و لۆبیای تێدەکرد و دەیخوارد.. ڕۆژی یەکەمی ئەو لۆبیا فرۆشە بە سودفە هەیاس چوبوە لای و پێی گۆتبوو، لۆبیام لۆ تێکە. ئەویش گۆتبوی پارە بینە!. ئەوانەی لەوێ بوون پێیان گۆتبوو لۆی تێکە برام با بڕوا.. ئەویش لەکەللەی سەریدا بوو گۆتبوی هەتا پارەم نەداتێ لۆی تێناکەم!. لەودەمە هەیاس یەک شەقی لەزەمبیلە لۆبیاکەی داو، کەوتە سەری هەموو قەلبی شکاند.. بەحارەحار لەبن دەستی دەریانهینا، ئیدی کابرا چاوی بەو مەنتیقەیە نەکەتەوە، لەوانەیە هەر گەرابیتەوە گوندەکەی خۆیان!..
ڕۆژەکیش حاجی ئیکرامی هەولێری بەسەیارە لەبرازایەکی ئەو هەیاسەی دابوو. هەموو ڕۆژێ سبەینان و ئێواران هەیاس لەدەرکەی ماریانی دەدا و دەیگۆتێ سەگباب ئەو مندارەی لۆ نابەیە خەستەخانە؟!. ئەوجا هەتا ئەو کوڕە گەورەش بوو ژنیشی هینا هەیاس هەر بەردەرکەی ئەو حاجی ئیکرامەی بەرنەدەدا ڕۆژی دوو جار دەچووە سەری دەیگۆت لۆ نایبەیە خەستەخانە؟!.
جەلالە شێت ئەو جەلالە شەل و گێڕ بوو، ڕۆژەکیان زستان بوو بەچاوی خۆم دیتم وایەری کارەبای عەمودەکی لێیدا و هیچی لێنەهات.. ئەو جەلالە شێتە ئێوارەیەک دێتەلای نادی مۆزەفین، ئەو کاتی مۆزەفەکان سەیارەکانیان لەپێش دەرکەی نادییەکە ڕادەگرت. دەرکەی سەیارەکی دەکاتەوە دەچی لەسەر کوشنی پشتەوە لێی دەنوی.. ساحیبی سەیارەکە زابتەکی عەسکەری بوو، شەو درەنگ دێتەوە سواری سەیارەکەی دەبی و بەڕێ دەکەوێ، ئەو لەبەر ئەوەی خواردبویەوە و لەقوماریش دۆڕاند بووی ئاگای لە جەلالە شێت نەبوو کە لە پشتەوە خەوی لێکەتییە، وەختەکی جەلال لەگڕەگڕی سەیارە بەخەبەردێ لە پشتەوە دۆقەکی لە پشت ملی زابتەکە دەدا و پێیدەرێ کەونێ کێوەم دەبەی ئیدی زابتەکە لەو موفاجەئەیە شێت دەبی.. دەرێن خزم و کەسی ئەو زابتە ئاخیری ئەو جەلالەیان کوشت!.
بەرخۆکە شێتەک بوو لۆ نانخواردن دەچووە هەموو تازیەک و حەفلەیەکی ژنهینانەوە، ئەگەر لەهەر گوندەکیش بایە، لۆیە بەدائیم ئاخر ئەخباری خەرکی لەکن بوو، کێ مرد، کێ منداری بوو، کێ ژنی هینا، کچی کێ مێردی کرد.. وەکی ئاژانسی هەواڵ وابوو.. قائیمەیەکیشی لەکن بوو ناوی هەموو شێتەکانی هەولێری تێدا بوو، ئەوجا کە ناوەکانی دەگۆتەوە ئاخیریشی دەیگۆت ئاخیر شێتیش ئەمنم بەرخۆکە!.
جومعە شێتەک بوو جلکی عەسابەی فلیمەکانی لەبەر دەرکرد و دەیگۆت ئەمن ڕینگۆ ئەبوو دەمانچەم!.
سەعۆ شێتەک بوو ئیشی بەس شکاندنی کێلی قەبران بوو، ئەو لەقەبرستانی شێخ عومەر دەژیا بەران هیچ کێلی تێدا نەهێشت نەیشکاندبی.
پیرداود شێتەک بوو دەچووە هەر چایخانەیەک دەبایە بەدەستی خۆی چای تێکردبایە، بەدەستی کەس چای نەدەخواردەوە.
شێتەکانی دی ئەوانە بوون خانەقین، تەها منێ، پووتە، موحسینە شێت، مەمەدە شێت، مام ساڵحی گێسک فرۆش کە ڕەسمی ستالینی لەسەر سینگی دادەنا.
شێخ ڕەزا دەموچاوەکی ڕەشی لۆچاوی ترسناکى هەبوو.. ڕۆژانە دەچووە قەسابخانە هەرچی ڕیخۆڵە و ناو ورگی حەیوانات هەبوو خڕی دەرکردەوە و ئێواران پشیلەکانی شاری هەولێر لێی خر دەبوونەوە و دەیدانێ، لۆیە بەناوی مام پشیلەش ناوی دەرکرد بوو.. ئەویش وەکی حەمە شێت دەیانگۆت وەلییە چونکی زۆر زگی بەحەیوانات دەسووتاو دەیانگۆت ئەوە ڕەحمەتی خوایە لۆ پشیلەکانی ناردیە!.
لەو هەموو شێتە پیاوە، بەس یەک ژنی شێت هەبوو ئەویش پێیان دەگۆت کەسک و سۆر هەر وەختەکی پێتگۆتبا کەسک و سۆر بەردی دەهاوێشت و تفی لێ دەکردی.
لەو سارانەدا دەیان شێت و شێتۆکە لەو هەولێرە هەبوون کە ببوونە کەسایەتی ناسراوی ناو میللەتەکەمان، تەبعەن لەبیرتان نەچی شێت لەهەر شار وراتەکیدا هەبێ دەبێتە بەشەک لەتاریخی ئەو ورات و شارانە، لۆیە خەرکی قەت لەبیریان ناکەن..[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!