مام ڕەسوڵ و خارە تایەر
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەسارانی چل و پەنجایەکان لەئیزاعەی بەغدا گۆرانی تەسجیلکردن هێشتا نەبوو، دەبایە گۆرانیبێژ لەناو ستۆدیۆی ئیزاعە حازر بایە و لەکاتەکی دیاریکراودا گۆرانییەکانی ڕاستەوخۆ پەخشکردبایە. بەپێی مەعلوماتم، لۆ گۆرانیبێژە کوردەکان ڕۆژانی سێشەممە داندرابوو کە هەر یەکیان چارەکە سەعاتەک گۆڕانی برێن. ئەوجا حەفتەی جارەک دەبایە ئەوانە لە #هەولێر# و #سلێمانی# و #دهۆک#ەوە بچنە بەغدا و لەوێ سڕرەیان بگرتبایە هەتا مەوعیدی گۆرانییەکانیان دەهات.
عیلاقەی ئەو گۆرانیبێژانە زۆر خۆشبوو، کەسیان حەسادەتی بەویدی نەدەبرد. لەوانەش مام #ڕەسوڵ گەردی# و خارە #تایەر تۆفیق#، بەران گەنجەکانی هەولێر و سلێمانی زۆرجار هەر لۆ خۆشی مسابەقەیان بوو لۆ درووستکردنی نوکتە لەسەر ئەو دوو هونەرمەندە گەورەیەی کورد. تەبعەن ئەوانیش خۆیان ئاگایان لەو نوکتانە نەبوو مەگەر لۆیان بگێڕابایە، ئەگەر نا عیلاقەیان وەکی دوو برای زۆر خۆشەویست بوو.
حەزم کرد هەر لۆ خۆشی دوو نوکتەی مام ڕەسوڵتان لۆ بگێڕمەوە وەک خۆشەویستییەک لۆ ئەو هونەرمەندەی کە خزمەتەکی زۆر گەورەی هونەری کوردی کردیە..
دەرێن ڕۆژەکیان مام ڕەسوڵ لە بەغداوە دەگەڕایەوە هەولێر دوای ئەوەی گۆرانییەکانی لەئیزاعە پەخشکردبوو. بە سودفە چار پێنج تەڵەبەی کوردى زانکۆى بەغدا ئەوانیش لەعوتڵە بوون دەگەڕانەوە و لەسەیارەکە بوونە هاوسەفەری مام ڕەسوڵ. ئیدی بەفرسەتیان زانی و هەر لەسەیتەرەی بەغداوە وایان پیشاندا کە ئەوان مام ڕەسوڵ بە خارە تایەر تێدەگەن، ئیدی دەستیان کردە بە زەمکردنی ڕەسوڵ گەردى. دەیانگۆت خارە تایەر بەڕاستی ئەتو هونەرمەندەکی زۆر گەورەی، خزمەتی زۆرى هونەری کوردی دەکەی، مەقامات و گۆرانییەکانت گەلەک خۆشن و تازەبوونەوەی تێدایە، شیعری گەورەترین شاعیر دەکەیە گۆرانی زۆر خۆش، ئەمە ئەتومان زۆر خۆش دەوێ هەموو دەم گێ لەگۆرانییەکانت دەگرین. بەران ئەو ڕەسوڵ گەردییە گۆرانیبێژەکی زۆر فاشیل و دەنگیشی زۆر ناخۆشە، بەڵایەکە بەسەر گۆرانی کوردییەوە، نازانین کوو بەوەی دەرێن هونەرمەند. مام ڕەسوڵیش خۆی تێک نادا و جار جارەک دەیگۆتنێ نا نا وا مەرێن، ڕەسوڵ گەردیش خزمەتی زۆری کردیە و دەنگیشی خۆشە. ئیدی بەو شێوەیە هەتا دەگەنە ناو هەولێر بە مام ڕەسوڵیان ڕابوارد و مەدحی تایەر تۆفیقیان دەکرد. کاتەکی لەناو هەولێر تەڵەبەکان دێنە خوارێ، خواحافیزی لەمام ڕەسوڵ دەکەن و پێی دەرێن دەوجا مام ڕەسوڵ گەردی ئەمە ڕۆیشتین خواحافیز!. کە مام ڕەسوڵ گوێی لەوە دەبی دەزانی لە بەغداوە هەتا هەوڵیر پێیان ڕابواردیە ئیدی دەستدەکا بەجوندانیان..
لە سەردەمی #بەعس#دا لەسارانی حەفتایەکان تەعدیلەکی وەزاری لە حکوومەتى بەغدا کرا، هەندەک وەزیر دەرکران و هەندەکی دی هاتنە ناو حکومەتەوە. یەکەک لەوانەی تازە ببووە وەزیر ناوی تاهیر تۆفیق العانی بوو کە کرایە وەزیرى پییشەسازى، بەران چونکە لەو سەردەمە بەعس لەقەبی مەمنوع کرد بوو، لۆیە لەئەخبارەکان نەدەبوو لەقەبی وەزیرەکان براو بکرێتەوە.
ڕۆژەکیان مام ڕەسوڵ گەردی کەلعادە سۆندەی ئاوی بەدەستەوەیە و لەپێش دەرکەی مارەکەی ئاوڕشێنى حەدیقەکەى دەکات و ڕادیۆیەکیشی لەنێزیک خۆی دانایە و گێ لەئەخبارى دەگری. لەهیکرا کابرای موزیع ئەخبار دەخینتەوە و دەرێ ئەورۆ جەنابی مامۆستا تاهیر توفیق وەزیری پییشەسازی سەردانی مەعمەلی نەسیجی بەغدای کردیە. مام ڕەسوڵ کە گێی لەناوی تاهیر توفیق دەبی یەکسەر سۆندەکەی دەستی فڕێدەدا و ڕادیۆکەی بەدەستەوە دەگری، کە ئەخبارەکە تەواو دەبی وا دەزانی ئەوە تاهیر تۆفیقی برادەری گۆرانیبێژەکەیە، ئەوجا دەرێ بزانە بزانە ئەو قورمساغە بوویتە وەزیری عێراق بەمنیشی نەگۆتییە، باشە لۆ ئەویان کردیتە وەزیر ئەمنیان نەکردێ، خۆ ئەمن لەوی کەمتر نیمە، ئەمن حەیرانانیش دەبێژم کە ئەو هیچیشی لێ نازانی؟. ئەوەش بەزمی مام ڕەسوڵ کە نوکتەی زۆری لەسەرە دەیهێلمەوە لۆ وەختی خۆی.[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!