کێ کردى؟ کێ خواردى!
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە هەموو دونیا دەورەتان و میللەتان ڕێز لەخەرکە داهێنەرەکانى خۆیان دەگرن. بڕۆن تەماشاى سەر شەقام و ساحەى شارەکانى دونیا بکەن، دەبینن هەزاران پەیکەرى گەورەى شاعیر و نووسەر و داهێنەرەکانیان بەرز ڕاگرتیە. لەلاى خۆشمان پەیکەرى شاعیرانمان کەپوویان دەشکێنن. هەر میللەتەک ڕێز لەداهێنەرەکانى خۆى نەگرت، خۆیشى شایەنى ڕێزلێنان نیە. چونکى کۆمەڵگە و ورات هەر بە خەرکە داهێنەرەکانیەوە پێش دەکەوى.
عەرەب دەرێن (لو خلیت، قلبت) واتە ئەگەر قەومەک پیاوى زیرەک و عاقل و زانا و داناى تێدا نەبوو، سەراوقوون دەبتەوه.
کوردیش وەکى هەر مللەتەکى دونیا دەیان و سەدان داهێنەرى هەبووە، بەس ئاخ و داخ ئەو قسەیەى کوردیش زۆر ڕاستە کە دەرێ (لەناو قەومى کوردا هەتا نەمرى قەدرت نازانن) . ئەگەر ئەمەى کورد چەند قەڕنەک لەژێر دەستەییدا نەمانتانى ڕێز و خۆشەویستى خۆمان لۆ خەرکە داهێنەرەکانمان دەرببڕین، خۆ لەپاش ڕاپەڕینیش کە حوکم کەتە دەستى خۆمانەوە هیچمان لۆیان نەکرد.
خەرکى داهێنەرى کوردى وراتەکەمان لە هەموو چیینەکانى ترى میللەت قوربانیدەرتر بوونە، بەران هیچیشیان لۆ نەکرایە. ئێستا چیینەکى پوولپەرست و چاوچنۆک و قۆڵبڕ و حەسوود و داوێنپیس، دەستپیس لەناو ئەو کۆمەڵگەیە پەیدا بوونە نە بەهیچ تێر دەبن، نە چاویشیان بەکەس هەردێ. چینەکى نەخیندەوار شەهادەى زۆربەیان تەزویرە، ئەوەى شەهادەشى هەیە، سەقافەت و پسپۆڕیەکەشى یەک عانەى قەڵپ ناکا، چونکى زۆریان تێدایە ئەسڵەن ئێش بە شەهادەکانیشیان ناکەن بەس شەهادەى حزب. ئەو چینەش ئێستا هاى لایف دەژى، لەسەرى سەرەوەن، خەرکیش لەبنى بنەوە.
وەرن با بپرسین، شاعیرەکى گەورەى وەک #پیرباڵ مەحمود# چەند عیمارەى لەدواى خۆى بەجێهێشت!
ڕابەرەکى وەکى #مەحمود زامدار# چەند ئوتێلى دەرەجە پێنجى بەناو بوو!
دڵناسکەکى وەکى #نازم دڵبەند# چەند سەیارەى وەنەوشەى هەیه!
پیاوەکى جوانى وەکى #ئیسماعیل بەرزنجى# چەند فێللاى لەدریم سیتى بەناوەیە!
نووسەرى گەورەى وەکى #عەزیزى مەلارەش# و مەغدید حاجى و عەبدولڕەحمان فەرهادى ڕەسیدى چەند ملیۆن دۆلاریان لەبانقەکاندا هەیە!
پەیکەرتاشەکى بلییمەتى وەکى جابر پیرداود چەند عیمارەى بەناوەوەیە!
#مشکۆ# و حەیدەر بەقاڵ، #تاهیر تۆفیق# و #عەلى مەردان# و #گوڵبەهار# و نەسرین شێروان چییان لۆ کرا!
کاپتنەکى ناودارى وەکى نەجات عەبدلواحید چەند یانەى وەرزشى بەڕێوە دەبات! ئێستا نەجات ئاو دەفرۆشێ!
داهێنەرەکى عەبقەرى وەکى مەمۆ خەلیل دوکانى ئەدەوات فرۆشتنى هەبوو ئەگەر نا لەبرسان دەمرد!
لۆ دەبى ئەو چیینە ڕۆشنبیر و ئەستێرە درەوشاوانەى میللەتەکەمان ژیانى کولەمەرگى ببەنە سەر و هەرچى و پەرچى و شەقاوه و شەلاتى و سەرسەرییەکانى کۆمەڵگە ببنە خاوەن فێللا و مەزرەعه و ملیۆنان دۆلار؟
لۆ دەبى ئەوانە بەحەسرەتەوە سەر بنێنەوە، مندارە مەسئول و خزم و کەسەکانیان خاوەنى کۆمپانیا بن و شەق لە دەفتەر دۆلار بدەن؟
هەر ئەوانەش نین، ئەوەتا هەزاران پێشمەرگەى کۆنى ئەو میللەتە کە سارانەک سینگى خۆیان دەدایە بەر گوللە لۆ ئەوەى مندارى کورد بە ئارامى شەو بچتە سەر جێگاى خۆى، لەوانەش هەزارانیان گیانى خۆیان بەختکرد و هەزارانیان سەقەت بوون، فەرموون ببینن، ئێستا دەسەرات کە نانى ئەوان دەخۆن، لەچاویان دێ معاشەکى دوو مانگ جارەکى تەقاعودیشیان بداتێ!
دەرد و خەفەت زۆرن، یاخوا ملمان بشکابایە ئەو خەباتەمان نەکردبایە لۆ مندار و هەرچى و پەرچییەکانى ئێستا. ئەوەیە دەرێ (کێ کردى، کێ خواردى)[1]
باقی وەلسەلام..
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!