فلس و عانه
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
وەختى خۆى پارەى عێراق زۆر بەقییمەت بوو. تەبعەن زۆربەى زۆرى خەرکى عێراق هەتا ئەو سارانەى ئەخیر قەت گێیان لێنەدەبوو فڵانە کەس ملیۆنێرە. ئەو سیفەتى ملیۆنێرییە تەنها لەموجەلە و فلیمانمان دەدیت، ئەگەر نا لەلاى خۆمان کەسەک نەبوو ناوى ملیۆنەربى. دەورەمەند هەبوون، بەس هیچکات سەروەتەکەیان نەدەگەیشتە ملیۆنەک دینار.
لەبیرمە لەسارى 1977 حکوومەتى عیراق ئیعلانى میزانییەى دەورەتەکەى ڕاگەیاند و لەجەریدەکانى عێراقدا کرایە هەڵایەکى گەورە گوایە لۆ یەکەمجارە لەتاریخى عێراقدا میزانیەکەى بگاتە 12 ملیار دینار! ئێستا کوڕە مەسئوولەک دوازدە ملیار دینار هەر لەسەر مێزى قومارى دەدۆڕێنى و تەقەى سەریشى دێ!
یەکەم دینارى عێراقى لەسارى 1932 دەرکرا، ئەو کاتەى عێراق سەربەخۆیى وەرگرت و بووە ئەندام لە (عوسبەت لئومەم) . پێشتر لەعێراق معامەلە بە ڕوپییەى هیندى دەکرا. لەوانەیە مەسەلەکە عیلاقەى بەو جەیشە هیندییەوە هەبى کە بەریتانیا لۆ داگیرکردنى عێراق لەسارى 1917 دا هینا بووى و مومکینە لەبەر ئەوەى معاشى ئەو جوندییانە بە ڕوپیەى هیندى درایە لۆیە بوویتە پارەى معامەلات لەعێراقدا. ئەوجا هەتا سارانى حەفتایەکانیش پیرەژن و پیرەمێردەکانمان هەر بەو پارەیە معامەلەیان دەکرد، وەکى دەیانگۆت (ڕوپیەک) مەبەستیان 75 فلس بوو، واتە درهەمەک و نیو. یان دەیانگۆت بە شەش عانە و دوزادە عانە. عانەش هەر پارەیەکى هیندى بوو لاى خۆیان ناوى (ئانە) بوو کە دەیکردە چار فلس.
یەکەمجار کە دینارى عێراقى دەرچوو قیمەتەکەى بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى دەیکردە 4 دۆلار و 86 سەنت، دوایى لەسارانى حەفتایەکان بووە 3 دۆلار و 33 سەنت. هەتا حەساڕە گەورەکەى سارى نۆوەتەکان لەسەر ئەو قیمەتەى خۆى مایەوە، ئیدى وەکى میزى حوشتر دایە دواوە، لەو سارانە قیمەتەکەى زۆر شکاو گەیشتە دوو هەزار دینار بەرامبەر یەک دۆلار، ئێستاش یەک دۆلار بەرامبەر بە 1120 دینارە.
لەسەردەمى حەساڕەکەدا کەرایەتى سەدام گەیشتە ئەو حەددەى پارەى تەبع دەربکا کە قیمەتى قوونکە جغارەیەکى نەما، چونکى زۆر ئاسایى بوو ئەگەر جیهازەکى ئیستنساخى ملەوەنت هەبایە دەتتانى لۆ خۆت ملیۆنان دینار تەبع بکەى، ئەوە بوو حکومەت ئەو جیهازانەشى مەنعکرد و خەتى فسفۆرى خستە سەر دینارەکە لۆ ئەوەى تەزویر نەکرێ.
لەسارانى پێش جەنگە شوومەکانى سەدام دینار زۆر قیمەتى هەبوو، تەسەوڕ بکەن معاشى مامۆستایەک لە مانگەکیدا بیست دینار بوو، گەورەترین مۆزەف معاشى نەدەگەیشتە سى و چل دینار. جوندى موکەلەف یەک مانگى ڕەبەق بە 4 دینار ڕوبعەک کەم بەسەر دەبرد. شاگرد لەسبەینێ وە هەتا مەغریب ئیشى دەکرد درهەمەک یان دوو درهەمى ڕۆژانە وەردەگرت کە دەکاتە سەت فلس. عیادەى شەعبى بەپەنجا فلس بوو، بیتاقەى سینەما بە 40 و 60 و 80 فلس بوو، لەفەیەک بە دە فلس و پازدە فلس بوو، کیلۆیەک گۆشت بە 75 و 100 فلس بوو، فەردەیەک برنج لەسارى حەفتایەکان بە 3 دینار بوو، فەردەیەک شەکر بە دە دینار بوو. پێویستیت بەدختۆر بایە بەفەحس و ئەشیعە و موختەبەر و دەرمانیش دوو دینارى تێدەچوو. سەفەرى بەغدا بەنێرن حەفت درهەم بوو، شەوى نووستنى فندق بە سێ دەرهەمى بوو. برنج و شلە بە سەت فلس بوو، ئەگەر گۆشتیشى لەسەربایە بە سێ درهەمى بوو. چار شیش کەبابى کویسنجاق بە 120 فلس بوو، چایەکى سەید سەلیم بە دە فلس بوو، بیبسى بەنیو درهەم و سیفۆنیش بە دە فلس بوو. کتێب بە 100 و 120 فلس بوو، موجەلات بە پەنجا و شێست فلس بوو. پێڵاوى باتا بە سێ درهەم و چار درهەم بوو، قاتیش بە 3 و 4 دینارى بوو. کراس بە شەش و حەفت درهەم بوو.
معاش و ڕۆژانەت هەرچەندەک بایە هەر بەشى دەکردى، مۆزەف مانگى بیست دینار معاشى بایە دەیتانى کرێى خانى لێبدا و جلک و بەرگیش لۆ مندارەکانى بکڕى و نانى ڕۆژانەشى بخوا و زەخیرەى زستانیش دابنێ، خەرکیش بەعام قەناعەتى هەبوو هەر کەس بە ڕزقى حەڵاڵى خۆى ڕازى بوو. کەس چاوى لەحەرام نەبوو، حوکمەتیش لۆ یەک دەقە معاشى تاخیر نەدەکرد سەرى مانگ 30 یان 31 ڕۆژ بایە معاشى خۆت وەردەگرت.
ئەوجا با لۆتان شیبکەمەوە دینارى ئەو وەختى چەند بە قیمەت بوو:
یەک دینار بیست درهەم بوو. یەک درهەم پەنجا فلس بوو. یەک عانە چار فلس بوو. یەک ڕوپییەش 75 فلس بوو.
ئەو هەزار دینارە زەردەى ئێستا دەیبینن، دەکاتە یەک ملیۆن فلسى ئەو سەردەمە زێرینەى باسى دەکەم. ئەوجا حیسابى خۆت بکە و بزانە ئەمە لەچییەوە گەیشتینە چى؟.
لەکۆتاییدا با شتەکتان لۆ بگێرمەوە کە لەو دواییانە لە فەیسبووک دیتیتم.
-بە هەزار دینارى سارى 1947 دەتتانى یەک گەڕەکى تەواو بکڕى.
-بەهەزار دینارى سارى 1957 دەتتانى یەک عیمارەى چار قات بکڕى.
-بەهەزار دینارى سارى 1967 دەتتانى خانیەکى گەورە بکڕى.
-بەهەزار دینارى سارى 1977 دەتتانى شوققەیەکى پێ بکڕى.
-بەهەزار دینارى سارى 1987 دەتتانى پارچە عاردەکى باشى پێ بکڕى.
-بەهەزار دینارى سارى 1997 دەتتانى دوو بلۆکى پێبکڕى.
-بەهەزار دینارى سارى 2007 دەتتانى یەک لەفەى فەلافلى پێبکڕى.
ئەدى ئێستا؟..
-بە هەزار دینار دەتانى دوو دەسکە کەرەوز و یەک تەرەتوورە و سەرکە پیازەکى پێبکڕى!.
دەوجا بڕێن شار ناخۆشە..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!