زەمانی گەنجایەتی
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەزەمانی مەدا مەخسەدم سارانی شێست و حەفتاکانە، نە مۆبایل هەبوو نە تەڕەماش. نە ئەنتەرنێت نە تەڕەساس.. نە کەناڵی ئاسمانی نە شەڕەشەقى ناو بەرنامەکان.. نەموشکیلەی نەفت دزین و نە بڕینى ڕوعبە معاشی شەل و کۆرەکان. ئەو وەختی کتێب خیندن هیوایەت و عەشقی زۆربەی گەنجەکان بوو. ئەسڵەن زۆر عەیب بوو ئەگەر گەنجەک هەموودەم یەک دوو کتێبی لەبن باخەری نەبایە. شەرمەزرای بوو لە چایخانە لەحەلقەیەک دانیشتبایە و نەیزانیبایە دوو موناقەشە لەسەر کتێب بکا.
بیلموناسەبە ئەو وەختی لە #هەولێر#ێ چایخانە و سینەما شتەکی زۆر موهیم بوون. بەسینەما دونیامان دەناسی، لە چایخانەش موناقەشاتی سەقافیمان دەکرد.. ئەوجا ئەو زەمان لە هەولێر چەند چایخانەیەک هەبوون کە زۆر مەشهوور بوون وایلێهات هەندەک جێ هەبوون بەناوی چایخانەکان دەناسرانەوە وەکی جادەکەی لای کازینۆ عەنتەر، یان دائیرەی ئەمنی لای چایخانەی بایز یان دوکانەکانی تەنیشت چایخانەی عەبۆ، یان گەڕەکی کن چایخانەی کورد و عارەبان..
ئەمن خۆم و برادەرەکانم موشتەری دائیمی چایخانەی عەبۆ بوین، لەوێ بلیاردمان دەکرد، ڕۆژانەش چار پێنجەکمان خڕ دەبوینەوە باسی کتێب و سەقافەتمان دەکرد. ئەو زەمان گەنجە موسەقەفەکان زۆرتر موتەئەسیربوون بەفکری مارکسی. بەتەئسیری خەباتەکەی گیڤارا و کاسترۆ و ئیتحادی سۆڤییەتی، هەندەک لەخەرکی هەولێر ناوی کوڕەکانیشیان دەنا گیڤارا و کاسترۆ. ئەو دەمە یەک ئیعلام هەبوو کە ئەویش حکومی بوو، لەو ئیعلامەوە ڕۆژانە دژایەتی ئەمریکا و دەورەتانى غەربیان دەکرد بەحیساب ئەوانە ئیمپریالین و حوکمەتی #بەعس#ی عێراقیش تەقەدومیە، لۆیە ئەمەی گەنجان کەتینە بن تەئسیری ئەو ئیعلامەوە ڕقی دونیامان لەئەمریکا و غەرب بوو، ئێستا لۆمان دەرکەوت چ کڵاوەکیان لەسەرمان ناو چەندە کەر و گێلۆکە بوین بەدوی دیعایەی بەعس و شوعییەکان کەتبوین.
هەر کتێبەکی نوێ دەرچوبایە گەنجەکان دەیانکڕی لەگەر یەکدی دەیانگۆڕییەوە، دوایی لە چایخانە موناقەشەیان لەسەر دەرکرد. گەنجی ئەو زەمان بەحوکمی خیندنی کتێب زۆر موسەقەف بوون، لۆیە ئێستا تەمەشا بکە هەر کەسەکی لەو زەمانەدا ژیا بی، سەقافەتەکەی بە مقارەنە لەگەر موسەقەفەکانی ئێستادا فەرقەکی زۆری هەیە، ئەو وەختی خەریجی ئیبتدائی لەساحێب شەهادەی ماجستیری ئەوڕۆ زیرەکترە چونکە شتی دەخیندەوە، جیلی ئێستا بەرۆژ دەنوی، بەشەویش خەریکی چات و حوب حوبینەیە!.
بەموناسەبەی حوب حوبینیشەوە لەزەمانی مەدا، حوب حوبین زۆر ئاسان نەبوو. جارێ پێش هەموو شتەکی زۆر کەم کچمان لەبازاڕ دەدیت، خۆ ئەگەر بشماندیتبایە ئەوە لەبن پێچە و عەبای ڕەش خۆی دەشاردەوە، لەناوەندی حەفتاکانەوە هەندەک دونیا کرایەوە ئەویش کاتەکی هەندەک مەعمەل لە هەولێر کرانەوە و کچ و مچیان تەعیین دەکرد وەکی مەعمەل جغارە و دەواجن و نەسیج.. خۆ ئەگەر کوڕەک بیویستبایە عیلاقە لەگەر کچەکی بکاتەوە ڕوحی دەردەچوو. دەبوو پازدە بیست ڕۆژ چاوەڕێیان بکردبایە هەتا کچەکە مەجالی وەردەگرت بەناوی چونە خەیاتی بێتە دەرێ، ئەوجا دەچوون لەنێزیک مەوقیفی پاسی مەسڵەحە ڕادەوەستان هەتا یار بەدەر دەکەت بەرکی ئەوە خوایە مەکتوبەکی بداتە دەستی زۆر جاریش موهیمەکە فەشەلی دەهێنا چونکە کچەکە زۆر دەترسا کاغەزەکەی لێوەر بگری، وەکی عوسمان عەلی گۆتەنی (تا نامایەکی داوەتێ تووشی سەد دەردی سەر بووە) ئەو وەختی موبایلیش نەبوو زۆر کەم ماران تەلەفۆنیان هەبوو، مەگەر مارە دەورەمەندەکان، دوای ئەوەش وەختی تەلەفۆنیشت دەکرد دەبایە لەبەدالەوە ڕەقەمەکت لۆ وەربگرن یەعنی مەئموری بەدالە گێی لەهەمو قسەکانت دەبوو، لۆیە کەس جورئەتی ئەوەی نەدەکرد بەتەلەفۆن قسە لەگەر یارەکەی بکا.
هەندەک جاریش عیلاقەی کوڕ و کچ وەختەک درووست دەبوو کە کچەکە لەمەوقیفی ئامانە ڕاوەستایە، کوڕەکەش دەچووە بەرامبەری ڕادەوەستا و دەستی لەپرچی خۆی وەردەدا ئەگەر کچەکە ئیستیجابەی هەبایە، ئەوە کوڕەکە لەگەری سواری ئامانەکە دەبوو لۆ ئەوەی بزانی ماریان لەکێیە، ئیدی ئەو گەڕەکە دەبووە کەعبەی کوڕەکە و بەجێی نەدەهێشت هەموودەم لەنێزیک ماری کچە ڕادەوەستا بەرکو ئەوە خوایە دەرکەی بکاتەوە ئەویش مەکتوبەکی بداتێ، هەر کاتەک عیلاقەکە توند بوو، ئەوجا داک و خوشکی دەناردە داخوازی، ئیدی ئەو دوو یارە دەبوونە ژن و مێرد کە بەحوب حوبین زەواجیان کردیە..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!