قووشقاقز
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
پێشتر موستەلزەماتەکەى حازر دەکرا. دەچووینە قرتاسییەکان و یەک تەبەقە کاغەزى ملەوەن یان سپى، لەگەر بەکرەیەک شریتى سەمغمان دەکڕى. شریتەکەش لەکاغەز بوو، ماددەیەکى سەمغى لەسەر بوو هەر جارەکى بە زمان تەڕمان بکردبایە تامەکى ترشى هەبوو. نازانم ئەو ماددەیە چ بوو، بەس وەڵڵا تامەکەشى خۆش بوو.
ئەوجا دەگەڕاینەوە مارێ و لەوێش سووکە شەڕەکمان لەگەر داکمان دەکرد. کاتەکى دەستمان دەبردە ناو قۆدیلەکەى داکم و یەک بەکڕە داومان دەردەهێنا کە پێمان دەگۆت (مکارە) ئەو ناوەش نازانم لەچییەوە هاتیە. هەموو جارێ داکم هاوارى لێ هەردەستاو دەیگۆت (مکارەتان نەهێشت هەى خوا لەناوتان ببات!) دواییش پەلامارى گێسکمان دەدا و دوو کەلى درێژمان لێى دەردەهینا و لەوەش دیسان داکم بەجواب دەهات و دوو زلەى لەبن گێمان دەدا!
ئەوجا مەرحەلەى درووستکردنى تەیارە بۆینگ دەستى پێدەکرد.. تەبەقە کاغەزەکەمان ڕادەخست، دوو کەلە گێسکەکەشمان بەشریتەکە لەسەر کاغەزەکە بەشێوەى سەلیب قاییم دەکرد. ئەوجا لۆ کلکەکەشى، سێ چار پەڕەى دەفتەرى مەکتەبمان لێ دەکردەوە و بەشێوەى حەلقە، دە دوازدەکمان پێکەوە دەبەستاو دەبووە زنجیرە و بەشریتەکەوە لەقونکیمان دەبەست و بەکرەکەشمان لەدەنووکى دەبەستا، ئیدى قووشقاقز حازر دەبوو لۆ فڕینى. هى واش هەبوو لەجیاتى کلکەکى دووى لۆ دەکرد و جاروبار دوو دەستى گچکەشى لۆ دەکرا.
وەختى عەسر دەهاتینە دەرێ، ئەوەلجار لەسەر عاردیمان دادەناو بەکرەکەمان وردەوردە دەکردەوە، ئەوجا پاش دە دوازدە مەترەک دوور کەتنەوە، دەستمان بەغاردانێ دەکرد و قووشقازمان لەدووى خۆمان ڕادەکێشا هەتا برند دەبوو و دەکەتە عاسمانەوە. لەگەر هەر بەرزبوونەوەیەک بەکرەکان زیاتر دەکردەوە لۆ ئەوەى زیاتر بڕوا. کاتەکى قووشقاقز دەفڕییە عاسمانەوە هەستمان بەخۆشییەکى لەڕادەبەدەر دەکرد و واماندەزانى کابتنى تەیارەکانین، بە فیزەوە هاوارمان لۆ برادەرەکانمان دەکرد (ئەها بزانە گەیشتیتە کێندەرێ)
زۆرجار ئەگەر بایەکى باش نەبایە هەندەک بەزەحمەت قووشقاقزەکە دەفڕى، لۆیە هانامان لۆ برا گچکەکانمان دەبرد کە داوەکەى لەنیوەوە بگرى و لەگەرمان غاربدا لۆ ئەوەى سەرکەوى. کە بایەکەش خەفیف دەبوو، داوەکەى دەستمان ڕادەشەقاند لۆ ئەوەى قووشقاقز هەر لەفڕیندا بى و نەکەویتە خوارێ.
مندارانى گەڕەکیش وەکى خۆمان ئەوانیش هەر یەکە و قووشقاقزى خۆى دەفڕاند، ئەوجا مەنزەڕەکە زۆر جوان دەبوو کە تەماشاى عاسمانت دەکرد، ئەنواع و ئەشکال ڕەنگت بەعاسمانەوە دەدیت، جارجاریش کە قووشقاقزى هاوڕێیەکت لێ نێزیک دەبووە و غارت دەدایە لایەکى دى لۆ ئەوەى لێک گیر نەبن. خۆ هەندەک جاریش وەکى ئەوەى شەڕى تەیارەکان هەوڵمان دەدا قەسفى ئەوانى دى بکەین، دەندووکمان لەوەى تەنیشتمان دەگرت لۆ ئەوەى کونەکى لێبکەین و بیخەینە خوارەوە، ئەوجا گەورەترین سەرکەوتنى تاریخى ئەوە بوو ئەگەر بتانى بە قووشقاقزى خۆت دووى برادەرەکانت بەر بدەیەوە. جارجاریش نامیەکمان لۆ سەرى قوشقاقزەکە دەنارد پێمان دەگۆت فەنەر ..
زۆر جاریش کە بایەکى بەقووەت بهاتبایە قووشقاقزەکەتى شێت دەکرد و بەرى دەدایەوە سەر دارتێلەکانى کارەبا و بە وایەرەکانەوە گیر دەبوو بەوەش فلیمەکە کۆتایى دەهات، بە نیوە بەکرەى پچڕاو دەگەڕایەوە مارێ. ئەو قووشقاقزە پچڕاوەى سەر دارتێلەکان کە هەندەکیان نیوەى کلکیان لێ بوویتەوە یان بەس سەرەکەى مایە، دیمەنەکى زۆر دڵگیر بوون، زۆر کەم گەڕەک هەبوو لەو سەردەمە زێرینەى مەدا یەک دوو قووشقاقزى لەسەر دارتێلەکانى گیر نەبووبێ.
ژیان بەو سادەیى خۆیەوە، مندار بەو هەموو بەرائەتەى خۆیەوە ڕۆژى بەسەر دەبرد، ئێستا ئەوانە هەمووى بوونە یادەوەریە شیرینەکانى پیرەکانى ئەو زەمانەمان کە مەحاڵە مندارى ئێستا بەهەمان بەرائەتەوە ڕۆژ بەسەر ببەن، لۆیە هەموودەم هەر بەخەیاڵى قووشقاقزى جاران و عەسەلیات و لەگلەگ و کێکى بەعەینەکى جاران، بەداملى و ترشوشیرینى جاران، سەیارەى تێل و ڕینگ و پەلیک و کەلابەرد و دەزدەقانێ و ساپ ساپێنى جارانەوە ئەو تەمەنەى مایتەوە بە فرمێسکەوە بەرێ دەکەم.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!