شێمە قەساب
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەو ڕۆژانە خەبەرەکم خیندەوە زۆرم پێ ناخۆش بوو. خەبەرەکە دەرێ، ئێستا لەو سەردەمەى کۆرۆنا نیگبەتییە کە عەینەن بەرۆژى قیامەت دەچى و حەموو خەرک لە ترسى مردن نازانى سەر بەکێندەرێ بکا، هەندەک کەس لەوانەى چاکبووینەوە تیجارەت بە پلازماى خینیان دەکەن و دەیفرۆشنە ئەو کەسانەى کە تووشى ئەو پەتایە بوونە. هەر چەندە هەتاکوو ئێستاش هیچ دەلیلەکى عیلمى نییە لەسەر ئەوەى کەوا پلازماى خینى چاکبووەکان ئیستیفادەى هەبێ وەکى عیىلاجى کۆرۆنا، بەڵام ئەوە دەبینین هەندەک خەرکى نەفس نزم و خوانەناس و پارەپەرست ئەو کارە ناشرینەش دەکەن کە ئەوەش لە هەموو بەها و ئەخلاقى ئینسانى ئاینییەوە دوورە و خواش پێى ناخۆشە.
سەردەمانەک لەو #هەولێر#ە پیاوەکى جوان و هەتا برێى مرۆڤدۆست و خواناس هەبوو کە ناوى (شێمە قەساب) بوو، دەیان بوتڵە خینى دەبەخشییە ئەو نەخۆشانەى دەکەتنە بن عەمەلیات و پێویستیان بە خین دەبوو.
وایلێهات هەر کەسەک لەو هەولێرە پێویستى بەعەمەلیات بایە هاناى لۆ شێمەى دەبرد خینى بداتێ، زۆرجاریش شێمەى پیاو لەگەر خزم و کەسى نەخۆشەکان لە ژوورى چاوەڕوانى عەمەلیاتەکان ڕادەوەستا لۆ ئەوەى بزانى نەخۆشەکە پێویستى بە خین دەبى یان نا.
ئەو پیاوە مەزنە کە هەقبوو ناوى بچیتە لاپەڕەکانى مەوسوعەى جینیس لە زۆرترین خینبەخشەکانى دونیا، ئەو پیاوە خێرەومەندە کە نموونەى نەبووە لە هەموو مێژووى کوردستان و بگرە عێراق و دونیاشدا، هەر جارەکى کەسەک هاناى لۆ ببردبایە یەکسەر بەبێ دوو درى بوتڵەک خینى لەشى دەردەهێنا بەبێ ئەوەى یەک فلس لەکەس وەربگرى چاوەڕوانى هیچیشى لێنەدەکردن وەکى ئایەتەکەى قورئان دەفەرموێ (لا نرید منکم جزاءا ولا شکورا) هەموو هیواى خزمەتى هەژاران و لێقەوماو و موحتاجان بوو.
هەر ئەویش وا نەبوو، لەو هەولێرە دەیان و سەدان نموونەى جوانى وەهایان تێدا بوو پێش ئەوەى دونیا وەها بە قوڕ بگیرێ و هەرچى جوانییەکان و ئەخلاقى کۆمەڵگەیە لەناوى ببرێ و بەها کۆمەڵایەتییەکان بشێوێن و موجتمەعەکى ماددى و خەرکى خوێرى و سەرسەرى و هەڵپەرست و خوانەناس قییت ببنەوە.
پێشتریش باسى چەند نموونەیەکم کردیە لەوانەش مامۆستا خەلیل ئیبراهیم کە هەر لۆ دڵخۆشکردنم لە گێژنان قاتەکى ئەفەندییانەى خۆى دەدایە من لۆ ئەوەى سێ ڕۆژى گێژنە لەبەرى بکەم، سووندتان لەسەرم نییە جارەکیان قاتەکى لەلاى بورهان خەیات بەرادان دابوو لۆ گێژنە، هێشتا خۆى لەبەرى نەکردبوو دایە من سێ ڕۆژەکەى پێ ببەمە سەر.
زۆر پیاوى خانەدان و نەجیبزادە هەبوون لەو هەولێرە، ئەگەر کەسەک تازییەکى هەبایە مەسرەفى هەموو تازیەکەى دەخستە سەر خۆى، حەفت ڕۆژ نیوڕانان برنج و گۆشت و ئێوارانیش کەبابى لۆ پەنجا شێست نەفەر دەناردە تازییەکانەوە، خۆ ئەوەشمان لەبیر نەچووە کە دەروجیران تەنانەت ناسیاوى شارەکانى تریش بە تەنەکە ڕوون و فەردە شەکر و برنجەوە دەهاتنە تازییە و ئى واشیان تێدا بوو یەک پیکاب ئەرزاقى لەگەر خۆى دەهێنا لۆ هاوکارى خاوەن تازییە.
لە کاتى ژن گواستنەوەش هەموومان لەبیرمانە لە حەفتیانەدا ژنى وا هەبووە ملوانکەى زێڕى لە ملى خۆى دەکردەوە یان بازنەى دەستى یان گوارەیەکى زێڕى دەخستە پێش بووکەوە.
کە تازە لەدائیرە دامەزرابووم هێشتا معاشەکەمکەمبوو نەمدەتانى پێداویستییەکانى ژیان دەستەبەر بکەم، ڕۆژەکیان برادەرەکى دائیرەم لەگەر خێزانەکەى هاتە سەردانمان، دیتى سەلاجەم نییە، هەر لەو دەمە هاتە دەرێ و چوو سەلاجەیەکى لەناو پاکەتى بە 120ى دینارى ئەو سەردەمە کڕى و لەگەر خۆى هێنا و لەمەتبەخەکەى دانا.
لۆ باسى دکتۆرەکانى زەمەنى خۆمان ناکەن کەوا بەنیوەى شەوان ئەگەر لەدەرکەت بدابایە بە ڕۆبى شەوانیش بایە دەهاتنە هاناى نەخۆشەکان. ئەدى لۆ باسى ئەوەش نەکەین کەوا پارەشیان لەخەرکى فەقیر و فەقەرات وەرنەدەگرت، هەر لەسەر مێزەکەى خۆیانەوە دەرمانیان هەردەگرت و بەبێ موقابیل دەیاندایە نەخۆشە کەمدەرامەتەکان و پارەى عیادەشیان لێوەرنەدەگرتن.
ئەو نموونانە و هەزارانى تر هەمووى نیشانەى مرۆڤدۆستى و خواناسى ئەو خێرەومەندانەى هەولێر بوون کە خێزانەکانیان وەهایان پەروەردەیان کردبوون کە بەهاناى خەرکەوە بچن. پیاوەکانى ئەو زەمان دریان بەوە خۆش دەبوو کە خێر و خێرات بکەن، بەهاناى نەخۆش و لێقەوماوانەوە بچن.
هەموومان لەبیرمانە کاتەکى ڕژێمى #بەعس# لەدواى کیمیابارانى #بالیسان# و #هەڵەبجە# و ئاوارە بوونى سەدان هەزار کەسى گوندەکان، کوو خەرکى هەولێر بەلۆرى و گەڵابە ئەشیایان لۆ لێقەوماوان دەگواستەوە، ئێستاش مەنزەڕى ئەو بێشکەى مندارانم لەبەر چاوە کە لەسەر لۆرى هەولێریەکانەوە دەبردران لۆ خەرکە ئاوارەکە، دەیان دەستە نوین و دۆشەگ و بەتانى و سەدان فەردە ئارد و برنج و تەنەکە ڕوونیان بار دەکرد لۆ یارمەتى ئەوانە.
خۆ ئەوەشمان لەبیرە کە ژنە بارزانییەکانى #قوشتەپە# کاتەکى لێیان قەوما و ڕژێمى بەعسى کافر مێردەکانیانى ئەنفال کرد کوو خەرکى هەولێر بەیەک دەنگ کەتنە یارمەتیدانى خێزانەکانیان.
ئەوە هەولێرە جوانەکەى جاران بوو، ئێستاش ئەوە حارمانە دەبینن کوو لۆ پارە و دەورەمەند بوون خەرکى ئەو سەردەمە لەچاویان دێ بوتڵە خینەک ببەخشن گیانى کەسەکى هاوشارى خۆیان ڕزگار بکەن.
هەوڵیر قەت وانەبووە، خوا سەبەبکار بگرى.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!