مافوورى سەر دیوار
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەسەردەمە خۆشەکەى خۆماندا وەکى پێشتریش ئاماژەم پێدایە خەرکى بەعام فەقیر و نەدار بوون، لۆیە ژیانیشیان زۆر سادە و ساکار بوو، ئەوەش لە هەموو شتەکیان بەدەر دەکەت، لە هەڵسوکەوتیان، لە خواردنیان، لە عیلاقاتیان، هەتاکوو ئەساسى ناو مارەکانیشیان وەکى خۆیان سادە بوو. وەکى ئێستا نەبوو خەرکى کەپووى برند بی، وایلێهاتیە ئەورۆ کوڕ و کچەکانیشمان بە دە وەرەقە و دوازدە وەرەقە دەچنە لاى دختۆری عەمەلیاتی بەناو تەجمیلیان لۆ بکا هەتا هەندەک کەپوویان برند بکەن. ئەو وەختى لەناو یەک عەشیرەتدا تەنها دوو کەس سەیارەى هەبوو، ئێستا باب سەیارەى خۆی هەیە، داکیش بە ماکسى مارێ سوارى سەیارەى خۆى دەبى و نیوەى ماکسیەکەشی لەدەرکەى سەیارە هاتیتە دەرێ، دەچتە بازاڕى لۆ کڕینى سلق و توورو کەرەوز. کوڕیش سەیارەى خۆی هەیە و لەسەر فوول لایت و شکاندنەوە خەرکى دەکوژى، کچیش بە کەپوە عەمەلیاتەکەى سوارى سەیارەى خۆی دەبی و دەچتە کافیتریا نێرگەلە دەکێشى. سەفرە و سیاحەی جارانمان سارى جارەک بوو، ئەویش ڕۆژى گێژنەى نەورۆز بوو، چار پێنج مارى خوشک و برایان یەک پاسى ڕیمى خەتى کورانیان بەکرێ دەگرت و پێکەوە بەمندار و مەنجەری دۆڵمەوە دەچونە شێرەسوار یان بەستۆرە و درۆپە، ئێستا کوڕى گەورەت لە جۆرجیایە لەسەر بەحر ڕەسمى کچەکانى ئەوێت لۆ دەنێرى بە مایۆى سەوز و سوورەوە، کوڕە گچکەکەشت لە ئەستەنبۆل لەناو یەختەکى پاریدایتەوە و ڕەسمى سیلفیت لۆ دەنێرى، داکى مندارانیش لەگەر ژنە جیرانەکەت لە شیمالى تارانە و ڕەسمى سفرەی ئێوارانت لۆ چات دەکا. لەزەمانى مەدا ئەشیاو ئەساسى ناو مارەکانیشمان وەکى خۆمان سادە بوون، مافوورەکى دوو مەتریمان بەرەسمى شوانەک یان مەنزەرەیەکى شاخ و داخمان لەسەر دیوار هەردەواسی، لەجیاتی ئەوەى مافوور لەبن پێمان دانێین لەدیوارمان هەردەواسی! ئەساسی هەموو مارەک تەنها یەک کەنتۆرى دوو دەرگا و کەنتۆرەکی نوینان بوو، دوو باوڵى جلکان لەسەر کەنتۆرە دوو دەرکەکەمان دادەنا، سێ چار لیفە و دۆشەگیش لۆ میوانان لەسەر کەنتۆرى نوینان دادەنرا، ئەوجا لە هەمووشی خۆشتر جارى وا هەبوو بەسار میوانەکەمان نەدەهات ئەو دۆشەک و لێفانەش هەر لەسەر کەنتۆرەکان دەمانەوە و کەس لۆی نەبوو بەخۆی دابدا. ئەمن بەخۆم لەسەر شڕە نیمدەرکى دەنووستم، کە تەماشاى کەنتۆرى نوینانیشم دەکرد حەسرەتم لۆ ئەو دۆشەکانە دەکێشا کە لەناو پاکەتی بوون و نەیاندەهێشت لەبن خۆمی ڕابخەم. کووپەی ئاو لەجیاتی سەلاجە و موجەمیدە بوو، پانکەى سەقفی لەجیاتی سپلیت، پرێمزەکى نەفتی گچکە لەجیاتی تەباخی غاز، مێزەکى تەختە لەجیاتی کەوەنتەر، تەشتەکى گەورەی جلک شوشتنیش لۆ حەمامى منداران لەناو حەوشە لەجیاتی بانیۆ و دوش. بەران وەڵڵاهى وەبیلاهى وەتەڵڵاهى ژیانى سادەى ئەو سەردەمە زۆر خۆشتر بوو لە ئێستا. بە ئاوڕشینەکى حەوشە لەعەسراندا مارەکانمان دەبوونە گەلی عەلی بەگ. بە پانکەیەکى سەقفی شڕوشەق هەتا سبەینان خۆشترین خەومان دەکرد، بەسۆبایەکی عەلائەدینی فتیلە زەرد ژوورەکانمان دەبوونە حەمام. کە دەهاتینە دەرێش هەوایەکی ساف و پاک، نە بۆنى پاڵاوگە بۆگەنەکانى دەورەپشتى شار، نە دەنگى گڕەگڕى مۆلیدە، نە خواردنی ئێکسپایەر و دەرمانى بەسەرچوو، نە فرتوفێری تاجیرە قوڵبرەکان. ئێستا کە ئەخبارى هەندەک لەو تاجیرانە دەخینینەوە زەندەقمان دەچی، دەرین کابرایەکى تاجیر چەند تۆن برنجی لەمەخزەن هەبووە ماوەکەى بەسەرچووە و حەشەرات لێیدایە، هەستایە دەرمانى موبیداتی حەشەراتى لە برنجەکە دایە لۆ ئەوەى حەشەراتەکان لەناو ببات و برنجەکە بفرۆشیتە خەرکى.
ئەوەش زەمیر و ویژدانى تاجیرەکانى ئەوڕۆمان، ئاخر پێشم دەرێن ئەتوو لۆ ئەوەندە موشتاقى زەمانى قۆپچەی جارانى. [1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!