نادى مۆزەفین
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
کە پیاسەکى ناو #هەولێر# دەکەم، چاو بەولاو ئەولا دەگێڕم.. لەهەر کونجەک و جادەیەک، لەهەر بنە دار و کۆرانەکى، دەیان و سەتان یادگارى زەمەنە ئاڵتونییەکەم دێتەوە بیرم. تەماشاى هەر دوکانەکى قەیسەرى دەکەم وێنەى زەلامەکى ڕەسەنى جارانى هەولێرەکەم دێتەوە پێش چاو. ئەلێرە مام عارەب عارەبانەى شەربەتى مێوژەکەى ڕادەگرت. ئەلێرە لە تەنیشت مەرقەدەکەى سەید زەکەریا پلکە خەجیج مەنجەرە ماست و سەرتووەکانى دادەنا. ئەلێرە مام پیرداود تەنەکەى لەبن دیوارى باخى شار دادەنا سەرى خەرکى بە دە فلس دەتراشى. ئەلێرە سینەمایەک هەبوو ناوى سەڵاحەدین بوو. ئەلێرە چایخانەى مام هاشم بوو، ئەوەش مەتبەعەکەى مام گیو موکریانى، ئێرەش ستۆدیۆ نجوم بوو. ئەوە مەکتەبەى فاروق عەسکەرى بوو. ئێرە مارى مام حەیدەرى بوو، جێى ئەو گەسەش دوکانى مامم کانەبى عەلاف بوو. ئیدى بەو شێوەیە تەماشاى هەر لایەکى شار دەکەم یادگارییەکم بیر دەکەوتەوە. ئێستاش چاو بە هەر لایەکى دەگێڕم وێرانەیەک دەبینم. نە سینەما، نە نادى، نە شانۆ، نە ئوتێلەک، شاریان وەها وێرانکردیە دارى بەسەر بەردەوە نەمایە!. دەیانجار فرسەتم لۆ ڕێک کەتیە بچمە خاریج، بەس قەت دەستم لەو هەولێرە بەر نەبووە، کەچى ئێستا لەشارەکەى خۆمدا غەریبم!.
وەختى خۆى لەناوەڕاستى شاردا نادییەک هەبوو، ئەویش نادى مۆزەفین بوو کە ئێستا بوویتە کەلاوەخانەکەى داون تاون کە کەس بەلایەوە ناچى، چونکى مەشروعەکى فاشیلى چەند بازرگانێکى بێ عەقڵ بوو. تەمەنەکى زۆرم لەو نادییە بەسەر بردیە کە شاگردى چایخانەکەى بابى ڕەحمەتیم بووم، ئەویش لەسارى چلەکانەوە لەو نادییەدا چایخانەى هەبوو. هەموو شەوەک لەبن بەتانییەوە خەیاڵم دەبەمە سەر ئەو نادییە نازدارە، کە تاکە جێگەى خۆشى ڕابواردنى مۆزەفەکانى شار بوو. دوو قاعەى گەورە و چار حەدیقەى پڕ دار و گوڵ و گوڵزار. هەشت غورفەى گەورە. هەرچى پیاوماقوڵ و مۆزەف و ئەعیانى شار بوون لەدواى عەسران لەوێ خڕ دەبوونەوە. پۆلیسەکەى بەر دەرکا ناوى مام زرار بوو، ئیستعلامەتەکەى مام عوسمان بوو کە تەلەفۆنەکى لەپێش بوو، هەر کەسەکیان بویستبایە بە مایکرفۆن بانگى دەکرد، لەهەر قاعە و ژۆرەکى موکەبیرەکیان دانابوو. عەلى ئەفەندى کاتبى نادى بوو، سبەینان لە بەدالە و ئێوارانیش لەنادى دەوامى دەکرد. مام تۆما موتەعەهیدى نادیەکە بوو، شاگردەکانى مام عەتۆ، مام عەزۆ، پەترۆس، سالم، داود، سەباح، مام عودیش کەبابچى مام موشى برژاندن، مام بەهنام قاپشۆر، ئەوانە هەموویان خەرکى #عەنکاوە#ی بوون، لەگەر مەجید خێلە و مام ئیبراهیم. باخچەچییەکانیش مام عەزیز و مام خدر و کەریم عەجەمیش بەردەست بوو. دارە بەرزەکانى نادى هەمووى بە گلۆپى سفرى ڕەنگاوڕەنگ دادەپۆشران شەوان یەک مەنزەڕى دڵڕفینى هەبوو لەگڵۆپەکانى لاس فیگاس جوانتر. ئەو وەسفانە لۆیە دەکەم چونکى زۆربەى مۆزەفە کۆنەکانى شار ئەگەر ئێستا مابن خوا تەمەنیان درێژ کات وەکى من حەنینیان لۆ ئەوێ ڕۆژان دەچى، ئاخر لەو زەمەنە نەگریسەى ئێستادا بەس یادگارییەکان ماینە هەندەک درمان پێیان خۆش بى. چونکى شارەکەم وا وێران کرایە هیچ خۆشیەکى تێدا نەمینێ!. ڕوخاندنى ئەو نادییەش جەریمەیەکى دى بوو دەرهەق بە شارەکەمان و چووە تەنیشت سینەما سەڵاحەدین و حەمرا و سیروان و مەحکەمە و ئۆرزدى و ئوتێل فەڕەح و چایخانەى عەبۆ و دەیان شوێنى دى زەمەنە ئاڵتونییەکە.. حسبنا اللە ونعم الوکیل.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!