دیوەخانەکەى ڕەشاد ئەفەندى
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
بەقەدەر کتێب و دەستنووسەکانى ناو کتێبخانەکەى، یادەوەرى خۆشم لەگەر دیوەخانەکەى ئەفەندى (ڕەشاد موفتى) هەیە. لەسەردەمى ئەفەندى خۆیدا، دیوەخانەکەى هەموو ڕۆژەک عەسران دەرکەى دەخرایە سەر پشت، هاوینان لەحەدیقە خنجیلانەکەى خڕ دەبووینەوە، زستانانیش لە هۆڵى کتێبخانەکەى.
دیوەخانى ئەفەندى وەکى باخەکى پڕ گوڵ و گوڵزار بوو. هەموو نەوعە گوڵەکى ڕەنگاوڕەنگ و بۆندارى تێدابوو. کەسایەتییە ڕەسەن و گەورەکانى #هەولێر# لە موسوڵمان و مەسیحی و یەزیدى، کورد و عارەب و تورکمان، ئەرمەن و کلد و ئاشورى و سریان، #سلێمانی# و #شارەزوور#ى، خۆشناو و باڵەکایەتى، کرمانج و شارى، دەشتى دزەیى و کەندیناوە و #باداوە# و #سەیداوە# و #سێتاقان#، #عارەبان# و #تەیراوە# و #ئیسکان#، جولەکان و سەعدوناوە و کوران، ژووانى عەسرانیان لەو دیوەخانەیە بوو. بەکوورتى و کرمانجى دیوەخانى ئەفەندى نیشتمانەک بوو هەموو ڕەنگ و دەنگى جیاوازى تێدا دەبینراو دەبیسترا. شاهى مەجلیسیش ئەفەندى خۆى بوو. پیاوەکى خواناس و دیندار، ئەدیب و ڕۆشنبیرەکى مەزن، کەسایەتییەکى خاوەن کاریزما، قسەخۆش و گفت شیرین، مەجلیسەکانى پڕاوپڕ لەباسى ئەدەب و دین و ئەخلاق، موناقەشاتى سەنگین و پڕ بەهرە، جارجار نوکتەى خۆشیشى تێدەکەت.
ئەفەندى جگە لەکەسایەتییە بەهێزەکەیشى، خاوەن عەقلییەتەکى کراوە و هزرەکى ڕۆشنفکریش بوو، وەکى خەرکە تووندڕەوەکانى ئەو سەردەمەى ئێستا نەبوو، دڵفراوان و بەخشندە بوو. مەجلیسەکانى گەورەترین ڕۆشنبیر و بیرمەندى کوردستانى بەخۆوە دەگرت، لە تەنیشتیان نووسەر و ڕۆژنامەنووسى تازەپێگەیشتوو. لەتەک وەزیر و کاربەدەستە گەورەکانى دەوڵەت، خانەقینى کەناسى بەلەدییەش دادەنیشت. لە تەنیشت قەشەکانى #عەنکاوە# ، دوو سێ مەلا بەمێزەرەوە دادەنیشتن.
ئەفەندى سومبولەکى شارى هەولێر بوو، وەکى ئەلیازەى هۆمیرۆس و مەلحەمەى گەلگامش، کتێبەکەى لەسەر مەولودى پێغەمبەرى پێشەوا هەتا ڕۆژى قیامەت لەسەر زارى هەولێریەکان دەخیندرێتەوە.
کتێبخانەکەى سامانەکى گەورەى شارى هەولێرە، ئەگەر کەس و لایەنەک هەبى تێیدا بگەڕێ گەنجینەیەکە بنى نایە. سەدان دەستنووسى تاریخى واى تێدایە هەولێر دەباتە ترۆپکى عاسمانەوە.
دیوەخانى ئەفەندى یەکە لەدیوەخانە هەمیشە ئاوەدانەکانى هەولێر، لەدواى ئەفەندى کوڕە نازدارەکانى کاک عوسمان و ئێستاش کاک عەدنان و کەنعان و ئیحسان نەیانهێشتییە چراى دیوەخانەکەیان بکوژێتەوە. تاکە شتەکى جوان لەو شارەماندا مابیتن دیوەخانەکەى ڕەشاد ئەفەندییە.
هەزار ڕەحمەت لەگۆڕى پڕ نوورى ڕەشاد ئەفەندى موفتى.. دروود لەگیانى پاکى جوانترین کەسایەتى ڕەسەنى هەولێر.[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!