وەرە ئەی پیرە سازی هاونشینم
بشۆ ژەنگی دڵی کۆیلەی ئەوینم
وەرە ئەی شاهیدی عومری خەسارم
بناڵێنە لە دەس بەختی نەیارم
بڵێ ڕازی دەروونی پڕ لە تاسەم
بە گوێی دڵبەر بگا گرفەی هەناسەم
وەرە ئەی زەمزەمەی ئاواتەکانم
ئەوا دێوی خەفەت دەبڕێ تەکانم
لە تۆ بەم لاوە کەس نێ یاوەرم بێ
هەواداری دڵی سەوداسەرم بێ
ئەگەر تاوێ مەلی شادیم لەلایە
لەلای تۆش بەزم و هەڵپەرکێ و هەرایە
لە جەنگەی مەینەت و ڕۆژانی تاڵی
لەژێر پەنجەم لە من خۆشتر دەناڵێ
ئەگەر تیری ئەوین دەدرێ لە جەستەم
دەکەویە کێشەیەکی سەخت و حەستەم
ئەگەر خەمخۆری دایکی نیشتمانم
ئەتۆ دەیڵەی سروود و نەغمەکانم
من و تۆ تازە حەیفە لێک جودا بین
لەتەک یەکتر وەکوو ئەولاد و بابین
لەگەڵ تۆ خۆزگە حەشری من کرابا
لەگەڵ تۆ ڕوحی من کەیفەر درابا
ئەگەر ئەهلی شەفاعەت بووم و ڕەحمەت
خومار و تار بە دەست چووبامە جەننەت
ئەگەر فەرمانی سووتانم درابا
کل و پۆلوم لە تاری خۆم کرابا[1]
#1988-08-05#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#