شەوەزەنگ چەتری ڕەشی کردە پەنای دڵ بەخەمان
تا پشوویێکی بدەن کۆیلە لە دەس جەوری زەمان
چەمی باڵای سپی داری مەلە ژێرباری خەفەت
تەمەنم ڕۆیی وەکوو تیر و قەدم بوو بە کەمان
دڵەکەی پڕ کە سەروتەم لەسەرم گەش ناکا
نە بەهار و گوڵ و خونچە و نە بزەی خونچەدەمان
من لەگەڵ ئەو دڵە خانووم بە خەیاڵ داناوە
مەیە دڵبەر، مەیە تێکی مەدە خانووچکەکەمان
من و دڵ نوقمی خەیاڵاتی شەوی دەیجوورین
ئەستێرە بوونە چرامان و خەفەت شەوچەلەمان
گەڵی جاران چوومە چاکی و شەمم هەڵ کرد بۆ دڵم
نەمدەزانی شەوی ڕەش، ناکەنە ڕۆژ، نووری شەمان
حەوت ئاواتم وەکوو کۆرپە لە دڵدا ڕاژاند
شەوە پێی فێر بوو بە حەوتوێکی شتاقم بۆ نەمان. [1]
#1990-07-07#
#بەردەڕەشان#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#