ڕووم کردە چیا ڕۆژێ بە تەنیایی لە تاوت
ئێوارە بوو گازی کزە با، ئێسکی دەساوت
کێو خاڵ بەڵەک و ڕەش بوو لەدوا ڕۆژی ڕەشەممە
بای وەعدە دەهات بەفر و سەهۆڵ خۆی دەبزاوت
هاڕەی خڕ و دۆڵ هێدی دەهات و زەوی دەیگوت!
ئۆخەی دێوی زستان کە نجاتم بوو لە داوت
لووتکەی کەژی بەفرین و بەرز ڕووتەن و ڕەش بوو
پێم کوت زەوی، دەربێنە لەبەر، بەرگی دڕاوت
نەورۆز بە کەژاوەی گوڵەوە هاتەوە ئەی کێو
کانی تەقی سەرچاوە دڕا، جاری کە ئاوت
دیتم لە پڕ ئاواییەکەمان بوو بە گڕی گەش
ئاوا بێ وڵاتم بژی کیژ و کوڕی لاوت
کاتێ کە بەرەوماڵ بوومەوە ڕوانیمە بانان
هەر لاو بوو بە جێژنانە دراوی دەفراوت
پرسیم کە چ باسە چییە ئەو بەزم و هەرایە
بیستم کە سبەی بووک دێ مەیل کە، شەکەراوت
کاتێ کە سبەی دابەزی ئەو بووکی دڵ ئەستێن
سەد مەستە دڵی لاوی بە تیری دەنگاوت
جیازی لالەزارە، تازەبووک نێوی بەهارە
ئەی پێت لەسەرم سەوزەلەبووک، چەن خۆشە ناوت
هەوریش بۆ زێرەوشانت دووڕ و گەوهەری باراند
چارشێوی سپی لادە لە ڕوو هەڵبێنە چاوت
کۆتر و کەو و بولبول هەموو گۆرانی دەخوێنن
سێروو وە سەما کەوتوونە، وا دێنە سڵاوت
عالەم هەموو دڵخۆشە لە تەشریفی موبارەک
جێژنی قەدەمیان گرتووی بە کولێچە و قاوت
قوربانی کەوت بم ئەی کەژ و کێوی بە هەیبەت
ئەو وەرزە دەگەڵ شەنگە کوڕان چەن خۆشە ڕاوت[1]
#1983-03-20#
#بەردەڕەشان#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#