زستانە سپای سەرما و سۆڵ
گەمارۆی داوە دەشت و دۆڵ
دارە گوێزی بەفر لە کۆڵ
ئێستا گوێزی بوونە سەهۆڵ
دێوە سپی کەوتە تەلان
بەرەو گەرمێن ڕۆیین مەلان
داندرا کورسییەکەی چەلان
هاتەوە وەختی شەوچەلان
دیوەخان گەرم بوون دیسان
سۆبە هاتنەوە مەجلیسان
بەرز بوو دەنگی مشاران
قرچ و هۆڕ کەوتە نێو داران
شەختە دای لە ڕەز و مێوان
مەڕ گەڕانەوە لە کێوان
بێڵ و وەروەرە ژیانەوە
پەنکە و یەخچاڵ کوژانەوە
گران بوو نرخی کڵاوان
بوو بە گرمە و گەمەی لاوان
ئەسپی ڕاوی لە سەف دران
تاژی ڕەسەن ڕستە کران
مامز هەستا لە گەرمەلان
خۆشی بەرەو ڕژد و تەلان
چەپڵە و گوڕڕەی شۆڕەسواران
دەشتی پڕ کرد وەکوو جاران
ڕاستی ئەگەر زستان دادێ
کانگایەکی گەرمە لادێ
دوور لە گرمەگرمی شاری
پڕ لە سەفا لە هاوکاری
سەد ژینی ماشێنی دێنێ
سەت خەمت بێ یەک نامێنێ
تامی قاورمەی زستانێ
کوا خەڵکی شاری دەیزانێ
خورمای جۆرابێنێ سادەم
بە لەتیفەی شاری نادەم
سەیری کۆسە و میرمیرێنێ
سەت فیلمی فێڵاوی دێنێ
لە دێی، زەبروزەنگی زستان
ڕادەبرێ وەک شەوی مەستان
بەفری لەگلەگ و پیرێژن
با داخی خۆیان بڕێژن
ئاخری بەهار هەر دێتەوە
ڕووی ڕەژیی پا نابێتەوە
ئاخری شەماڵ بە ناڵەناڵ
ڕادەپەڕێ لە بەفری زاڵ
دەخوشێ سێڵاوی دەشت و دۆڵ
قرچە دێ لە پشتی سەهۆڵ
لمبۆزی لە خۆڵ وەردەدەین
ئاوری کاوەی تێ بەردەدەین
بەفری پەسار دەتوێنەوە
کانیاوی ڕوون دەژێنەوە
شیلانی سوور دەڕوێنەوە
کۆترە پەڕیوە دێنەوە
[1]
#1994-01-15#
#مەهاباد#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#