بە ڕووزەردی لە ڕێبازی ژیان ماندوو و شەکەت ماوم
بزەی بەزم و نەشەی شادی وەکوو خەو دێتە بەرچاوم
ئەگەرچی نەوبەهارە و دەس لە گەردن ڕوو لە سەیرانن
بەڵام من هەر لە بەحری مەینەتی تەنیایی خنکاوم
سکاڵای دڵ بەرم بۆ کێ؟ لە باری مەینەتم کەم کا
سپای گەردوون بە نامەردی گوڵی ئاواتی شێلاوم
ژیانی چی، خەیاڵ و خەونی ئاڵۆزە بنەی نایە
دەڵێم مردووم لەژێر ئەو بارە، نازانم چلۆن ماوم
چەمەنزاری تەمەن لێم بۆتە کۆمای ژیلەموی بێ تین
دەخوازم ئارەزووی مەرگێک، لەنێو گوڵزاری سووتاوم[1]
#1984-11-02#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#