لە دارستانی ڕۆژێک ڕادەبوردم
کە دیم کۆترێک لە چەنگ بازێک دەناڵی
لەپڕ دیلی هەڵۆ بوو بازی ڕاوچی
ڕژا سەر لاشی کۆتر، کلک و باڵی
لە داوێنی کەژا چالاکەلاوێک
کە بەبری پەنجەخوێنین لێی ڕەویبوو
لەگەڵ جووڵانەوە و تەقەی تفەنگێک
هەڵۆی تیژفڕ سەرەوژێری زەوی بوو
قوماری قورسی گەردوونی جەفاکار
گەلێ ئەسکەندەری کێشایە زنجیر
دەمێک نێچیر دەداتە دەستی ڕاوچی
دەمێک ڕاوچی بەهێز دەکرێن بە نێچیر
لە بیرت بێ بە نسحەت، لاوی ساکار
بە چالاکی عومر کە، نەک بە سستی
تراویلکەی ژیان هەر سەردەمێکە
بە سەربەرزی بژی، دوور بە لە پەستی[1]
#1989-12-05#
#مەهاباد#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#