ئەو هەوری لە ئاسمانی دڵا خۆشە ببارێ
ڕێژنەی خەفەت و تەنگدڵی بڕژێنی بە جارێ
دڵ هەر وەکوو باڵندەیەکی لانە بڵاوە
کەوتۆتە دەمی تیژی هەڵۆیەک لە پەسارێ
دەستی ڕۆژگار لاپەڕی شوومی وەرەقێک بوو
سەرمایەیی ژینی منی دۆڕاند بە قومارێ
کەوتوومەتە ئامێزی سڕی خاک و دەناڵم
کەس نییە لە لەشی بێ ڕەمەقم دەربێنی خارێ
هەوری ڕەشی حەسرەت لەسەر ئاسۆی منی شێواو
دیسان پەڵەیی مەینەتی دا، هاتە خوارێ
شیبای سڕی پائیز لە بەیانێکی بەهاری
لێی دا، لە گوڵستانی تەمەن بردی بە جارێ
پەروانەیەکی وێڵی چرای تاوڵی مرادم
لاشەی شەکەتم ماوە لەسەر خاڵی هەوارێ
چۆن بوو کە لەپڕ تیری فەلەک دای لە سەری من
خۆ من نە هەڵۆ بووم و نە چووبوومە شکارێ[1]
#1984-06-19#
#مەهاباد#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#