جەغەتوو خوێنی دڵی کۆساران
جەغەتوو ساقی گوڵ و گوڵزاران
جەغەتوو کانی دوڕ و مرواری
جەغەتوو شوێنی دڵ و دڵداری
جەغەتوو ئەشکی ڕنووی کوێستانان
جەغەتوو شەربەتی دارستانان
جەغەتوو شاهیدی سرتەی ژوانان
جەغەتوو کۆنە هەواری جوانان
جەغەتوو قاسیدەکەی دڵداران
ئەرێ هەر ماوە دەراوی جاران
ئەو گوڵانەی کە ئیلاهەی نازن
دێن و لێت تەڕ دەکەن دەست و بازن
وەرە بۆ خاتر خوڕەی سخرچاوە
قاشە ماسی کە منت پێ ماوە
گوڵەکەی خۆم دێتە ئەم دەم ئاوە؟
بڕەوێنێ خەوی ئەم دوو چاوە
جەغەتوو لایەقی چۆک دادانی
جێی نەجیبان و نەجیبزادانی
من لەدووی ماسییەکەی خۆم وێڵم
وەکوو تۆ گەﮪ ڕوونم و گەﮪ لێڵم[1]
#1995-03-26#
#بەردەڕەشان#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#